فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕفاندنی پێنج هاووڵاتیی لە شارەکانی دێهلۆران و سنە
شەممە ۲۹-۱۱-۱۴۰۱   |  18-02-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی دێهلۆران و سنە، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێهلۆران بە ناوەکانی “فەرشاد ئایینی، سەعدوڵڵا ئایینی، عەزیم یادگار و سەفوورا مەلەکی”، هاوژینی ناوبراو، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون. شایانی باسە، ئەو چوار هاووڵاتییە چەند کاتژمێر دوای ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارە لە شەوی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراون. هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، “مەهدی تەوەکولی”، مامۆستای وێنەگری ئەنجومەنی سینەمای کوردستان، دوای ڕفێندرانی لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.