فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی سۆعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ورمێ
دوشەممە ۰۵-۰۶-۱۴۰۳   |  26-08-2024

سۆعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لەگەڵ منداڵە بچووکەکەی، ماوەی دوو ساڵ و دە مانگ و ١٢ ڕۆژی ڕابردوویان بە بەندکراوی تێپەڕ کردووە. ناوبراو مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، یەک لە سەر چواری ماوەی بەندکرانەکەی کە ١٢ ساڵە تێپەڕ دەکات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سۆعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار لەگەڵ منداڵە دوو ساڵ و دوو مانگانەکەی، ئاڵا، بەبێ پێدانی مافی مورەخەسی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ دا ڕاگیراون. شایانی باسە، ئاڵا (سۆلینا) لەم دواییانەدا بەهۆی پیسیی ژینگەی زیندان، نەبوونی سیستەمی فێنکەرەوەی گونجاو و گەرمای بەتینی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، تووشی هەستیاریی پێستی بووە و بەرپرسانی زیندان لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوە ڕێگرییان کردووە. سۆعدا خەدیرزادە پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مەهاباد، بە تۆمەتی “هاوکاریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران” و “ئەندامێتی لەیەکێک لە حزبە نەیارەکانی ڕژیم”، حوکمی ١٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ١۵ی خەرمانانی ١٤٠١، بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندرا. سۆعدا خەدیرزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٨، لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترابوویەوە.