ڕفاندنی دوو هاووڵاتی لە پیرانشار
سێشەممە ۱۸-۱۱-۱۴۰۱   |  07-02-2023
سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی ڕێبەندان دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی: ڕەزا بوورکە و سەمیع ڕەسووڵی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ڕفێندران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم هێرشی بەکۆمەڵیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و بە شێوەیەکی دڕندانە و لێدان و بێڕێزیکردن دەرگا و دەلاقەی ماڵەکانیان شکاندووە و ئەو دوو کەسەیان ڕفاندووە.
هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایلی ڕەزا بوورکە و سەمیع ڕەسووڵی و بنەماڵەکانیاندا گرتووە.تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی ئەو هاووڵاتییانە و شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.