نزیکەی مانگ و نێوێک لە دەستپێکی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی خەڵکی خەباتکاری ئێران تێدەپەڕێت. لەم ماوەیەدا ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، شەقام، زانکۆ و مەدرەسە و گەڕەکی شارەکانی ئێرانیان کردووەتە گۆڕەپانی شۆڕش دژبە گشت دەسەڵاتی ئیسلامی. کردوویانەتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی دڕندانەی بەکرێگیراوانی سەرکوتگەری ئەم ڕێژیمە تاوانکارە. لەم ماوەیەدا خەباتکارانی شەقام بە پێشەنگایەتیی ژنانی ئازادیخواز زۆر جار بوێرانە، بە گیانفیداییەکی بێوێنە و بەدەستی بەتاڵەوە هێزە سەرکوتگەرەکانیان لە مەیدانی نەبەرد ڕاوناوە. لە جەرەیانی ئەم ناڕەزایەتی و نەبەردانەی شەقامدا هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ کەس گیانیان بەخت کردووە کە ٣٧یان منداڵ بوون. هەزاران کەسیش بریندار بوون و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون.
سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییە خوێناوییانە، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر هەروا بەردەوامە. ناڕەزایەتییەکانی چلەمین ڕۆژی قەتڵی دەوڵەتیی مەهسا ئەمینی و نیکا شاکەرەمی و جەماوەریتر بوونەوەی ناڕەزایەتییەکان بەتایبەت لە شارەکانی سەقز و مەهاباد و خورەم ئاباد و عەزمی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری بۆ هێنانە مەیدانی چینی کرێکار، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. جەماوەری ڕاپەڕیو عەزمیان کردووە کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بڕووخێنن. ئەو دروشمانەی کە لە شەقام و فەزای شار و زانکۆکاندا دەنگ دەدەنەوە پێمان دەڵێن کە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێران بڕیاریان داوە کە لەسەر وێرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشبژێو و بەدوور لە هەژاری، بێبەشی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و دینی پێک بێنن.
ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە ئێستا شەش هەفتە لە دەستپێکی تێدەپەڕێت، بە هیچ شێوەیەک دیاردەیەکی لەناکاو نەبوو. دواهاتی داسەپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و یاسا و سیاسەتی دژی ژن بەرامبەر بە نیوەی کۆمەڵگە، ئاکامی دۆخی دژواری ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەش، بێ مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پێشێلکردنی مافی تاکەکەسیی ئینسانەکان، ئاکامی سەرکوتی بەرین و هەوسارپچڕاو بوو کە لە زۆر پێشڕەوە بەسێتن و زەمینەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەی فەراهەم کردبوو.
ڕیزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری حکوومەتی ئیسلامی!
سەرانی حکوومەتی ئیسلامی دوای ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی جەنایەتکارانەیان، بۆ جارێکی دیکە ئێوە ڕیزەکانی خوارەوەی هێزی چەکدار بە جلی پۆلیس، ئەرتەش، سوپا و بەسیجی، گاردی ویژە و هێزی ئینتزامی و بە هیدایەتی فەرماندە جەنایەتکارەکان ڕەوانەی شەقام و زانکۆکان دەکەن تا دەست بدەنە کوشتنی خەڵکی ناڕازی. سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە هەینیی خوێناویی زاهیداندا بە دانی فەرمانی تەقەکردن بە ئێوە، ٦٦ کەس لە خەڵکی ناڕازی و بێ دیفاعیان یەک جێ خەڵتانی خوێن کرد. سەرانی ئەم ڕێژیمە بە ڕەوانە کردنتان بۆسەر شەقامەکان و بە فەرمانی تەقەکردن، هەتا ئێستا خوێنی زیاتر لە ٢٥٠ ژن و پیاوی شۆڕشگێڕیان پێ ڕشتوون. بە ئەنگوستی ئامادەی تەقەی ئێوە، ٣٧ منداڵیان کوشتووە. حەتمەن ڕۆڵەی ئاشنایان و دۆستان و دراوسێکانی ئێوەش لەناو گیان بەختکردووان و بریندارەکان دان. چۆن دەتوانن چاو لە چاویان بکەن؟ چۆن ئیجازە بە خۆتان دەدەن تەقەیان لێ بکەن؟ سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی بە کردنی ئەم جەنایەتانە بە دەستی ئێوە دەیانهەوێ هەموو پردەکانی گەڕانەوەتان بۆ ناو باوەشی خەڵک بڕووخێنن.
ریزەکانی خوارەوەی هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئیسلامی!
ئێستا کە شەش هەفتە بەسەر ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازدا تێپەڕیوە، حەتمەن بۆ نائاگاترینی ئێوەش ماهییەتی درۆکانی خامنەیی و باقیی سەرانی ڕێژیم کە ناڕازییان بە ئاژاوەگێڕ و دەست و پێوەندی دەوڵەتانی تر دەزانن، ڕوون بووەتەوە. ئایا بێبنەما بوونی ئەم هەڵیت و پڵیت و تەبلیغاتە درۆیینە نابینن؟ تا کەی دەبێ هەموو ڕۆژێ تەقە بکەن و ژمارەیەکی تر لە ژنان و پیاوانی لاو خەڵتانی خوێن بکەن؟ چ وڵامێکتان بۆ دایکی گیان بەختکردووان هەیە؟ چ وڵامێکتان بۆ نەسرین شاکەرەمی، دایکی گیان بەختکردوو نیکا شاکەرەمی هەیە کە لە مەراسمی چلەمین ڕۆژی گیان بەختکردنی نیکادا ڕووبە بەشداربووان و نیکای نەمر وتی: “دڵشکاوترینم بۆ ئەو ئاواتانەی کە لەگەڵ خۆت بردتە ژێر خاک. هەتاهەتایە بۆ ڕەنجەکانت لە عەزاب دام. بەڵام ئازیزەکەم کاتێک دەبینم بە پەڕپەڕ بوونت تۆوی پاکی بیری ئازادیخوازی، شەهامەت و شەرافەت لە دڵی ئازیزانی دیکەدا دەپشکوێ خۆشخاڵم و شوکرانەبژێر … “. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە ئێوە چارەنووسی خۆتان با چارەنووسییەوە گرێ داوە، توانای بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئەم دایکانە، لەگەڵ ئەم بزووتنەوە و گۆڕوتینە شۆڕشگێڕانەیە نییە. دڵنیا بن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و دادخوازیی ئەم دایکانە سەردەکەوێت و شکستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی حەتمییە.
سەران و فەرماندەکانی حکوومەتی ئیسلامی کە بە دزی و تاڵانکردنی حاسڵی ڕەنج و کاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، سەروەت و پارەی بەرینیان وەسەریەکناوە، هەر لە ئێستاوە بۆ هەڵاتنی خۆیان نەخشەیان کێشاوە و ئێوەیان لە گیانی خەڵک بەرداوە تا لە سبەینێیی شۆڕشدا، ئێوە تاوانی جەنایەتەکانیان بدەنەوە. سەرانی کۆماری ئیسلامی بیریان لە چارەنووسی خۆیان کردووەتەوە و نەخشەیان داڕشتووە تا وەک محەممەدڕەزا پەهلەوی و بنەماڵەکەی بە چەمەدانی پڕ لە دۆلارەوە لە ئێران بڕۆنە دەر.
ئێوەش مافی خۆتانە و دەبێ بیر لە داهاتووی خۆتان و بنەماڵەکەتان بکەنەوە. بەخۆتاندا وەرنەوە، ئەم ڕێژیمە نەک هەر دوژمنی خەڵکی ئێران، بەڵکوو دوژمنی خودی ئێوەشە.
مەگەر زۆرێک لە ئێوە بە زۆر و یان لەژێر گوشاری هەژاری و فەلاکەتێک کە خودی ئەم ڕێژیمە هۆکاریەتی، نەچوونە ناو سەربازخانە و پادگان و ناوەندە نیزامییەکانەوە؟
مەگەر لەناو پادگانەکان لەژێر نائینسانیترین بارودۆخیدا ژیانێکی دۆزەخی و ئیتاعەتی کوێرکوێرانەیان بەسەردا نەسەپاندوون؟ مەگەر بە پێچەوانەی مەیلی ئێوە فەرمانی تەقەکردن و پەڕپەڕکردنی ئاواتەکانی نیکا شاکەرەمییەکان دەرناکەن؟ مەگەر بەپێچەوانەی ویستی دەروونیی ئێوە، هەموو ڕۆژێ بۆ کوشتنی خەڵک ڕەوانەی شەقامەکانتان ناکەن؟
ڕێزەکانی خوارەوەی هێزی چەکداری حکوومەتی ئیسلامی!
زۆرێک لە ئێوە بەشێک لەو جەماەرە کرێکار و زەحمەتکێش و هەژارەن کە خۆتان و بنەماڵەکانتان لە ژیانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا وەتەنگ هاتوون. ڕێگە مەدەن ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە گیان و ژیانتان بکاتە زامنی مانەوەی خۆی. کاتێک بە ئەنگوستەکانتان ماشەی تفەنگ فشار دەدەن، ئاگادار بن کە گولـلەکانی لە سینگی ئەو خەڵکە زەحمەتکێشە دەدرێت کە هەروەک خۆتان لەژێر ستەم و مەشەقەت دا بوون. لە سینگی لاوان و خەڵکێک دەدرێت کە ئیرادەیان کردووە و بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕەفاهی ئینسانەکان و بۆ نەجاتی خۆدی ئێوەش خەبات دەکەن. چارەنووسی خۆتان بە چارەنووسی ئەم ڕێژیمەوە گرێ مەدەن. چارەنووسێکی تر چاوەڕوانتان دەکات. با درەنگ نەبێ، شک و گومان وەلا نێن. هەر ئەمڕۆ چارەنووسی مرۆڤی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب و شۆڕشگێڕ هەڵبژێرن. ڕیزی دژەشۆڕشی حکوومەتی ئیسلامی جێ بهێڵن و بە ڕیزی خەڵکی خەباتکار و شۆڕشگێڕ پەیوەست بن.
بێگومان ئەگەر بە ڕیزی خەڵک پەیوەست بن، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە باوەشی کراوەوە پێشوازیتان لێ دەکەن و لە هەڵبژاردن و گرتنەبەری ژیانێکی سەربەرزانەدا یارمەتیدەرتان دەبن.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران