بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٥ ژن لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی لەسێدارە دراون، ٢٢ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ٥ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە حوکمی بەندکران و دوو چالاکی ژنیش، حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانیکەم ٢٠ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە کە ٢٥٪ی ئەو حاڵەتانە بە پاساوی پاراستنی نامووس بووە.
پێویستە ئاماژە بکرێت، دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە ڕەوتی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەخت تری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.