خەڵکی خەباتکار، هێزە پێشکەوتنخوازەکان و جەماوەری ئازادیخواز!
گیانی هەزاران بەندکراوی سیاسی لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەترسی دایە. ئەوان پێویستیان بە پشتوانیی بێ دەریغی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و خەباتکەرە، بەتایبەت پێویستیان بە پشتیوانیی هەمە لەلایەنەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێرانە. پێویستە بەندکراوانی سیاسی بەتەنیا نەهێڵینەوە. پێویستە پشتیوانیان بین. با بۆ دیفاع لە بەندکراوان و بۆ ئازادییان لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی یەکگرتووانە دەست بدەینە خەبات. ئەوان ڕۆڵەی قارەمان و خەباتکاری ئێمەن. ئەوان بۆ ڕزگاریی جەماوەری خەڵکی ئێران لە سەرکوت و ستەم و بێ عەداڵەتی، بوێرانە هەنگاویان هەڵگرت، بە ئاڵای گیانەوە لەسەر شەقامەکان خەباتیان کرد، دلێرانە بەرامبەر بە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم سینگیان کردە قەڵغان و لە جەرگەی نەبەردی بێ ئەماندا، گرفتاری زیندان و بەند و شەلاق و ئەشکەنجە بوون. ئێستا ئیتر ئەرکی ئێمەیە کە لەپێناو ئازادییان ڕاپەڕین، ئازادییان لە هەموو شوێنێک هاوار بکەین و ڕێگە نەدەین دەزگای قەزایی ڕژیمی سەرمایەداریی زاڵ بەسەر ئێران، بۆ تۆڵە سەندنەوە لە خەباتی قارەمانانەی خەڵکی ئێران بە ئاشکرا و بە نهێنی، ئەم ئازیزانە لە قەتڵگاکانیدا لەناو بەرێت.
خەڵکی خەباتکار، هێزە پێشکەوتنخوازەکان و خەڵکی ئازادیخواز!
ئێستا زیاتر لە سێ مانگە کە ژنان و لاوان و جەماوەری خەڵکی ئێران لە خەباتێکی بێ ئەماندا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیون. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا، هەرگیز ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە گەندەڵ و دیکتاتۆرە تا ئەم ئاستە بۆ جەماوەری خەڵکی ئێران نەبووەتە بابەتێکی مسۆگەر. لە ٢٦ی مانگی خەرمانانی ١٤٠١ەوە هەتا بە ئەمڕۆ، زیاتر لە سێ مانگ تێپەڕیوە. زیاتر لە سەد ڕۆژە کە ژنان و لاوان و خوێندکاران و پزیشکان و هونەرمەندان و کۆمەڵی بەرینی هێزی کار و زەحمەت، بە مشتی گرێدراوەوە لە مەیدانی خەباتدا حزووریان هەیە تا ئەمجارەیان بۆ هەمیشە کاری نیزامی کۆنەپەرست و ئینسانکوژی کۆماری ئیسلامی یەکسەرە بکەن. زیاتر لە سێ مانگە دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی”، “ژن، ژیان، ئازادی”، “کۆماری ئیسلامیمان ناوێ” و دەیان دروشمی دژە حکوومەتیی دیکە لە شوێنە جیاجیاکانی وڵات دەنگ دەداتەوە. لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان بەخت کردووە کە لانیکەم ٦٤ کەسیان منداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بوون و زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیش دەستبەسەرکراون کە هەتا ئێستا دوو کەسیان بەناوەکانی موحسین شکاری و مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد لە بێدادگاکانی ڕژیمدا بەپێی ئەحکامی کۆنەپەرستانەی وەرگیراو لە قورئان و فێقە و شەریعەتی ئیسلامی ئێعدام کراون و نیگەرانی لەئاست دەرکردنی حوکمی موحاربە و ئێعدام بۆ لانیکەم ١٠٠ کەسی دیکەش لە ئارا دایە.
خەباتی عەلەنی و قارەمانانەی خەڵکی ئێران کە لە مانگی بەفرانباری ٩٦ەوە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد، لە ڕۆژانی دوای قەتڵی حکوومەتیی “ژینا”دا بە جۆرێک گەشەی کرد کە ئێستا پێشڕەوی بەرەو شۆڕش و حەرەکەت بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بووەتە باوەڕێکی قەتعی و واقعی بۆ گشت جەماوەری خەڵکی ئێران. ئەم باوەڕە گشتییە و پێویستیی کۆمەڵگە بە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی، بەتایبەت باوەڕی ژنان و لاوان و کرێکاران و گشت جەماوەری خەڵکی ئێران بە شۆڕش و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و خۆڕاگرییان لەبەرامبەر ئەم نیزامە سەرکوتگەرە، بەجۆرێک دەسەڵاتدارانی شڵەژاندووە، کە وەک هەمیشە بە سەرکوت و کوشتار و ئێعدام لە ئاستی بەریندا هاتوونەتە مەیدان تا بەڵکوو بتوانن چەند ساتێکی تر بە تەمەنی نگریسی دەسەڵاتەکەیان زیاد بکەن. غافڵ لەوەیکە بەڕێوەبردنی وەها بابەتێک بۆ ڕژیمێک کە لە بواری ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا بەگشتی پەراوێزخراوە ئیتر وەک ڕابردوو بە ئاسانی مومکین نییە. هەروەک بینیمان، ئێعدامی موحسین شکاری و مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، بە تۆمەتی “موحاربە”، نەتەنیا تووڕەیی و نەفرەتی بیروڕای گشتیی لەئاستی جیهاندا دژبە کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە، بەڵکوو ئێعدامی ئەوان، هێندە کارەساتبار و بەدوور لە پرەنسیپە قەزاییەکان بوو کە تەنانەت لەناو نیزامیشدا کەسانێک کە پێشتر لە خزمەت ئامانجی جەنایەتکارانەی ڕژیمدا بوون کاردانەوەیان نیشان دا.
خەڵکی خەباتکار، هێزە پێشکەوتنخوازەکان و خەڵکی ئازادیخواز!
هەر ئێستا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ شەپۆلێک لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرەوڕووە. ئەم قەیرانانە لە هەموو لایەکەوە ڕژیمیان گەمارۆ داوە و ڕێگەی درێژەی حەیاتیان بەستووە. هەر ئێستا خەبات بۆ ڕاگرتنی سزای ئێعدام و ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، هەم لە بواری ناوخۆیی و هەم لە بواری نێونەتەوەیی بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. کۆماری ئیسلامی و دەزگای قەزاییەکەی بەخاتری دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ لاوانی دەستبەسەرکراو لە لایەن بیروڕای گشتییەوە لەئاستی جیهانیدا بەتوندی شەرمەزار کراوە. لە وەها بارودۆخێکدا ئەگەرچی قەسابخانەی کۆماری ئیسلامی وەک ڕابردوو هەرگیز ناتوانێ بەشێوەی بەرین بەندکراوانی سیاسی بکوژێت بەڵام هەرگیز نابێ لە هەڕەشە و هەڵیت و پڵیتەکانی دەزگاکانی سەرکوتی ڕژیم غافڵ بین. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە ڕووخانی نزیک بووەتەوە، بەڵام لەوانەیە بۆ تۆڵەکردنەوە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵکی ئێران کە ڕووخاندنێکی سەرشۆڕانەیان بۆ تاقمی دەسەڵاتداری ئێران ڕەقەم لێداوە، دەست بکەن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ژمارەیەکی دیکە لە لاوانی دەستبەسەرکراو.
لەبیرمان نەچێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکی سەرمایەداری کۆنەپەرست و سەرکوتگەرە بە ڕووبەنای سیاسیی ئایینییەوە کە تێیدا ئایین و دەوڵەت بە ئاشکراترین شێوەی مومکین تێکهەڵکێشراون. بێگومان تا کاتێک کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت و تا ئەو کاتەی بەندکراوێک لە زینداندا بێت، بەردەوام پێویستە نیگەرانی گیانی بەندکراوان بین. کەواتە با بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانیانی سیاسی ڕاپەڕین و بە هەموو هێزی خۆمانەوە بۆ ئازادییان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی تێبکۆشین.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
پێنجشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ٢٩ی دێسامبری ٢٠٢٢
واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت