بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “محەممەد بیرداڵ” تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی شاری دوبایزدی کوردستانی تورکییە، کە لە زیندانی ناوەندیی ماکۆ ماوەی ٤ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات، سەرەڕای تێپەڕبوونی هەزار و ١٣ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانەکەی، بەبێ کەڵکوەرگرتن لە مافی مەرەخەسی لەو زیندانە هەروا لە بیلاتەکلیفی دایە.
ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠، لە کاتی گەڕانەوە بۆ تورکییە لە سنووری بازرگان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ گواسترابوویەوە و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو. محەممەد بیرداڵ مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ماکۆ بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) “، “هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی” و “دابین کردنی سەرچاوەی ماڵی بۆ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن”، سەرجەم حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زۆرترین حوکم، واتە حوکمی ٤ ساڵ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.