فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان
پێنجشەممە ۰۴-۰۹-۱۴۰۰   |  25-11-2021

٦١ ساڵ لە کوشتنی خوشکەکانی میرابێل بەدەستی جەنایەتکارانی ڕژیمی دیکتاتۆری ڕافائێل تروخیلیۆ لە دۆمینیکەن تێپەڕ بووە. پاش ئەشکەنجە و دەستدرێژی و کوشتنی “پاتریا”، “مینێرڤا” و “ماریاترێزا”ی میرابێل، ئەم سێ خوشکە بوون بە هێمای خەبات دژبە دیکتاتۆری تروخیلیۆ و سەمبۆلی تێکۆشان لەپێناو ئازادی و لە سەرتاسەری جیهان بە پەپوولە لەبیرنەکراوەکان ناسران. دەوروونەخشی ئەم خوشکانە کە بوون بە قوربانیی توندوتیژیی دەوڵەت لەپێناو خەبات بۆ ڕزگاریی مرۆڤ، بوو بە هاندەرێک تا ڕێکخراوەکانی ژنانی ئەمریکای لاتین و دوورگەکانی دەریای کارائیب لە یەکەمین کۆبوونەوەیان لە بۆگۆتای کۆلۆمبیا، لە ساڵی ١٩٨١، ڕۆژ ی ٢٥ نوامبر وەک “ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی دژبە ژنان” ڕاگەیەنن. ١٨ ساڵی خایاند تا بەزەبری خەباتی نەپساوە و جیهانیی ژنان لە لایەن ژنانی پێشڕەو، کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٩ بڕیاری کۆبوونەوەی ئەم ڕێکخراوانەی بەڕەسمی ناسی. ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەیکە لە ئاکامی پێشڕەویی بزووتنەوەی ژنان لە ئاستی جیهاندا لە زۆرێک لە وڵاتەکان بەرابەریی یاسایی ژنان و پیاوان بەڕەسمی ناسراوە و یاساکانی ڕێگری لە توندوتیژی لەلایەن پەرلەمانەکانەوە پەسندکراون،  بەڵام ئامارەکان دەرخەری ئەم حەقیقەتەن کە هێشتا توندوتیژی بەرانبەر ژنان لە ئاستێکی کارەساتباردا هەروا بوونی هەیە. پانتایی بەرینی داسەپاندنی توندوتیژیی دژبە ژنان نیشانی دەدات کە خەبات بۆ نەمانی یەکجاریی توندوتیژی و ڕزگاریی ژنان، تەنیا بە یەکسانیی یاسایی لەگەڵ پیاوان و بە یاسای ڕێگری لە توندوتیژی دژبە ژنان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا نایەتەدی. بەڵکوو بەو ئامانجە، نەزمی کۆمەڵایەتیی زاڵ پێویستە بەتەواوی ژێروژوور بکرێت. لەبەر ئەوەیکە نائەمنی و داسەپانی توندوتیژیی ژنان و کۆیلەتیی جنسییەتی ڕیشەی لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی سەرمایەداری دایە. تا کاتێک کە سیستەمی سەرمایەداری زاڵ بێت، هەموو ئامرازەکانی دەسەڵات لە بواری بەرهەمهێنان، بنەماڵە، کلتوور، ئایین، سوننەت، ئایدیۆلۆژی و یاسا و دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی دەوڵەت، لە هاوئاراستەیی یەکتردا حەرەکەت دەکەن تا دیاردەی هەڵاواردن و توندوتیژی دژبە ژنان وەک بابەتێکی “سرووشتی” درێژەی بێت. 

تا کاتێک کە موناسباتی سەرمایەداری زاڵە، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و قەیرانی ژینگە و شەڕ کە ژنان لە یەکەمین قوربانیانن، دەبێتە بەستێنێک بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لەدژی ژنان. لە حاڵێکدا کە هێشتا ژنان لە دواهاتی وێرانکەری قەیرانی جیهانی سەرمایەداری لەسەر کار و ژیانیان ڕزگاریان نەببوو، جیهانی بوونەوەی قەیرانی کۆرۆنا، هەژاری و بێکار و توندوتیژی بەرانبەر ژنان توندتر کردەوە. بە پێی  ڕاپۆرتەکان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان ملیۆن پیشەی تایبەت بە ژنان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە هەتا ئێستا لە سەرتاسەری جیهان لەناوچوون. چونکە زۆرێک لە پیشەکان لەوانە کاری ڕێستووران، فرۆشگا، ئاگالێبوون لە منداڵ و ناوەندە دەرمانییەکان کە پێویستیان بە حزووری فیزیکی و پەیوەندی لەگەڵ خەڵک هەیە و ژنانیش زیاتر لەم بەشانەدا کۆبوونەتەوە، لە یەکەمین کەسانێک بوون کە پیشەکانی خۆیان لەدەست داوە. بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە نابەرابەریی ئابووری، کۆمەڵایەتی و جنسییەتیی جێکەوتوو لەناو کۆمەڵگای سەرمایەداری بەشێوەیەکی بەرچاو توندتر بووەتەوە و کاریگەری درێژماوەتری لە خودی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەسەر پێگەی ژنان داناوە. ئەگەرچی هەژاریی سەرچاوەگرتوو لە بێکاری، هاتنەخوارەوەی ئاستی خۆشبژێوی، نەبوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و سیستەمی تەندرووستیی گشتی پێویستە وەک بەشێک لە توندوتیژی بناسرێت، بەڵام باروودۆخی قەرەنتینە و مانەوە لە ناو ماڵیش بووەتە بەستێنێک بۆ توندبوونەوەی توندوتیژی لەدژی ژنان لە چوارچێوەی بنەماڵەدا.

بەڵام لە کۆمەڵگای ئێران کە ڕژیمێکی دژەژنی مەزهەبی دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستەوەیە و یاسای شەرعی ئیسلام لەگەڵ دەسەڵاتی سەرمایە تێکهەڵکێشراوە و ژنان بە پێی یاسا، ڕەگەزی دووهەم دەناسرێن، توندوتیژی دژبە ژنان بە نامرۆڤانەترین شێوەی وەک قەتڵی نامووسی، پانتاییەکی خۆفناکتری بەخۆی گرتووە. ئەم ڕژیمە بە کەڵک وەرگرتن لە دینی ئیسلام وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژیک و بە یاریی کلتووری دواکەوتووی پیاومەزن وەک یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتەکەی، هەڵاواردن و نابەرابەریی جنسییەتی و توندوتیژی ژنانی بە دامودەزگا دەرهێناوە و لەگشت بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەڕێوەی دەبات. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی مافی سەرەتایی ژنان لەوانە مافی جیابوونەوە، مافی سەرپەرستیی منداڵ، مافی میرات، مافی سەفەر، مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، مافی هەڵبژاردنی لقی خوێندن و گەلێک مافی دیکە، پێشێل دەکرێت. داسەپاندنی ئەم بێ مافی و توندوتیژیانە، وێنەیەکی ڕوونە لە جەحەنەمێک کە پێکهاتەی دین و سەرمایە لە ئێران خوڵقاندوویانە.

لەڕاستیدا ئەم توندوتیژییە دەوڵەتیانە دژبە ژنان، بەستێنکی گونجاوی بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیش دژبەوان خوڵقاندووە. هەربۆیە توندوتیژی دژبە ژنان بە هەموو نەهامەتیەکانیەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە پێویستە بەستێنی بەرهەمهاتنەوەی بناسرێت و بە پێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوەی ڕێکخراو  لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا، هێزی جەماوری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤی ئازادە و بەرابەریخواز بۆ خەبات لەدژی بێنە مەیدان. نابێ ڕێگە بدرێت هیچ شێوازێک لە دەستدرێژی و توندوتیژی لەدژی ژنان بابەتێکی شەخسی، بنەماڵەیی، قەومی، کلتووری و مەزهەبی پێناسە بکرێت و لە بەدواداچوون و سزا لە ئەمان دا بێت.  ستەمکێشی و توندوتیژی جێکەوتوو دژبە ژنان ڕیشەی لە دەسەڵاتی دین و سەرمایە دایە. هەربۆیە خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی دژبە ژنان و هەڵوەشاندنەوەی ئاپارتایدی جنسییەتی بەشێکی جیانەکراوەیە لە خەبات دژبە سەرمایەداری و خەبات  دژبە دەسەڵاتی مەزهەبی. لەم ڕوانگەوەیە کە لەناوبردنی بەستێنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی توندوتیژی دژبە ژنان لە ڕێگەی هێرشی ڕادیکاڵ بۆسەر ڕژیمی سەرمایەداریی مەزهەبیی زاڵ لە ئێران و لە مەسیری خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێپەڕدەبێت.

وێڕای بەرز ڕاگرتنی یادی پەپوولە لەبیرنەکراوەکان، ڕۆژی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی دژبە ژنان، بکەینە ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمان لە خەبات بۆ پاشەکشەپێکردن بە مەزهەب لە بواری ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆژی خەبات دژبە نەزمی پیاوسالاریی سەرمایەداری و هەوڵی هەرچی زیاتر بۆ یەکگرتوویی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان.

نەمێنێ توندوتیژی دژبە ژنان

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

خەزەڵوەری ١٤٠٠

نوامبری ٢٠٢١