لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی دەستپێکی کوشتار و سزای بەکۆمەڵی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە خەڵکی غەززە و کوشتنی زیاتر لە ٤١ هەزار فەلەستینی، لە جەرگەی پاکتاوی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی لە لێواری ڕۆژئاوا، تیرۆریزمی دەوڵەتی ئیسرائیل هاوکات خەڵکی لۆبنانیشی خستووەتە ژێر بۆمبارانی وەحشیانەوە. بەهۆی ئەم هێرشانە هەتا ئێستا پتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون، دەیان هەزار کەس بریندار و کەم ئەندام بوون و وێرانیی بەرینی لێکەوتووەتەوە. دەسەڵاتی ئیسرائیل بە درێژەی سیاسەتی تیرۆری ڕێکخراو و شەڕی ناڕاستەوخۆ، خۆی ئامادە دەکات تا بە بەشداریی ئەمریکا و ناتۆ لەدژی ئێران شەڕێکی ماڵوێرانکەر وەڕێبخات.
دەمێکە کێبەرکێ و ململانێ و گرژییە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتە گەورەکان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو ئاستەکانی مەترسی و هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندووە. شەڕ لەپێناوی کێشانەوەی نەخشەی تازەی دەسەڵات لە جۆگرافیای سیاسی جیهاندا، بەکردەوە خەڵکی ئەم ناوچەیەی بەرەو جەحەنەمێکی وێرانگەر بردووە و جیهان و نەزمی نێونەتەوەیی کەوتووەتە قۆناغێکی بێ گەڕانەوە.
لەم نێوەدا، کێبەرکێیی ناوچەیی نێوان ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، ئەم دوو بەرە کۆنەپەرست و توندئاژۆیە، پێی ناوەتە قۆناغی تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆوە. بارودۆخ و پێگەی ئەم دوو ڕژێمە و هاوپەیمانەکانیان وەک لایەنی کاریگەر و یەکلاکەرەوە گرنگییەکی زۆریان هەیە لە ئاکام و دەرئەنجامەکانی ئەم ململانێیەدا. لەم قۆناغەدا دەوڵەتی ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە “دۆکتۆرینی زاحیە”ی بەڕێوەبردووە، واتە سیاسەتی بەکارهێنانی نەشیاوی هێز لە غەززە و لێواری ڕۆژئاوای بۆ کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سڤیل و لەنابردنی ژێرخانەکان گرتووەتە بەر، تیرۆرکردنی ڕێبەران و کوشتنی فەرماندەکانیشی کردووەتە تاکتیکێکی سەرەکی. ئەم سیاسەتە ئەگەرچی نابێتە هۆی داڕمانی یەکجاریی پێکهاتەیەکی سیاسی، بەڵام دەبێتە هۆی شپرزەیی، ئاڵۆزی و زیانهەڵگربوونی دوژمن. کوشتنی زانایان و بەرپرسانی ئەتۆمیی ڕژیم، کوشتنی فەرماندەکانی سپا لە لۆبنان و سووریە، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، کوشتنی فەرماندەکانی حیزبوڵڵا و سپای قۆدس و بەتایبەت حەسەن نەسڕوڵڵا چەند نموونەی بەرچاوی ئەم شێوازە لە شەڕن. هەروەها چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ڕەوتە هەروا بەردەوام بێت. شەڕێک کە لە نێوان ڕژیمی ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەستیپێکردووە، لەئێستادا لەگەڵ لاوازبوونی بەرچاوی باسکە نیابەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە فەلەستین و لۆبنان و سووریە لە قۆناغی پێشگرانە، لە نابوودیی کەسایەتییە سەرەکییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و لە گەمارۆدانی ئیسرائیل لەڕێگەی هێزە نیابەتییەکانی سەر بە ڕژیم تێپەڕێوە و چووەتە قۆنانێکی تازە و مەترسیدارەوە. لەم قۆناغەدا سێبەری شەڕێکی ماڵوێرانکەر باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.
لەکاتێکدا کە سیاسەتی بەهێزکردنی تاقمە نیابەتییەکان لە ناوچەکە سەرەڕای تێچووی بەرین بەرەوڕووی شکست بووەتەوە، سیاسەتی “سەبری ستراتێژیک” بەهۆی هێرشی چڕی ئیسرائیل گەیشتووەتە بنبەست، هێرشی ڕاستەوخۆی مووشەکی بەرەو ئیسرائیل بووەتە تەنیا ڕێگای وڵامدانەوەی سنوورداری ڕژیم. بەڵام ئەم هێرشە ڕاستەوخۆیانە بووەتە هۆکارێکی گرینگ لە بەهێزکردنی پشتیوانیی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی لە دەوڵەتی ڕاست و توندئاژۆی نەتانیاهۆ. ئەمەش ڕێگای بۆ سەپاندنی سیاسەتی هێرشی بەرین بۆسەر ئێران خۆش کردووە و هەوڵی دەوڵەتی پزیشکیانی بۆ چوونەدەر لە پەراوێز و پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوای بەرەوڕووی شکست کردووەتەوە. سەرەڕای ناردنی پەیامی ئاشکرا و نهێنی بۆ ئەمریکا بەمەبەستی مدارا کردنی دەسەڵاتەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی بەرجام، سیاسەتی هاوڕێیەتی لەگەڵ ڕووسیە و چین و ناردنی مووشەک و درۆن بۆ ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین، خاڵی لاواز و هۆکاری شکستی ئەم هەوڵانەیە. دەوڵەتی نەتانیاهۆش بە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، حەسەن نەسڕوڵڵا و زۆرینەی فەرماندە نیزامییەکانی حیزبوڵڵا، و ناردنی پەیام بۆ خەڵکی ئێران، هەوڵەکانی خۆی زیاتر پەرەپێداوە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بکێشێتە ناو شەڕێکی بێ گەڕانەوە و ئەمریکاش زیاتر بێنێتە ناو ئەم کێشمەکێشەوە.
کێبەرکێی دوو دەسەڵاتی ئاپارتایدی ئایینی یەهوودی و ئیسلامی، دەرگاکانی جەحەنەمی وێرانی و مەرگی بەرەوووڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە. بێگومان گەورەترین قوربانییانی ئەم شەڕە، خەڵکی ئەم ناوچەیەن. شەڕی دوو ڕژیمی تاوانکار، شەڕی خەڵک نییە. هەرگیز نابێ باوەڕ بە بەڵێن و پەیامەکانیان بکەین. ئێمە پەیامەکانی ئەوانمان لە سەرکوتی خوێناویی خەڵکی ئێران لەماوەی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، لە پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنی ترسناکی خەڵکی فەلەستین لە غەززە و لێواری ڕۆژئاوادا بینیوە. بێگومان دنیا بە بێ تیرۆریستە تاوانکارە دەوڵەتی و ئیسلامییەکان دنیایەکی ئەمنترە. سەرکەوتنی هیچ کام لەم دوو لایەنە لە خزمەت ئامانج و بەرژوەندی خەڵکدا نییە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، شەڕی تاوانکارانەی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی مەدەنی لە فەلەستین و لۆبنان بە تاوانی شەڕ دەزانێت و خوازیاری ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرج لە هەموو بەرەکانی شەڕ لە غەزە و لێواری ڕۆژئاوا و لۆبنان، ڕاگرتنی دەستبەجێی بۆمباران، لابردنی هەموو بەربەستەکانی گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵکی فەلەستین لە غەززە و لێوری ڕۆژئاوا و لۆبنانە. شۆرای هاوکاری، هەموو هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی گرژی و شەڕ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران مەحکووم دەکات. ئەم شەڕە شەڕی خەڵک نییە. شەڕی پەرەپێدانی دەسەڵاتە. شەڕێکە بۆ بەهێزکردنی ڕژیمە تاوانکارە سەرمایەدارییەکان لە ئێران و ئیسرائیل. شەڕێکە بۆ بەهێزکردنی کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک. گەورەترین قوربانییانی ئەم شەڕە خەڵکی ناوچەکە و ڕەوتی شۆڕشگێڕ لە ئێرانە. دەبێ بە هەموو تواناوە بەرەنگاری ئەم شەڕە بینەوە. لە هەموو هێزێکی چەپ و کۆمۆنیست، لە چینی کرێکاری جیهانی، لە هەموو هێزێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان داواکارین دەنگی خۆیان لەدژی شەڕ و شەڕخوازان، لە دیفاع لە ڕەوتی شۆڕشگێڕ لە ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بۆ پێگەوەژیانی خەڵکی ناوچەکە، بۆ بەڕەسمی ناسینی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، بۆ ئازادی و بەرابەری و سۆسیالیزم بەرز بکەنەوە. پێویستە بۆ جارێکی تر لەدژی شەڕ، لەدژی شەڕخوازانی دەسەڵاتدار بڕژێینە سەر شەقام!
٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤
بڕووخێ نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت)