ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە سەروبەندی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن داین کە زیاتر لە پێنج مانگ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر تێدەپەڕێت کە بە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا(مەهسا) ئەمینی بەهۆی بەدحیجابییەوە سەری هەڵدا. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بە دروشمە میحوەرییەکانی وەک “ژن، ژیان، ئازادی” و “مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی” و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدانی سەرپۆش لەسەر شەقام و سووتاندنیان، بە ژێر پێ خستنی یاسای هەڵاواردنی ڕەگەزی لە زانکۆکان، بە بەڕێوەبردنی مەراسیمی ماتەمینی بەدوور لە ئایین و هێمای ئایینی، یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی سیاسی ئایدیۆلۆژیکی حکوومەتی ئیسلامیی تێکشکاند. ئەم ئاخێزە لەو جێگەوە کە بەهێزترین پێگەی ئیسلامی سیاسیی بە یاسای سەختی دینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا داوەتە بەر هێرش، بزووتنەوەی ژنانی لە ناوچەکە بردووەتە قۆناغێکی نوێوە و بووەتە مۆدێلێک بۆ ڕزگاریی ژنان و ڕزگاری کۆمەڵگە. خۆڕاگری، خەباتکاری و بوێریی ژنان لە جەریانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزی سەرکوتگەر نەتەنیا حکوومەتی ئیسلامیی دەرماندە کرد، بەڵکوو سەرەنجی هەموو جیهانیشی بەرەوخۆی ڕاکێشا. ئەگەر ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ دۆسیەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و ستراتێژی تێپەڕینی هێمنانەی داخست، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستاش دۆسیەی دەسەڵاتی دینی و ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی مەزهەبیی خستە لاوە کە دوای کۆتایی کاری دیکتاتۆری دینی بەنیازی دامەزراندنی حکوومەتی مەزهەبی لەژێرناوی “کۆماری دیموکراتیکی ئیسلامی” بوو.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە ڕۆژی ٨ی مارس نزیک دەبینەوە کە ڕەوتی پێشڕەوی و پێگەیشتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بە پێشەنگایەتیی ژنان هەوڵ و پڕۆژەی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوایی، لە سەڵتەنەتخوازەکان بەڕێبەری ڕەزا پەهلەوی و بە دروشمی “پیاو نیشتمان ئاوەدانی”یەوە بگرە تا شۆرای مودیریەتی گوزار و شۆرای میللیی تەسمیم بە ئاڵای جاڕنامەی مافی مرۆڤ، لە ڕێفۆرمخوازی حکوومەتی بە ڕێبەری مووسەوی و خاتەمی بە دروشمی بێ ناوەرۆکی ڕێفراندۆمەوە بگرە تا مەحافل و میدیای ئیمپریالیستی کە بە پشتیوانیی ئەم قافڵەیە دەیانهەوێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بەلاڕێدا بەرن و تێکیبشکێنن، یەک لە دوای یەک بێ ئیعتبار و ڕسوای کردوون. لەم بوارەشدا ژنان پایەکی سەرەکی بوون لە هەڵکردنی ئاڵای مەنشووری داخوازیی لانیکەم و مەنشووری دادخوازی بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵ و تەقەلای ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی و بۆ بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشبژێو و بەرابەر.
بەڵام پێشەنگبوونی ژنان لەم بزووتنەوەیەدا دیاردەیەکی لەناکاو نییە. ژنانی ئێران زیاتر لە چوار دەیەیە کە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە مەیدانی موقاومەت و خەبات لەدژی ڕەنج و ئازاری سەرچاوەگرتوو لە دەسەڵاتی سەرمایەداریی تێکەڵ بە ئیسلامی سیاسی و یاسای کۆنەپەرستی ئیسلامی و کەلتووری پرتووکاوی پیاوسالاری. ژنانی ئێران هیچکات قوربانییانی خامۆشی ڕژیمی ئاپارتایدی جنسیەتی نەبوون. ژنان بە بەشداری بەرچاوی خۆیان لە ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ دەزگای ئایدیولۆژیی دەسەڵاتی دینییان خستە لەرزە تا لە ئاخێزەکانی دواتردا بیڕووخێنن. مانگرتنی شکۆمەند و یەک لە دوای یەکی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە و مانگرتنی سێ مانگەی کرێکارانی سەنعەتی نەوت و پێترۆشیمی، بە بێ پشتیوانیی بنەماڵەکانیان کە ژنان تێیدا ڕۆڵی سەرەکییان بوو و بە بێ بوێری و فیداریی سپیدە قولیانەکان و فەرزانە زیلائیەکان بە سەرکەوتن نەدەگەیشت. ژنان لە مێترۆکان و لەژێر گوشاری گەشتی ئیراشاد بۆ خەڵک لە ٨ی مارس دوان. ئەوان لە مەیدانەکانی شاردا دژبە “قەتڵی نامووسی” تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان هاوار کرد. ئهوان له بهرزاییهكانی شهقامی ئینقلاب حیحاب، واته هێمای كۆیلهتیی ژنیان به زەوی دادا و له زانكۆكاندا هاواری ناڕهزایهتییان دژبه ههڵاواردنی ڕهگهزی بهرز كردهوه. لە ڕێزی پێشەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری مامۆستایان و خانەنشینان بۆ دیفاع لە مەعیشەت و کەرامەتی ئینسان بەشداربوون. لە خەبات دژی وێرانکردنی ژنیگە و قەیرانی کەم ئاوی ڕۆڵی بەرچاویان بوو. لە چوارچێوەی بنەماڵەدا بەرەنگاری ڕەگەزی دووهەم پێناسەکران و کەلتووری پیاومەزنی بوونەوە. وەک دکتور و پەرستار لە ڕیزی پێشەوەی خەبات دژبە کۆرۆنا گیان فیداییان کرد. ژنان لەسەر گڵکۆی کچان و کوڕانی لاویان نەتەنیا ئەژنۆی خەمیان نەگرتە باوەش، بەڵکوو بە سەربەرزییەوە و بە دەنگی ڕەساوە ڕایانگەیاند کە تۆوی ئازادییان چاندووە. ژنان کاتێکیش بە “تاوان”ی تەسلیم نەبوون بەدیل گیران و ئەشکەنجە دران، لە سەنگەری زینداندا ئیدیعانامە و شەڕی ئاشکرای خۆیان دژبە ڕژیمی ئاپارتایدی جنسیەتی ئیسلامی ڕاگەیاند.
ستەم لەدژی ژنان و هەموو ئەو هەڵاواردنانەی بەرانبەریان ئەنجام دەدرێت وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە ڕیشەی لە پێکهاتە و پەیوەندیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدایە. تا کاتێک کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی شۆڕشگێڕانە نەڕووخێت و پێکهاتەی ئابووریی سەرمایەداری نەگۆڕێت و هێزی کۆمەڵایەتیی مەزنی بەرهەمهێنەران نەکەوێتە مەسیری سازماندانی ئابووریی سۆسیالیستی و ئیدارە و مودیریەتی شۆرایی کۆمەڵگە، ستەم دژبە ژنان لە کۆمەڵگەدا بنبڕ نابێت، و تا ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگەش ئازاد نابێت. لەم ڕووەوە هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن پێویستە بۆ زەمانەتکردنی پێشڕەویی ئەم بزووتنەوەیە، جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بێننە مەیدانی خەبات. بەرژەوەندی کورت ماوە و درێژماوەی ژنان و پیاوانی کرێکار لەوەدایە کە لە ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی سەربەخۆ لە دەوڵەت و لە حیزبی سیاسیی خۆیاندا موتەشەکل بن و شان بەشانی یەک بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو شێوەکانی ستەمی نیزامی سەرمایەداری خەبات بکەن. لەو جێگەوە کە خەباتی سازماندراوی ژنان پێویستییەکی سەرەکییە لەپێناو بابەتی ڕزگاری، پێویستە لە هەر فرسەتێک بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوەی جەماوەریی سەربەخۆ لە دەوڵەتی ژنان کەڵک وەربگیرێت تا ژنان بە دەسەڵات و شکۆیەک کە شایستەیانە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا دەورونەخش بنوێنن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پشتیوانی لە بانگەوازی ڕێکخراوەی خوێندکاری و کۆمیتە و تۆڕەکانی لاوانی شۆڕشگێڕی مەحەلات بۆ بەرپاکردنی کۆبوونەوە و ڕێپێوان و بەڕێوەبردنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانیی ژن لە ١٧ی ڕەشەممە، ٨ی مارس، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی بزووتنەوەی ژنان لە خەبات دژبە زوڵم و ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی، لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب پیرۆزبایی دەکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە جەرگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و هاوسەنگیی هێزی ئێستا کە یەکجار بەقازانجی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و بەرابەری تەڵەبی گۆڕاوە، ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن هەرچی شکۆدارتر بەڕێوەبەرن.
پیرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕەشەممەی ١٤٠١
فێوریەی ٢٠٢٣