فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
خەرمانانی ١٤٠١ – سێپتامبری ٢٠٢٢
(بەشی سێهەم و کۆتایی)
سێشەممە ۲۹-۰۶-۱۴۰۱   |  20-09-2022

پلینۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨، کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە دوازدە و سێزدەی خەرمانانی ١٤٠١ بەڕێوەچوو لە درێژەی باسەکانی خۆیدا تیشکی خستە سەر ئەولەوییەتی کار و چالاکیی کۆمەڵە لەم دەورەیەدا. لە پێوەند لەگەڵ باروودۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران و کوردستان لە پلینۆمدا بۆ جارێکی دیکە لەسەر ئەم بابەتە تەئیکید کرا کە تەشکیلاتی کۆمەڵە وەک ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیست، تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی مەزنی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگە دەتوانێ ستراتێژی سۆسیالیستیی خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا بەرەوپێش بەرێت. بەڵام پێشڕەویی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە لە گرەوی ڕێکخستن دایە. کرێکارانی کوردستان بە بێ ڕێکخراوەی جەماوەری و چینایەتیی خۆیان و بە بێ تەحەزوب نەتەنیا ناتوانن پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان زەمانەت بکەن و لە بەهێزکردنی بەدیلی سۆسیالیستی لەئاستی سەرانسەریدا یارمەتیدەر بن، بەڵکوو ناشتوانن لە خەباتی ڕۆژانەدا خواستەکانی خۆیان بەسەر خاوەنانی کار و دەوڵەتی پشتیوانیاندا بسەپێنن. ژنانی ئازادیخوازی کوردستان ئەگەر نەتوانن ڕیزەکانی خۆیان لە ئاستی جەماوەریدا ڕێک بخەن و ڕێکخراوەی جەماوەریی سەرەبەخۆ لە دەوڵەت پێک بێنن، نەتەنیا ناتوانن پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان زەمانەت بکەن بەڵکوو تەنانەت ناشتوانن توانا و زەرفییەتە واقعییەکانی خۆیان بۆ پاشەکشەپێکردن بە فەرهەنگی پیاوسالاری و سیاسەتی دژەژنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەکار بێنن. خوێندکاران ئەگەر نەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە خەباتی ڕێکخراوی مامۆستایان، شۆرا و ناوەندەکانی خەباتی خۆیان پێک بێنن، ناتوانن ڕۆڵی ڕاستەقینەیان بێت لە بەهێزکردنی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەی چەپی کۆمەڵگە. مامۆستایان وەک بەشێک لە چینی کرێکار و بەشێک لە کۆمەڵگەی مامۆستایانی ئێران بە ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان، سەرەڕای کەموکۆڕییەکانیان، بە بەشداریی بەرچاو لە مانگرتن و ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکاندا ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگریان بووە لە پاشەکشەپێکردن بە دەستدرێژیی ڕێژیم بۆسەر ژیانیان و بەهێزکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران. نەتەنیا خوێندکاران بەڵکوو پێویستە باقیی بەشەکانی دیکەی چینی کرێکار لە کوردستان لە ئەزموونی مامۆستایان دەرس وەرگرن. لە باروودۆخی ئێستادا هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە لە ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان، نابێ لە هیچ هەوڵێک بۆ ڕێکخستی کرێکاران دەریغ بکەن. چالاکان و هۆگرانی کۆمەڵە کە لە تۆڕێکی بەرینی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و خەباتکارانەدا بە بەرینایی شار و گوندەکانی کوردستان پێکەوە پەیوەند دراون و لە کارخانە و کارگە و شوێنەکانی کار و ژیانی کرێکاراندا حزووریان هەیە و پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیکیان لەگەڵ کرێکاران هەیە، دەتوانن خێرایی ببەخشن بە ڕەوتی ڕێکخستنی کرێکاران و جەماوەری ژنانی ستەملێکراو لە کوردستان. لە باروودۆخی سیاسیی ئێستادا و بە سەرەنجدان بەوەیکە هاوسەنگیی هێزی چینایەتی بە قازانجی خەباتی کرێکاری و جەماوەری گۆڕاوە، زەمینە بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی چنیایەتی و جەماوەریی سەربەخۆ لە دەوڵەت زیاتر لە ڕابردوو ئامادەیە. تەنیا بۆ نموونە هەوڵی ڕێکخراو بەئامانجی پێکهێنانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، پێکهێنانی سەندیکای کرێکارانی نانەوایی سەربەخۆ لە ناوەندەکانی دەوڵەت لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، پێکهێنانی شۆرای کرێکارانی بێکار و پێک پەیوەست بوون و پەیوەندییان لە کۆنفدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کرێکارانی کوردستان، پێکهێنانی کۆمیتەی گەڕەکان بە بەشداریی ژنان و پیاوانی خەباتکار بەتایبەت لە گەڕەکە حاشیەنشینەکانی شارەکان، چەند بوارێک لە چالاکین لە زەمینەی ڕێکخستنی جەماوەریی کرێکاراندا کە پێویستە بەشێوەی نەخشەمەند بخرێتە دەستووری کارەوە.
هەوڵ بۆ پەرەپێدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە شارەکانی کوردستان یەکێک لە گرینگترین ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵەیە. لەم پێوەندەدا تەنیا بە ئامادەگییەوە بەرەوپیری دەرفەتەکانەوە چوون بەس نییە، بەڵکوو دەبێ دەرفەتەکان بخوڵقێندرێن. لە باروودۆخی ئێستای کوردستاندا بەهۆی پەرەسەندنی بێکاری، گرانیی سەرسووڕهێنەر و هەژاریی بێوێنە و بێ مافییەک کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆربەی جەماوەری خەڵکیدا سەپاندووە، زەمینەی بابەتی بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بوونی هەیە. هەوڵی نەخشەمەند بۆ بەرپاکردنی بزووتنەوە لەدژی بێکاری لە شارەکانی کوردستان، خەبات دژبە نەبوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی بەتایبەت لە پەراوێزی شارەکان، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژبە یاسا و سیاسەتی دژی ژنی کۆماری ئیسلامی، خەبات لەدژی وێرانکردنی ژینگە و … خاوەن بەستێنی بابەتین. لە ڕێگەی پێکهێنانی ئەم بزووتنەوانە و پەرەپێدان بەم ناڕەزایەتییانەیە کە زەمینەی ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش فەراهەم دەبێت.
یەکێک لە ئەرک و ئەولەوییەتەکانی تر کە پێویستە لەسەری تەئکید بکرێت، هەوڵی ڕێکخراوە بۆ ئەوەیکە بەدیلی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک ببێتە وتارێکی بەهێز لەناو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری هاتنە ئارای دۆخێکی شۆرشگێڕانە لە ئێران، مەسەلەی پێکهێنانی بەدیلی دەسەڵات بووەتە بابەتێکی گرینگی سیاسی. لە وەها باروودۆخێکدا هەوڵ بۆ جێخستنی وتاری دەسەڵاتی شۆرایی و زاڵبوونی ئەم وتارە لەناو کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگە، بۆ ئێمە بابەتێکی بەردەوامە و نابێ تەعتیل بکرێت.
هەوڵی پەیگیر بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەپێناو پێکهێنانی بلۆکی بەهێزی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان یەکێکی تر لە ئەولەوییەتەکانی کاری ئێمەیە. لە باروودۆخێکدا کە جەرەیاناتی ناسیۆنالیست بۆ بەرەپێشبردنی سیاسەت و ستراتێژی خۆیان لە کوردستان بۆ لێک نزیک بوونەوە و هاوکاری لەناو هاوپەیمانانی خۆیاندا کەوتوونەتە هەوڵ و تەقەلاوە، بۆ کۆمەڵە و باقیی جەرەیاناتی کۆمۆنیست لە کوردستانیش، هەوڵ بۆ یەکڕیزی و پێکهێنانی بەرەی چەپ و سۆسیالیستی بەئامانجی بەرەوپێشچوونی ستراتێژی، زەروورییە.
ڕێبەریی کۆمەڵەش لە باروودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ئێستادا پێویستە هەموو زەرفییەتەکانی خۆی بخاتە خزمەت بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆژانەوە. تەنیا بە بەشداری و دەخاڵەتی چالاک لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدا دەکرێت لەپێناو ڕێکخستنی ئیرادەی جەماوەری ناڕازی و پەروەردەکردنی ڕێبەریی شۆڕشگێڕ هەنگاو هەڵبگیرێت و بە بێ حزوور و بەشداریی چالاک و بەردەوام و هاوئاهەنگ لەم بزووتنەوانە، دەورونەخش نواندن لەم بوارەدا مومکین نییە. کۆمەڵە لەو ڕێگەوە دەتوانێت بۆ کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێک بێت کە ئارمان و ئاوات و بەرژەوەندی چینایەتییان لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگەدا نوێنەرایەتی بکات و خۆی بەرامبەربە کێشە و گرفتەکانی سەر ڕێگای ژیان و خەباتی کرێکاران بە وڵامدەرەوە بزانێت.
پلینۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، بەشێکی تر لە دەستووری جەلەساتی خۆی تەرخان کرد بە ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانەکانی کۆمەڵە کە بریتین لە: تەشکیلاتی شارەکان “تەکش”، سایتی کۆمەڵە، گۆڤاری پێشڕەو، نوێنەرایەتیی کۆمەلە لە دەرەوەی وڵات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پڕۆژەی هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی هاوکاریی نێوان هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، تەلەڤیزیۆن و بەشی ماڵی. لەم بەشەدا ڕاپۆرتی چالاکیی ئۆرگانەکان بەنووسراوە و بەشێوەی شەفاهی بە ئاگاداری پلینۆم گەیەندرا و درانە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
دوایین دەستووری جەلەسەی پلینۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ئارایش و ڕێکخستنی ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان بوو. لەم بەشەدا سەرەتا تیشک خرایە سەر ئارایش و ڕێکخستن بەگشتی و پاشان ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە ئۆرگانە تەشکیلاتییەکاندا سازمان دران و یان لە ئۆرگانی خۆیاندا مانەوە. لەم پلینۆمەدا هاوڕێ حەسەن شەمسی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردرا. پلینۆمی دووهەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە دوای دوو ڕۆژ کاری چڕوپڕ بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ کۆتایی بەکاری خۆی هێنا.

کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

خەرمانانی ١٤٠١
سێپتامبری ٢٠٢٢