لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینییدا، لانیکەم ٧٤ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. ئەم ڕێژەیە بە بەراورد کردن بە مانگی جولای بە ڕێژەی ٢١ لەسەد زیادی کردووە. جێگای ئاماژەیە، لەمانگی جولای ٦١ حاڵەتی لە سێدارەدان تۆمارکرابوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٧٤ حاڵەتی لەسێدارەدانی بەندکراوان لە زیندانەکانی ئێراندا تۆمارکراوە. لەم ڕێژەیەدا ٥٣ بەندکراو بریتین لەو بەندکراوانەی کە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون. هەروەها لەم مانگەدا سزای سێدارەی سێ بەندکراوی ئەفغانستانی، منداڵێکی خەڵکی کۆیەشت بەناوی “محەممەد جەواد ئەکبەری” و ژنێک بەناوی “ڕوقیە عابدینی” خەڵکی تەورێز جێبەجێ کراوە. لەم ئامارە زۆرترین ڕێژەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو تایبەت بووە بە بەندکراوانی تۆمەتبار بە “تاوانە پەیوەندیدارەکان بە مادەهۆشبەرەکان” بە تۆمارکردنی ٥٣ حاڵەت و ١٥ حاڵەتیش بەندکراوانی تۆمەتبار بە کوشتنی بە ئەنقەست پێکهاتووە.