ڕاگوێزرانی باپیر بەرزە بۆ زیندانی ناوەندی نەغەدە
شەممە ۲۳-۱۰-۱۴۰۲   |  13-01-2024
ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار، “باپیر بەرزە” خەڵکی گوندی “چیانە”ی سەر بە شاری پیرانشار، پاش ئەوەی کە لە لایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکان لەو شارە بانگ کراوە، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری نەغەدە کراوە.
ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم”، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
باپیر بەرزە ڕۆژی سێشەممە ١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.