لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی مەسموومکردنی بەردەوامی خوێندکارانی مەدارسی کچانە لە فەزای سیاسیدا، بووەتە هۆی نیگەرانی گشتی. مەسموومیەتی خوێندکاران بەهۆی بڵاوکردنەوەی لەئانقەستی گازی شیمیایی سەمیی لە مەدرەسەکاندا ڕوویداوە. هێرش بۆسەر مەدارسی کچانە بە گازی سەمی کە لەمانگی سەرماوەزەوە دەستی پێکردووە تا ئێستا لە ٢٦ مەدرەسە و ٥ ئۆستان زیاتر لە ٩٠٠ خوێندکاری مەسمووم کردووە. هەموو نیشانەکان پێمان دەڵێن کە ئەم جەنایەتە زنجیرەیی و سازماندراوە لەلایەن دوژمنانی مەدارسی کچانەوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەم جەنایەتەوەیە.
بەشداریی پڕگوڕوتینی خوێندکاران لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕەنگدانەوەی خەباتیان لەئاست کۆمەڵگە و هەواڵنێرییەکانی جیهان یەکێک لە ئەنگیزەکانی ئەم جەنایەتەیە. بەرپرسانی ڕژیم سەرەتا حاشایان لەم جەنایەتە سازماندراوە کرد، بەڵام لەم دوایانەدا بە وتەی دوولایەنە و ناتەبا باسیان لە عەمدی بوونی کرد. ماوەیەک لەمەوبەر ڕۆژنامەی شەرق لەسەر زاری یەکێک لە ئاخوندەکانی حەوزەی عیلمیە نووسیی کە گرووپێکی ئیسلامی لە قۆم بەرپرسی ئەم هێرشانەیە. لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی خوێندکاران دژبەم جەنایەتە پەرەی سەند و لە هێندێک لە ناوچەکان دروشم دژبە ڕژیم لەوانە “مەرگ بۆ ئەم دەسەڵاتە منداڵکوژە” وترایەوە. جەنایاتی سازماندراو گەلێک جار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دووپات بوونەتەوە. قەتڵی زنجیرەیی ژنان لە کرمان، ئەسیدپاشی ژنان لە ئیسفەهان چەند نموونەیەکی ئاشکران لە جەنایاتی سازماندراو. ئینکار و تەوجیە و هەڕەشەکردن، شێوەکاری هەمیشەیی ئەم ڕژیمەیە لە قەباڵ جەنایەتەکانی.
ئینسانە شەریف و ئازادیخوازەکان!
بێ گومان کۆماری ئیسلامی بە گرووپی جۆراوجۆری “ئاتەش بە ئیختیار” و تۆڕی ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکانی بەرپرسی ئەم جەنایەتە سازماندراوەیە. ئەم ڕژیمە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و حزووری خوێندکاران بە تایبەت خوێندکارانی کچ بەجۆرێک تۆقاوە کە بۆ تۆڵەکردنەوە و لە ترسی ئەگەری بەشداریی دووبارەیان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەست لە هیچ جەنایەتێک ناپارێزێت. پێویستە ببینە دەنگی ناڕەزایەتیی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان و هاوڕێ لەگەڵ ئەوان دەسەڵاتی نەنگ و جەنایەت و سەرکوت بکەینە ئامانجی ئیعتڕازمان.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
بژی سۆسیالیسم!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
١٠ی ڕەشەممەی ١٤٠١ – مارسی ٢٠٢٣
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستیی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت