ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانان، فەرامەرز بەراهوویی تەمەن ١٥ ساڵ و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانی هەینی خوێناوی زاهیدان، دەستبەسەر و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ٦ مانگ حوکمەکەی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی خوڕاسانی ڕەزەوی گواسترایەوە.
بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی حاڵ وەش کە هەواڵی تایبەت بە بەلووچستان بڵاو دەکاتەوە، ئەم تازەلاوە کە ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکانە لەم دوایانەدا لە لایەن دادگای تایبەتی منداڵانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە زانیارییەکی ورد لەسەر ئەو تۆمەتانەی بەسەر ناوبراودا سەپێندراون لەبەر دەستدا نییە. فەرامەرز بەراهوویی لە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژی پارەکە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری توربەت حەیدەریە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆنی و بە شێوەیەکی کاتی هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.