دەوڵەتی سوێد لە سات و سەودایەکی نهێنی، ترسنۆکانە و بەدوور لە بیروڕای گشتی لەگەڵ ڕژیمی فاشیستیی کۆماری ئیسلامی، حەمید نووری ئەو تاوانکارەی کە یەکێک لە ئەنجامدەرانی کوشتاری خوێناویی ساڵی ٦٧ بوو ئازاد کرد. ئەم موعامەلەیە لە بارودۆخێکدا ئەنجام درا کە هەزاران زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ڕژیمی کوشتاردان. ئەشکەنجە بەشێوەی جۆراوجۆر لەم زیندانانەدا باوە و زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان مەترسیی ئێعدامیان لەسەرە و کۆماری سێدارە لەبواری جێبەجێکردنی ئەم سزایەدا لە پلەبەرزترینەکانی جیهانە.
نووری لە دادگایەکی عەلەنیدا بە تاوانی بەشداری لە کۆمەڵکوژیی هەزاران زیندانیی سیاسی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی دادگایی کرا. ئەو لەم دادگایەدا کە بە بەشداری و شایەدیی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی ڕزگاربوو و لەبەرچاوی فرمێسکاویی بیروڕای گشتی و بنەماڵەکانیان بەڕێوەچوو، بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرا و لە دادگای پێداچوونەوەشدا ئەم حوکمە وەک خۆی پەسندکرا. نووری سەرخۆش و لێوبەپێکەنین کاتێک گەیشتە ئێران لەلایەن نیزامی قەتڵوعام و جینۆسایدی کۆماری ئیسلامییەوە پێشوازیی لێکرا. سات و سەودای قیزەونی دەوڵەتی سوێد (و هەروەها ماوەیەک لەمەوبەر دەوڵەتی بەلژێک) لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نیشانی دا کە دەوڵەتانی سەرمایەداری تەنانەت دادگاکانی خۆشیان بەلایانەوە هیچ بایەخێکی نییە. وەها موعامەلەیەک لە کاردانەوە بە سیاسەتی بارمتەگرتنی کۆماری ئیسلامی بابەتێکی تازە نییە و لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا گەلێک جار بەشێوەی جۆراوجۆر بەڕێوەچووە.
ئازادیی حەمید نووری لە بارودۆخێکدا ئەنجامدرا کە کۆمەڵکوژیی ساڵی ٦٧ی هەتاوی بە گەورەترین تاوان و جینۆسایدی حکوومەتی لەدوای شەڕی جیهانی دادەنرێت. حزووری ئیبڕاهیم ڕەئیسی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و دواتر بەڕێوەچوونی مەراسیمی کوژرانی ناوبراو لەم ڕێکخراوەش نیشانی دەدا کە ناوەندە جیهانییەکان لە بەرامبەر دەوڵەتانی تاوانکار و سیاسەتی دەوڵەتانی سەرمایەداری و کۆنەپەرست، ناکارامەن. ئازادی نووری بۆ جارێکی دیکە نیشانی دا کە تاوان، تاوانبار، مافی مرۆڤ و کۆمەڵکوژی بۆ دەوڵەتانی سەرمایەداری کاڵایەکە کە بەشێوەی جۆراوجۆر سات و سەودای لەسەر دەکرێت. ئەوان بەئاسانی خۆڵ دەکەنە ناو چاوی دایکان و بنەماڵە جەرگسووتاوەکان.
هەر ئەم ئەزموونانە نیشانەی شکستێکی دیکەیە بۆ ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و زۆربەی ئەو ناوەند و میدیایانەی کە لەگەڵیان هاوئاراستەن. ئەوان بەردەوام هەوڵیان داوە لەڕێگەی سات و سەودای ئاشکرا و نهێنی لەگەڵ دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرست و ڕاکێشانی پشیتوانییان، بەسەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێراندا زاڵ بن و بۆ جارێکی تر ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بەلاڕێدا بەرن.
بزووتنەوەی دادخوازی لە خوارەوەی کۆمەڵگا بەدژی کۆماری ئیسلامی، کە لە ساڵانی ڕەشی دەیەی شەستەوە بە هاوپشتیی دایکان و بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانەوە دەستپێکردووە، هەروا بەردەوامە و لە بواری گشتیدا پەرەی ستاندووە و بووەتە یەکێک لە گوتارە گرینگەکان لە فەزای سیاسیی کۆمەڵگادا. ئەم بزووتنەوەیە یەکێک لە ناوەندە گرینگەکانی ئازادیخوازی بووە و هەرگیز بە سات و سەودا لەگەڵ دەوڵەتەکان و بە ئاراستەی ڕاست و بە وتاری ساختەی میدیاکانیان چاوترسێن نەبووە و بەردەوام بە پشت بەستن بە دەستکەوتەکانی و بە بەشداریی هێزی پێشڕەو و پێشکەوتنخواز بۆ ئامانجەکانی لەپێناوی ئازادیی زیندانییانی سیاسی، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و دادخوازی لە خوارەوە تێدەکۆشێت.
زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت! تیرۆر، ئەشکەنجە و ئێعدام دەبێ نەمێنێت!
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرمایەداری!
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٤ی زایینی – ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت