بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەز، ئومێد حامیدی، مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی شاهیدی کامیاران دەستبەسەر کرا.
دەستبەسەرکرانی ناوبراو لە شوێنی وانەگوتنەوەکەیدا ڕووویداوە و هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکرانی ناوبراو، گواستوویانەتەوە بۆ ماڵەکەی و لەدوای پشکنینی تەواوەتی ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلەکانیدا داگرتووە. پێشتر، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سەرماوەز، حەمید عەزیزی، دەرچووی دکتۆرای بەشی زانستە پەیوەندی و میدیاییەکانی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران و لە مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کامیاران، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ حیراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز، عەبدوڵڵا کەریم گوڵان و ئازاد خادم، دوو مامۆستای خەڵکی شاری سەقز لەو شارەدا دەستبەسەر کران.
شایانی باسە کە، عەبدوڵڵا کەریم گوڵان ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندان ئازاد کراوە و ئەو سێ مامۆستای دیکە لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکانی سنەدا ڕاگیراون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو مامۆستایانە لەبەر دەستدا نییە.