خەرمانانی ١٤٠١ – سێپتامبری ٢٠٢٢
(بەشی یەکەم)
پلینۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە دوازدە و سێزدەی خەرمانانی ١٤٠١، بەرابەر لەگەڵ سێ و چواری سێپتامبری ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو. پلینۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم دەستی بە کار کرد. ئەم کۆبوونەوە بەرینە بە حزوور و بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو. دەستووری جەلەساتی پلینۆم بەپێی ڕەواڵ بریتی بوو لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە، ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی کۆمیتە و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان، پێڕاگەیشتن بە قەرارەکان و ئارایش و دابەشکاریی ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندی. لە باسی ڕاپۆرتی سیاسیدا بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە لەم دوایانەدا پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بەڕێوەچووبوو و تێیدا بە وردی باسی باروودۆخی سیاسی جیهان و ئێران کرابوو، پلینۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، لە باسی سیاسیی خۆیدا تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ئێران، بەتایبەت باروودۆخی سیاسیی کوردستان و بۆ جارێکی دیکە لەسەر هەڵوێست و ئەولەوییەت و ئەرکەکانی کۆمەڵە تەئکیدی کرد.
سەبارەت بە ئەوزاعی ئێران، پلینۆم ئاماژەی کرد بە ناڕەزایەتیی بەرین دژبە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەخاتری کەم ئاوی و گرتنەبەری سیاسەت و بەرنامەگەلێک کە بوونەتە هۆی وێرانکردنی ژینگەی ئێران. سیاسەتی دژی ژینگە و نابەرپرسبوونی دەسەڵاتی ئیسلامی لە کەڵک وەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە ئاوی سەتحی و ژێرزەمینی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بێوێنەی ئاوەکانی ژێر عەرز، وشکبوونی ئاوی کانییەکان و زۆرێک لە ڕووبارەکان. گواستنەوەی ناکارناسانەی ئاو لەلایەن دەوڵەت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بووەتە هۆی تێکچوونی تەعادولی سیکلی ئاو و کەم ئاوی لە زۆرێک لە ناوچەکان. کەمبوونەوەی کارەساتباری ئاوی دەریاچەی ورمێ بەهۆی بەرنامەی قازانجپەرستانەی ڕێژیم، هاوسەنگیی ژینگەی ناوچەکەی تێکداوە. کارەساتی کەم ئاوی، بووەتە هۆی کەمبوونی تەنانەت ئاوی خواردنەوە لە زۆرێک لە شارەکان و لەوانە لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان. ئاراستەی قازانجپەرستانە و ئەمنییەتیی حکوومەتی ئیسلامی لەئاست مەسەلەی ئاو، زۆرێک لە شارەکانی ئێرانی لەگەڵ کێشەی کەم ئاوی بەرەوڕوو کردووە و بووەتە بەستێنێک بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری. ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری کورد دژبە بێ ئاوی بەرەو شارەکانی دیکە لەوانە هەمەدان، ورمێ و شوێنەکانی تر پەرەی سەند. خامنەیی و کارگێڕانی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی و ئیمامانی جومعەش لە بڵینگۆکانیانەوە بەوپەڕی بێشەرمییەوە چاوی خۆیان بەسەر ئەم کارەساتانەدا دەبەستن و بە درۆ تاریفی پێشکەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک لە دەورەی یەک ساڵەی سەرۆک کۆماریی ڕەئیسیدا دەکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەر لەم یەکساڵەی سەرۆکایەتیی ڕەئیسیدا، حکوومەتی وەرشکستە و قەیران لێدراوی کۆماری ئیسلامی بەرامبەربە نەخۆشیی وەبا کە بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاودێرکردنی سەوزییەوە سەری هەڵداوە، داماو و بێتوانا بووە. بەهۆی سیاسەتی دژەئینسانی و بایەخ نەدان بە سڵامەت و ژیانی هاووڵاتییان و بێ کەفایەتیی حکوومەتی ئیسلامی، نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران هێستاش ڕۆژانە دەیان کەس دەکاتە قوربانی. هەروەها ئەم دەسەڵاتە لە بەرامبەر باقیی ڕووداوە سرووشتییەکان لەوانە ئاگرکەوتنەوەی بەرین لە دارستانەکان و لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران، عاجز و بێ کەفایەت بووە و خەڵک ناچار بوون بە ئیمکاناتی سنوورداری خۆیانەوە بەرەنگاری ڕووداوە سرووشتییەکان ببنەوە و هەر بەم هۆیەوە خەسارەت و تەڵەفاتی زۆریان بەرکەوتووە.
دەوڵەتی ڕەئیسی بە سیاسەتی لابردنی دراوی تەرجیحی بۆ هاوردەکردنی هێندێک کاڵای سەرەکی، بەشێوەیەکی بێوێنە نرخی خۆراکەکانی بردووەتە سەرێ و گرانی و تەوەرومێکی هەوسارپچڕاوی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. تەوەرۆمی هەوسارپچڕاو، گرانی، پەرەسەندنی بێکاری، برسییەتی و باروودۆخی فەلاکەتباری ژیان، و چەوساندنەوەی زیاتر لە شوێنەکانی کار بووەتە هۆی ئەوەیکە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دیاردەی خۆکوژی و خۆسووتاندی لاوان بەتایبەت ژنان و منداڵانی کار و شەقام بۆ ڕزگاری لەچنگ ئەم وەزعییەتەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەریدا سەپاندوون بەشێوەی بەرچاو زیاد بکات. ئاماری پێوەندیدار بە خوکوژیی زیاتر لە دە کرێکار لەماوەی دوو مانگ و نیودا و مەرگی دڵتەزێنی نزیک بە ٣٠ کرێکار لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا نیشانەکانی ئەم باروودۆخە نالەبارەن. هەڵبەت ئەم ئامارانە هەموو ڕووداوە مەرگبارەکانی کرێکاران لەو مەودا زەمانییەدا نیشان نادەن. لەبەر ئەوەیکە زۆرێک لە ڕووداوەکانی کار کە ڕۆژانە لە کارخانە و کارگە و باقیی ناوەندەکانی کار ڕوو دەدەن، تۆمار ناکرێن.
سەرانی حکوومەتی ئیسلامی بەخاتری عەواقیب و دواهاتی وەزعییەتی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی هەست بە مەترسیی جیددی دەکەن و هەربۆیە هەموو ڕۆژێ بە دەرکردنی قەرار و بڕیارنامە، دەست دەدەنە هەڕەشەکردن و خەت و نیشان کێشان دژبە نووسەران، هەواڵنێران، ڕۆژنامەنووسان و خاوەنانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، قازییەکان، پارێزەران، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و مرۆڤە خەباتکار و ئازادیخوازەکان. ئەم هەوڵانە و وەڕێخستنی شەپۆلی بەرینی دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەتایبەت ژنانی خەباتکار و شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە سەرانسەری ئێران، لە خزمەت پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لەئاستی کۆمەڵگەدایە. دەزگای قەزایی ڕێژیم، بەیانی واقعییەتەکانی پێوەندیدار بە باروودۆخی دژواری ژیانی خەڵک، “ناهومێدکردن و دڵساردکردنەوەی خەڵک لە نیزام” ناو لێدەنێت و بۆ ئەم بابەتەش زیندان و سزای ماڵیی قورس دیاری دەکات. لەم دوایانەشدا لەڕێگەی ناردنی نامەیەکەوە بۆ زیندانەکان، فەرمانی خێراترکردنەوەی ئێعدامەکانی دەرکردووە. بەڵام ئەم ڕەفتارە جەنایەتکارانەیە نەتەنیا نەبووەتە هۆی ترس و وەحشەتی کۆمەڵگە، بەڵکوو شەپۆلی ناڕەزایەتیی دژبە سزای ئێعدام لێ کەوتووەتەوە. بێگومان پەرەپێدانی سەرکوت و ئێعدام، ترسی ڕێبەرانی حکوومەتی ئیسلامی لە وەڕێکەوتنی ڕاپەڕینی جەماوەری نیشان دەدات کە درەنگ یان زوو بارگە و بنەی ئەم دەسەڵاتە ڕادەماڵێت.
گەمارۆکان و گەڕانەوەی دووبارەی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مێزی دانوستانی بەرجام لە مانگی ڕابردوودا، خاڵێکی دیکە بوو کە لە ڕاپۆرتی سیاسیی پلینۆمدا باسی لێکرا. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە هۆکاری گەڕانەوەی کۆماری ئسیلامی بۆ ئەم دانوستانە لەلایەکەوە نیگەرانی لە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری خەڵک دژبە قەیرانی بێکاری، گرانی و باروودۆخی فەلاکەتباری ژیان بوو، و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیم لای وابوو کە بەخاتری ڕەقابەت و کێشمەکێشی نێوان دەسەڵاتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لەگەڵ ڕووسیە و چین، ئیمکانی مانۆڕی زیاتری بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لە ڕۆژاوا بۆ دەخوڵقێت و دەتوانێ سەهمێکی زیاتر لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا بەدەست بێنێت. بەڵام ئەم لێکدانەوەیەی کۆماری ئیسلامی وەدی نەهات. ئەمریکا و دەوڵەتانی (١+٤) حازر نەبوون ئیمتیازی زیاتر لە ساڵانی پێشوو بدەن و گەمارۆکانیان هەروا لە جێگای خۆی هێشتەوە. ئاشکرایە کە زیانی واقعی و عەینیی گەمارۆی جەنایەتکارانەی ئەمریکا و ڕۆژاوا بەر لە هەمووان لەسەر ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کاریگەریی بووە. بوونی گەمارۆی ئابووری تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی بووە و لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداری و پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانیش ناتوانێت قەیرانی ئابووری چارەسەر بکات. بەڵام کۆماری ئیسلامی ساڵەهایە بە بیانووی بوونی گەمارۆی ئابووری، ژیان و بژێوی کرێکاران و باقیی توێژە بێبەشەکانی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە. ساڵەهایە باندە مافیاییەکانی ڕێژیم و دەست و پێوەندەکانی، بەبیانووی دەورلێدانەوەی گەمارۆکان تەجارەتی خۆیان دەکەن و ملیاردها دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵک تاڵان دەکەن. لە ئەگەری ڕێکەوتنی ناوەکیدا، ڕێژیمی ئیسلامی لەوە زیاتر ناتوانێت لە گەمارۆ ئابوورییەکان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گوشاری دەرەکی وەک تاکتیکێک بۆ ئەمنییەتی کردنی کۆمەڵگە و داسەپاندنی هەژاری و نەهامەتیی زیاتر بەسەر خەڵک کەڵک وەربگرێت. لە وەها باروودۆخێکدا ئاستی چاوەڕوانیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەچێتە سەرێ و لە خەبات بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان پێداگرتریان دەکات.