فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە دیاریکردنی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە
شەممە ۰۲-۱۱-۱۴۰۰   |  22-01-2022

هەروەک ئاگادارن ناکۆکیی سیاسی و تەشکیلاتی و ئەو کێشمەکێشانەی کە لە چەند ساڵ لەمەوبەرەوە بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەیان بەکردەوە بە دوو باڵی سیاسیی جیاواز دابەش کردبوو، لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی جەناحی لەژێرناوی “کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە” گەیشتە دوایین قۆناغی خۆی. ڕێکخستنی ئەم کۆنگرە جەناحییە کە بەپێی ئاییننامەی بەڕێوەچوونەکەی، بەشداریی گشت ئەندامانی بەرەی چەپی تەشکیلاتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەراندا بە بیانووی بێ بنەمای “درووستکردنی ڕێکخراوەی موازی” مەنع کردبوو، ئینشعاب و جیایی ئەم هاوڕێیانەی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە کۆمەڵە وەک ڕێکخراوی کوردستانی ئەم حیزبە ڕەسمییەت بەخشی. لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرەیەدا، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش بەیاننامەیەکی لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی بەفرانباردا بڵاوکردەوە و تێیدا ئینشعابی بەرەی ڕاستی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕاگەیاند.

بێگومان ئەم ئینشعابە بە زیانی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیی ئێران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە و لە کورت ماوەدا زەربە لە متمانەی جەماوەری خەڵک بەنیسبەت ئەم  تەشکیلاتە دەدات و جۆرێک لە بێهیوایی و دڵساردی پەرەپێدەدات. ئەم باروودۆخە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی لەگەڵ پێگەی تازە و یەکجار دژوار بەرەوڕوو کردووەتەوە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە تەنیا بە بەشداریی چالاکانە و نەخشەمەند لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتی کۆمەڵایەتیدا دەکرێ بەسەر دواهاتە زیانبارەکانی ئەم جیاییەدا زاڵ بین.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەپێناو وڵامدانەوە بەم پێویستییە و هەروەها وەک بەشێک لە ڕەوتی نووژنکردنەوەی ئەو بوارانە لە چالاکیی حیزب و کۆمەڵە کە لە جەرەیانی ئەم کێشمەکێشانەدا زیانیان بینیوە  و بەلەبەرچاوگرتنی بوارە بەرینەکانی چالاکیی کۆمەڵە، لە یەکەمین کۆبوونەوەی بەرینی خۆیدا، کۆمەڵێکی لە کادرە بەئەزموونەکانی حیزب کە هەر کامیان لە دەورانێکدا تەجروبەی چالاکییان لە کۆمیتەی ڕێبەری و حیزبدا هەیە، وەک کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دیاری کرد. ئەم کۆمیتەیە تا بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە کە بەم زووانە بەڕێوەدەچێت هیدایەت و ڕێبەریی گشت چالاکییەکانی کۆمەڵەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەئەستۆ دەبێت.

ناوی ئەم هاوڕێیانە بریتین لە: ڕووناک ئاشناگەر، خەسرەو بۆکانی، موزەفەر پاکسێرێشت، ڕەئووف پەرستار، عیسا جەمشیدی، بارزان حەسەن پوور، شەمسی خوڕەمی، ڕەشید ڕەزاقی، عەسمان ڕەمەزانی، حەبیب سوڵتانی، حەسەن شەمسی، ڕەحیم عەزیزپوور، ئەنوەر عەزیزیان، ئەختەر گەمانگەر، محەممەد کەماڵی، لوقمان گەلەداری، سەدیقە محەممەدی، گەوهەر مێعمارزادە، محەممەد نەبەوی، پێدرام نەسروڵڵاهی و مەرزییە نەزەری.

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران 

٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٠

١٩ی ژانوییەی ٢٠٢٢