زیاتر لە دە ڕۆژە کە خەڵکی بیدیفاع و ستەمدیدەی فەلەستین لە کەرتی غەزە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە گەمارۆ دراون و ڕێگای چوونەدەر لە ناوچەی شەڕیان لێ بەستراوە. لەدوای هێرشی تیرۆریستیی حەماس بە پشتیوانیی دەوڵەتی جەنایەتکار و تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل و کوشتنی خەڵکی مەدەنی و بەدیلگرتنی دەیان کەس لە خەڵکی بێدیفاع، کەرتی غەزە و دانیشتووانی لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە کەوتوونەتە بەر وەحشیانەترین بۆمبارانەوە. بەهۆی ئەم هێرشانەوە هەتا ئێستا هەزاران کەس کوژراون، بریندار و ئاوارە بوون. لە درێژەی ئەم جەنایەتانەدا، بەگوێرەی ڕاپۆرەکان ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بەهۆی بەرکەوتنی مووشەک لە نەخۆشخانەی “المعمدانی” لە غەزە کە هەزاران برینداری تێیدا ڕاگیرابوو، زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراون و بووەتە کارەساتێکی ئینسانی.
دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەوتی تیرۆریستیی حەماس دەمێکە کەرتی غەزەی کردووەتە زیندانێکی گەورە. ئاو و بەرقی قەتعکردووە و دانیشتووانی لە دەستڕاگەیشتن بە سەرەتاییترین ئیمکاناتی ژیان بێبەری کردووە. سەدان خانووی وێران کردووە و تەنانەت ڕەحمی بە نەخۆشخانەی “المعمدانی”یش نەکردووە کە هەزاران بریندار تێیدا لەژێر چاوەدێریدا بوون. دەوڵەتی ئیسرائیل بەکردەوە غەزەی کردووەتە قەتڵگای بەکۆمەڵی خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین و ڕێگای دەربازبوونی بۆ نەهێشتوونەوە. ئەوەیکە لەئێستادا لە غەزە ڕوو دەدات نەک بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم، بەڵکوو کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین بەبیانووی بەرەنگاربوونەوە دژی تیرۆریزمە کە لە یاسا نێونەتەوەییەکاندا بە تاوانی شەڕ بەحیساب دێت.
دەوڵەتی دەستی ڕاستیی ئیسرائیل بەرپرسی هەموو ئەو کارەساتانەیە کە لە کەرتی غەزە لەئارادایە. ڕەوتی تیرۆریستیی حەماس بەرهەمی سیاسەتی داگیرکەرانە و ستەم بەرامبەربە خەڵکی فەلەستین و کوشتن و ئاوارەکردنی ئەم خەڵکەیە لەماوەی چەندین دەیەدا. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە بارودۆخێکی قەیراناویی بێوێنەدایە. درێژەی ئەم شەڕە و کوشتاری خەڵکی فەلەستین بە بیانووی تیرۆریزمی حەماس، دەوڵەتی ئیسرائیلی دژبە خەڵکی فەلەستین یەکگرتوو کردووە. هەروەها پشتیوانیی بەردەوامی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و شەریکە ئورووپاییەکانی بە بیانووی “مافی بەرگری لە خۆ” دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلی لە ئەنجامدانی جەنایەت دژبە خەڵکی فەلەستین ئاواڵە هێشتووەتەوە. بایدێن لە دیدار لەگەڵ نەتانیاهۆ، جەنایەتی نەخۆشخانەی “المعمدانی” لە غەزەی بە تیرۆریستە ئیسلامییەکان نیسبەت دا و پاکانەی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل کرد. ڕەوتەکانی لایەنگری ڕۆژئاوا و فاشیست و ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیش لە دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوونەتە داکۆکیکاری دەوڵەتی ئیسرائیل و بوونەتە شەریکی کردەوەی تاوانکارانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرانبەر بە خەڵکی فەلەستین.
شۆرای هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆمباران و کوشتار و ئاوارەکردنی خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بەتوندی مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز و هەموو پارت و ڕەوتە پێشکەوتنخوازەکان دەکات کە دژبە قەتڵوعامی خەڵکی فەلەستین بێنە مەیدان و ناڕەزایەتی دەربڕن. منداڵکوژی و قەتڵوعامی خەڵکی فەلەستین وڵامی هێرشی تیرۆریستیی حەماس نییە. چ حەماس و پشتیوانانی و چ دەوڵەتی ئیسرائیل خوازیاری چارەسەرکردنی ڕیشەیی مەسەلەی فەلەستین نین. بەڵکوو تەنانەت لەم دوژمنایەتییە بە قازانجی مانەوەی دەسەڵاتەکەیان و بۆ بەهێزکردنی تیرۆریسم و پەرەپێدانی نەفرەتی قەومی و ڕەگەزی لە هەر دوو لا کەڵکی لێ وەردەگرن. چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین، تەنها لەڕێگەی بەڕەسمی ناسینی ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی دێتە دی. بۆ ڕێگریکردن لە کوشتاری دڵتەزێنی خەڵکی فەلەستین، ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و گەیاندنی یارمەتیی ئینسانی لەئاستێکی بەرین و زەمانەتکردنی ئەمنیەتی گیانیی دانیشتووانی فەلەستین، خواستی بەپەلەی هەموومانە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان داوا لە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی جیهان دەکات کە دژبەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کۆتاییهێنان بە قەتڵوعامی خەڵکی فەلەستین لەلایەن دەوڵەتی ئسیرائیلەوە بێنە مەیدان و ناڕەزایەتی دەربڕن.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت
٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ – ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣