بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان کرێکاری زیندانی “شەریفە محەممەدی” کە لە زیندانی لاکانی ڕەشت زیندانی کراوە بە حوکمی لقی یەکی دادگای ڕژیم لە ڕەشت بە ئێعدام مەحکووم کراوە. “شەریفە محەممەدی” ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو بەهۆکاری چالاکیی کرێکاری دەستگیر و دوای تۆمەتبارکردنی بە “بەغی” لەلایەن بێدادگای ڕژیمەوە بە مەرگ مەحکووم کرا. سەندیکای کرێکاریی شیرکەتی واحیدی ئوتوبووسڕانیی تاران و دەوروبەر لە ڕاگەیاندنێکدا، تۆمەتی “بەغی” لەدژی “شەریفە محەممەدی” چالاکی کرێکاریی خەڵکی ڕەشت بەتوندی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ئەم تۆمەتە بەتەواوی درۆ و بێبنەمایە. سەندیکای شیرکەتی واحید وێڕای خواستی ئازادیی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئەم چالاکە کرێکارییە، وەها کردەوەیەکی ڕژیمی سێناریۆسازی و درێژەی ئازار و ئەزیەتی سیستماتیک لەدژی چالاکانی کرێکاری وەسف کردووە.
“شەریفە محەممەدی” چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا و بەردەوام لەژێر فشاری دەروونی و جەستەیی و هەڵسووکەوتی نەشیاوی هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕژیمدا بوو تا ئیعتراف بەو تاوانانە بکات کە بۆیان دیاری کردبوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەندیکای واحید، فشارەکان بۆسەر ئەم چالاکە کرێکارییە لەئاستێکدا بووە کە نیگەرانی و ناڕەزایەتیی بەرپرسانی زیندانی ڕەشتی لێکەوتووەتوە و ترسی ئەوەیان بووە گیانی لەدەست بدات.
دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ “شەریفە محەممەدی” لە درێژەی پەرەپێدانی هەڵسووکەوتی ئەمنیەتی و قەزایی ئۆرگانەکانی سەرکوت و تۆقاندنی ڕژیم لەدژی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، موعەلیمان، خانەنشینان و چالاکانی بزووتنەوەی ژنان ئەنجام دەدرێت و بەشێکە لە پڕۆژەی ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا و ڕێگری لە چالاکیی کرێکاری و کۆمەڵایەتی. ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بەباشی دەزانێ کە لەسەر گڕکانی تووڕەیی و بێزاریی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران حکوومەت دەکات و هەردەم ئەگەری هەڵچوون و ڕاماڵینی دەسەڵاتی هەژاری و سەرکوت و کۆنەپەرستی لەئارادایە. کارگێڕانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ترسی ڕووخان و کۆکرانەوەی بیساتی چەوسانەوە و سەرکوت و ماشێنی کوشتارەکەیان، وەک هەمیشە هەوڵ دەدەن بە دەرکردنی ئەمجۆرە ئەحکامە کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانەیە بەر بە پێشڕەوی و گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران بگرن.
کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوا لە هەموو چالاکانی کرێکاری و ئینسانە ئازادیخواز و تێکۆشەرەکان دەکات کە بە هەموو تواناوە حوکمی ئێعدامی “شەریفە محەممەدی” مەحکووم بکەن و بە کردەوەی بەرین و کاریگەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکەن. پێویستە هەرچی زیاتر یەکیەتییە کرێکارییەکان، ناوەندەکانی بەرگریکاری مافی مرۆڤ و دژبەرانی سزای ئێعدام بێنە مەیدان و هەڵمەتێکی جیهانی لەپێناوی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەم کرێکارە شەریف و تێکۆشەرە، بخرێتە ڕێ.
کرێکاری زیندانی، زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت
ئێعدام کوشتنی بەئەنقەستی دەوڵەتییە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێت
کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٤ی جولای ٢٠٢٤