فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار (۱۴۰۲)
پێنجشەممە ۱۶-۰۹-۱۴۰۲   |  07-12-2023

لە بارودۆخێکدا لە ڕۆژی خوێندکار نزیک دەبینەوە کە زیاتر لە یەک ساڵ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا تێپەڕیوە. بزووتنەوەیەک کە پایەکانی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانی لەرزاند و سەرەڕای دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام ئاڵوگۆڕێکی گەورەی لە وشیاری و زەینیەتی جەماوەردا پێکهێنا. ئەم بزووتنەوەیە کۆمەڵێک دەستکەوتی بوو و سەرەڕای پەرەستاندنی سەرکوت هێستاش بەشێوەی جۆراوجۆر هەروا درێژەی هەیە. ئەم ئاخێزە لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، بوو بە بزوێنەرێک بۆ خەباتی ئابووری و سیاسیی چینی کرێکار و مەیلی دەروونیی کرێکارانی بۆ خەبات بەهێزتر کرد. بەردەوامبوون و پەرەسەندنی بزووتنەوەی داخوازیی کرێکاران و خانەنشینان، خۆڕاگریی بوێرانەی ژنان و موقاومەتی بزووتنەوەی خوێندکاران بەرامبەر بە سەرکوت، بەشێک لەم ئاڵوگۆڕانەیە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە وەک ماری بریندار لەخۆی داهاڵا لە ڕووی داماوییەوە هەوڵی دا کۆمەڵگا بۆ قۆناغی بەر لە ٢٥ خەرمانانی ١٤٠١ بگەڕێنێتەوە. بەڵام شەپۆلی یەک لە دوای یەکی ئێعدامەکان و ڕەشبگیریی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، هێرشی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بەرین بەدژی ژنان بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیسلامی و هێرش بۆسەر بزووتنەوەی خوێندکاری بە ئامانجی ترساندنی کۆمەڵگا و زەوتکردنی دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە نەتەنها کۆمەڵگای چاوترسێن نەکرد، بەڵکوو بە خرۆشی خەبات وڵامی وەرگرتەوە. بزووتنەوەی خوێندکاری لە ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لە حاڵێکدا کە کوردستانی شۆڕشگێڕ گوڕوتینی ناڕەزایەتی و خەبات دژبە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا دایگرتبوو، لەئاستێکی کەم وێنەدا هاتە مەیدان و بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، “ئێمە هەموومان مەهساین” زانکۆیان کردە مەیدانی مانگرتن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ئەم بزووتنەوەیە لەم قۆناغەشدا یەکێک لە ناوەندە داغەکانی موقاومەت بەرامبەر بە هێرشی بەرنامەڕێژیکراوی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر زانکۆکان بووە. بانگکردن، دەستبەسەرکردن و دەرکردن و پەروەندەسازی بۆ خوێندکاران و مامۆستایانی تێکۆشەر، ناردنی ئاخوند و بەسیج و ڕەوزەخوێن بۆ زانکۆ، تەهاجومی زیاتری هێزە بەکرێگیراوەکانی حەراسەت بۆسەر خوێدکارانی بێ حیجاب نەتەنها بزووتنەوەی خوێندکاریی چاوترسێن نەکردووە بەڵکوو زانکۆی کردووەتە یەکێک لە قەڵاکانی بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا.

بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕە ڕادیکاڵە لە بزووتنەوەی خوێندکاریدا پێشینەی مێژوویی هەیە. لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ٥٧ و لە کێشمەکێشی نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشدا، خوێندکاران زانکۆیان کرد بە گۆڕەپانی خەبات بەرامبەر بە دژەشۆڕشی ئیسلامی. کاتێک دژەشۆڕشی ئیسلامی لەڕێگەی “ئینقلابی فەرهەنگی” و کوشتارەوە سەنگەری موقاومەتی زانکۆیان گرتەوە، ئەمجارەیان خوێندکارانی خەباتکار لەژێر پێستی زەبروزەنگی پۆلیسیدا خۆیان بۆ نەبەردەکانی داهاتوو ئامادە کرد. لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ەوە کە هاودەستیی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەگەڵ سپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەری لە هێرشیان بۆ سەر خوێندکاران، بوو بە بەستێنی دابڕانی بەدەنەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و سازمانی تەحکیمی وەحدەت، بەشی چەپی بزووتنەوەی خوێندکاری بەخێرایی داخوازیی سیاسی و ڕادیکاڵی کردە سەرلەوحەی خەباتی خۆی. لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتا هاوکات لەگەڵ گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری ژمارەیەکی بەرین لە خوێندکارانی چەپی ڕادیکاڵ چالاکییەکانی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ژنان چڕکردەوە. بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران تەنانەت دوای سەرکوتی ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستی لە ناوەڕاستەکانی دەیەی هەشتا، هیچکات تەسلیمی خسووسی سازی و کاڵایی کردنی پەروەردە، ئەمنیەتی کردنی فەزای زانکۆکان، تەسلیمی هەڵاواردنی ڕەگەزی و سیاسەتی ئیسلامی کردنی زانکۆکان نەبوو. خوێندکارانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیست لە ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ٩٦یشدا چالاکانە بەشدارییان کرد و دروشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواوبوو ماجەرا”یان بردە ناو بزووتنەوەی سیاسیی جەماوەرەوە. ئەوەش بەمانای تێپەڕین لەو بۆچوون و گوفتمان و ڕێگاچارانە بوو کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لەبەردەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە بزووتنەوەی خوێندکارییان دانابوو. خوێندکارانی شۆڕشگێڕ لە خەزەڵوەری ٩٨دا، لەو حەوت ڕۆژەی کە ئاخێزی جەماوەر هەموو ئێرانی هەژاند، شان بە شانی بێبەشکراوانی شار هاتنە مەیدان، لەگەڵ ئەوان خوێنیان ڕژایە سەر سەنگفەڕشی خەیابانەکان و لەگەڵ ئەوان خرانە بەندیخانە. بەڵام سەرکوتی دڕندانە و خوێناویش نەیتوانی چاوترسێنیان بکات. خامنەیی جەلاد لە پێنجەمین ڕۆژی ئاخێزی سەرانسەریی خەزەڵوەری ٩٨ دژبە بێبەشان و هەژارانی شار کە نە سەنگەریان بوو و نە چەک، ڕایگەیاند: “با دۆست و دوژمن ئەوە بزانێ کە ئێمە لە بواری نیزامی و سیاسی و ئەمنیەتییەوە پاشەکشەمان بە دوژمن کرد”. بەڵام خوێندکاران لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا بە دەنگێکی ڕەساوە وڵامیان بەم هەڵیت و پڵیتانەی خامنەیی داوە و ڕایانگەیاند کە لە خوێنی گیانبەختکردووانی مانگی خەزەڵوەر خۆش نابن و ڕێگایان درێژە دەدەن. بەمجۆرە خوێندکاران نیشانیان دا لە نەبەردی هەژاران و بێبەشان دژبە خوێنڕێژانی سەرمایە، لە شەڕی نێوان هەژاری و سەروەت، لە شەڕی نێوان دیکتاتۆری و ئازادی، لە شەڕی نێوان هەڵاواردنی جنسیەتی و ڕزگاریی ژن، لە کام بەردا ڕاوەستاون. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری هاوکات لەگەڵ گەشە و پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری لە حەوت تەپە، فولادی ئەهواز و ناوەندەکانی نەوت و پێترۆشیمی بە بەرپاکردنی ئاکسیۆنی ناڕەزایەتی لەسەر ستراتێژی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بێبەشانی کۆمەڵگە تەئکیدی کردووە. دروشمەکانی وەک “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین”، “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی”، خوێندکار، کرێکار، مامۆستا، یەکگرتن، یەکگرتن”، خوێندکار وشیارە هاوڕێی کرێکارە” بەڕوونی هەڵوێستی چینایەتیی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی خوێندکاری لەم قۆناغەدا نیشان دەدات.

لە هەلومەرجی ئێستادا، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە ستوونەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە، پێویستە داخوازیی گەڵاکراوی ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا بە پەیگیرترین و ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەرایەتی بکات و پشتیوانیی لێ بکات. بەشی چەپ و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بەرامبەر لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستەکان کە دەیانهەوێ ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدا بەرن، تەنیا بە هێنانەگۆڕی ئەم داخوازییە دیموکراتیکانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە کە دەتوانێ ئەم ئەرکە بەسەرەنجام بگەیەنێ و لەگەڵ بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندی قووڵتر بەرقەرار بکات.

بزووتنەوەی خوێندکاری بەهۆی پێکهاتەیەک کە هەیەتی بەشێوەی سرووشتی توانای ئەوەی هەیە کە ببێتە یەکگرتووی بەهێزی بزووتنەوەی قوتابیان و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی لاوان دژبە گوشاری بێسنووری ئابووری، دژبە بێ مافیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، دژبە بەربەستی کلتووری و سیاسی. واتە ئەوانەی وا شەقامیان کردووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئیسلامی. لەم ڕاستایەدا پێویستە هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ تۆڕی لاوانی شۆڕشگێڕ کە ڕێکخەر و ڕێبەری ناڕەزایەتییەکانن لە گەڕەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، پەیوەندیی چالاکیان هەبێت. پێکهێنانی ئەم پەیوەندییە زیندوویانە، لە پێداویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و لە پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامییە. جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەی ئاماژەیان پێدرا بە بێ تەحەزوبی کۆمۆنیستی وەک ناوەندی پەیوەنددان و هەماهەنگ کردنی هەموو بوارەکانی چالاکیی ئەم قۆناغە شۆڕشگێڕانەیە، کارێکی یەکجار دژوارە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەپێناو پێشخستنی ئەم ئامانج و هەڵوێستانە لە بارودۆخی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا، کۆمۆنیستەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری بانگەشەی پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی خۆی دەکات.

پیرۆز بێت ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار

پیرۆز بێت یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی خوێندکاری

بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کاریگەری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سەرماوەزی ١٤٠٢

دێسامبری ٢٠٢٣