بەپێی زانیارییەکان، کەماڵ شەریفی تەمەن ۵٢ ساڵ و بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز کە حەڤدەیەمین ساڵی بەندکرانی خۆی تێپەڕ دەکات، تا ئێستاش لە مافی مەرەخەسی و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە.
نوێترین ڕاپۆرت لەسەر بارودۆخی کەماڵ شەریفی، نیشان دەدات ددانەکانی ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجەدران و لێدانی بەردەوامی لە کاتی دەستبەسەربوون و لێپرسینەوەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتدا، شکاوە و پێویستیان بە پێڕاگەیشتنی خێرایە. شایانی باسە، کەماڵ شەریفی لە ساڵانی ١٣٩١ و ١٣٩٩ تووشی جەڵتە و ڕاوەستانی دڵ بوو کە جاری یەکەم بەشی ڕاستی جەستەی توانای جووڵانەوەی لەدەستداوە و جاری دووەم، لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەندەرعەباس نەشتەرگەری بۆ کراوە. جێای ئاماژەیە، ناوبراو لە دادگایەکی ۵ خولەکی و لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سەقز بە تۆمەتی “موحاڕبە لە ڕێگەی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان”، حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپێندراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، کەماڵ شەریفی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۵ی جۆزەردانی ١٣٨٧، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و هەر لەو ڕۆژەدا بە فەرمانی داواکاری گشتیی شاری سەقز بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترایەوە. ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٣٨٨، بۆ زیندان ناوەندیی میناب گواسترایەوە و لەو کاتەوە بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش کراوە.