شەوی چوارشەممە، ٢٧ی گوڵان، هەشت هەڵسووراوی مەدەنی و کرێکاریی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خێرابادی، سیروان مەحموودی، ئیقباڵ پیشکاری، هاجەر سەعیدی، خەبات مەحموودی و حەبیبوڵڵا کەریمی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سنە بە شێوەیەکی دڕندانە و بەکارهێنانی توندوتیژی ڕفێندراون. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هەشت هاووڵاتییە لە ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی هوومەن عەبدوڵڵاهی، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژینا لە شاری سنە، بە لێدان و بێڕێزی و بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارە ڕفێندراون. هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ هێزەکانی ئیتلاعات لە کاتی هێرش بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی بە مەبەستی ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییانە، بێڕێزییان بە فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی گیانبەختکردوو هوومەن عبدوڵڵاهی کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری ڕفاندنی ئەو هەشت هەڵسووراوە مەدەنی و کرێکارییە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.