فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیەندراوی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان 
چوارشەممە ۰۴-۱۲-۱۴۰۰   |  23-02-2022

بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن

٢٠٢٢

هەڵاواردنی ڕەگەزی و نابەرابەری هێستاش سیمای نەزمی ئێستای جیهانە! ستەم بەرامبەربە  ژنان و زوڵم لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا، یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی نیزامی سەرمایەدارییە کە نابەرابەریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا بەرهەم دێنێتەوە. ئەگەرچی سەرمایەداری داهێنەری ستەمی ژنان نییە و ژێردەستبوونی ژن بەشێوەی جۆراوجۆر لە هەموو کۆمەڵگا چینایەتییەکانی پێشووشدا بوونی بووە، بەڵام سەرمایەداری بەردەوام ستەم بەرامبەر ژنان و پیاوسالاریی لەژێرناوی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگادا بەرهەم هێناوەتەوە و پەرەی پێداوە. بناغەی نیزام و دنیای ئەمڕۆ هەڵاواردن و نایەکسانی، خاوەنداریەتیی تایبەت، کۆیلەتیی کرێگرتە و چەوسانەوەی تاک بەدەستی تاک پێکی دێنێت. ئەم چوارچێوەیە سەرچاوەی نابەرابەری و هەڵاواردن لەوانە ستەم بەرامبەربە ژنان لە شوێنی کار و کۆمەڵگا و یاسا و بیری زاڵە. پیاوسالاری بەرهەمی کلتوور و یاساکانی ئەم نابەرابەرییە بنەڕەتییەیە. ئەگەرچی لە هێندێک لە وڵاتانی پێشکەوتووتری جیهان لەچاو وڵاتانی دیکتاتۆرلێدراو، بەهۆی خەباتی ژنان و خەباتی کرێکاری و سۆسیالیستی، گۆڕانکاری لە یاسا و گۆڕانی نیسبیی لە پێگەی ژناندا پێک هاتووە، بەڵام هەڵاواردنی ڕەگەزی و ستەم بەرامبەر ژنان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەشێوەی بەرچاو بەدی دەکرێت. ٨ی مارس خۆی بەرهەمی بزووتنەوەی نێونەتەوەیی سۆسیالیستیی چینی کرێکار و سوننەتێکی خەباتکارانەی ڕادیکاڵی ژنانی کرێکار و کۆمۆنیستە کە هێستاش لە بەرامبەر دواکەوتوویی بۆرژوازیدا خۆڕاگری دەکەن و بەشەڕ دێن. 

ئەمساڵ لە باروودۆخێکدا پێشوازی لە ڕۆژی جیهانیی ژن دەکەین کە زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا تێپەڕ بووە و بۆرژوازیی جیهانی سەرەڕای دەستڕاگەیشتنی مرۆڤ بە ئامراز و پێشکەوتنی زانست و تێکنۆلۆژی لە بەرامبەر ئەمجۆرە نەهامەتییانەدا، زیاتر لە هەر دەورەیەک نەشیاوبوون و بێتوانایی خۆی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و پاراستنی سڵامەتی خەڵک نیشان داوە. لە جیهانێکدا کە گیانی مرۆڤ بەئاسانی دەبێتە قوربانیی قازانجی سەرمایە، ستەم بەرامبەربە ژنان ناتواێنت ڕیشەکێش بکرێت. پەتای کۆرۆنا و قەیرانی سەرمایەداری نەتەنیا بێکاری و هەژاریی بەرینتری بەسەر چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی جیهاندا سەپاند، بەڵکوو گوشاری سەرچاوەگرتوو لەم باروودۆخە، توندوتیژیی زیاتر و  چوونەسەرەوەی ئازاری جەستەیی و ڕەگەزیی ژنانی  لە بنەماڵە و لە شوێنی کاردا لێکەوتووەتەوە.

ئەگەر هەڵاواردنی ڕەگەزی و ستەم بەرامبەر ژنان پێویستییەکی جیهانییە بۆ قازانجی سەرمایە، ئەم بابەتە لە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمە ئیسلامییەکانی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قالبی سیستمی ئاپارتایدێکی ڕەگەزیی بەتەواو مانادا بەڕێوەدەچێت. ئەم ڕژیمە بە کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژیک و بە یارمەتیی کڵتووری دواکەوتووانەی پیاوسالاری، هەڵاواردنی ڕەگەزی و توندوتیژی بەرامبەربە ژنان بەدامودەزگا دەرهێناوە و مافی سەرەتایی ژنان لەوانە مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ، مافی لەباربردنی کۆرپەڵە، مافی تەڵاق، مافی سەرپەرستیی منداڵ، مافی میرات، مافی سەفەرکردن، مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، مافی هەڵبژاردنی لقی خوێندن و زۆر مافی دیکەی لە ژنان بەڕەسمی زەوت کردووە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو ناوەندەکانی کۆمەڵگا و لە دامەزراوەکانی پەروەردە بووەتە بابەتێکی بنەڕەتی. ڕژیم هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە بە پیاوان مافی چەندهاوسەری دەدات، بە لەجاڕدانی کلتووری پیاوسالارانە و بایەخی پرتووکاو و کۆنەپەرستانەی وەک نامووس و غیرەت، ئاستی توندوتیژی و بەربەرییەتی وەک قەتڵی نامووسی و ژنکوژی پەرەپێدەدات. منداڵ هاوسەری یان دەستدرێژی بۆسەر منداڵان بەیاسا دەردێنێت و لەلایەکی دیکەوە بە پەرەپێدانی سیغە، ڕۆخساری یاسایی بە لەشفرۆشی دەدات.

ئیسلامی سیاسی لەئێستادا وەک بزووتنەوەیەکی دژەمرۆڤ و دژەژن تەنیا لە ئێران ژیانی ملیۆنان ئینسانی بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکوو لە باقیی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاش ژیانی ژنانی لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. بەدەسەڵات گەیشتنی هێزی کۆنەپەرستی تاڵەبان لە پاییزی ٢٠٢١، پاشەکشەی گەورەی بەسەر خەڵکی ئەفغانستان و بەتایبەت بەسەر ژناندا سەپاندووە و بۆ جارێکی دیکە چارەنووسی ژنانی لە ئێران و ئەفغانستان لەپێناو ئازادی و یەکسانی بەرامبەر بە وەحشیگەریی ئیسلامی پێکەوە گرێ داوە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گوشار و هەڵاواردن و سەرکوت و بێمافییانە، بزووتنەوەی ڕزگاری و یەکسانیخوازیی ژنان لە ئێران هیچکات ڕانەوەستاوە و لەئێستادا بووەتە یەکێک لە بزووتنەوە ڕادیکاڵ و بەهێزەکان دژبە گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لەناو خەڵکی ئێراندا لە پشتیوانی و هۆگرایەتیی بەرین بەهرەمەندە. دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە توانای بەرین و ڕادیکاڵی بزووتنەوەی ژنان بەباشی ئاگادارە و هەربۆیە لە هەموو ئامرازێک بۆ سەرکوت و پاشەکشەیان کەڵک وەردەگرێت. 

ئەگەرچی لەماوەی هەموو ساڵانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا، خەباتی ژنانی ئازادیخوازی ئێران بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەی بووە، بەڵام ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ نیشانی دا کە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە پێگەی ژنان، بە پێشڕەویی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکارەوە گرێ دراوە.

هەربۆیە، هەروەک لە بەیاننامەی سیاسیی پەسندکراوی کۆنفڕانسی ستۆکهۆڵمی “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان”دا هاتووە، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن تەنیا بە تێپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە کۆماری ئیسلامی و لەپێناو ئاسۆیەکی سۆسیالیستی، بە بەشداریی چالاکی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و بە هاوڕێیەتی لەگەڵ باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەتوانێت بکەوێتە پێگەیەکی باشترەوە. بزووتنەوەیەک کە هەمووجۆرە ستەم و هەڵاواردنێکی ڕەگەزی ڕەت دەکاتەوە و دژبە هەمووجۆرە نابەرابەری و بێ عەداڵەتییەک خەبات دەکات. بێگومان خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزیش هەروەک باقیی داخوازییەکانی دیکە ناتوانێت لەگەڵ خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و چینایەتیی ئێستای ناو کۆمەڵگا و باقیی بزووتنەوەکانی هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن و چەوسانەوە، هاوئاراستە نەبێت. تەنیا لەڕێگەی پێکەوەپەیوەستبوونی هەموو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستایە کە ئاسۆیەکی ڕوون لە بەرامبەر گشت کۆمەڵگادا دادەندرێت. بێگومان بۆ ژنانی ئەفغانستانیش واقعییەت هەر بەم شێوەیە.

خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنانی ئەفغانستان لەبەرامبەر وەحشیگەریی ئیسلامیی تاڵەبان و دژبە نەرمکێشیی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی، نیشانی دەدات کە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانە لە ئێران و ئەفغانستان بەهێزە و هاوڕێ لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی دیکە بە هاتنە مەیدانی هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەتوانێ ئاسۆی داهاتوویەکی گەش، داهاتوویەکی بەدوور لە ستەم و هەڵاواردن و نابەرابەری بۆ ژنان مسۆگەر بکات.

بەشداریی ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی ڕابردووی مامۆستایان و خانەنشینکراوان، نیشانەی وزەی بەرینی بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ئەوانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن و نابەرابەری لە کۆمەڵگای ئێران. لەئێستادا، کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم ڕووداوی گرینگ دایە و چالاکانی بزووتنەوەی بەرابەریخوازیی ژنان بێگومان لەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا دەبن. 

لە سەروبەندی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژندا، هاوپشتیی لەگەڵ خەباتی ژنان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان بووەتە ئەرکی بەرەی سۆسیالیستی و یەکسانیخوازی ئێران و جیهان و پێویستیی پشتیوانیی هەمەلایەنە لەم خەباتەی سەد هێندە کردووە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، هەموو حیزب و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ڕۆژی ٨ی مارسدا بۆ خەباتی لێبڕاوانە دژبە کۆماری ئیسلامی و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردن و نایەکسانی و ڕزگارییەکی سۆسیالیستی بانگهێشت دەکات. 

بژی بزووتنەوەی یەکسانیخواز و سۆسیالیستیی ژنان!

بڕووخێت ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیسم!

١٩ی فێوریەی ٢٠٢٢

٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠


واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت