“موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی”، چوار بەندکراوی سیاسی کە ساڵێک لەمەوبەر لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوون، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسیانەوە لەبەردەستدا نییە.
بەپێی زانیارییەکان، “موحسین مەزڵووم”، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، “محەممەد فەرامەرزی” تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێهگولان، “وەفا ئازەربار”، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان، “پژمان فاتیحی”، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کامیاران، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین مافی بەندکراوێکی سیاسی، هەتا ئێستا لە ناوەندە ئەمنییەکاندا دەستبەسەرن و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدانییە. لە مانگی گەلاوێژی پارەکە، میدیاکانی سەر بە حکومەت لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردبووەوە کە چوار بەندکراوی سیاسی لە کاتێکدا کە “چەکداربوون و ویستوویانە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان بتەقێننەوە” دەستبەسەر کراون. هەروەها کەناڵەکانی حکومەت، لانیکەم دوو جار دانپێدانانی زۆرەملێی “موحسین مەزڵووم”، “محەممەد فەرامەرزی”، “وەفا ئازەربار” و “پژمان فاتیحی”یان بەشێوەی ڤیدییۆیی بڵاوکردبووەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە، بەشێوەیەکی بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوەندەکانی حکوومەت دان، بەشێوەیەک کە “ئەفسانە یوسفی”، دایکی پژمان فاتیحی چەند جارێک لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە بانگکراوە و وێڕای ئازاری جەستەیی و دەروونی هەڕەشەی بانگکران و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لێکراوە.