بەدوای هێرشی مووشەکیی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر بینای کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق لە ڕۆژی ١٣ی مانگی خاکەلێوە، بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی حکوومەتی ئیسلامی هەتا ئێستا گەلێک جار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئیسرائیل کردووە. بەهۆی ئەم هێرشەوە بینای کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی تێکڕووخا و لانیکەم حەوت ئەندامی سپای پاسداران، لەوانە دوو فەرماندەی باڵا “محەممەد ڕەزا زاهدی” کە لە هەمان کاتدا ئەندامی شۆرای فەرماندەیی حزبوڵڵای لۆبنانیش بوو، وە جێگرەکەی “محەممەد هادی حاجی ڕەحیمی”، بەرپرسی هاوئاهەنگیی هێزی قۆدسی سپای پاسداران کوژران. عەلی خامنەیی ڕۆژ چوارشەممە ٢٢ی مانگی خاکەلێوە بێجگەلە وتارەکەی لە موسەلای تاران بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزان لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا بە بەشداریی کاربەدەستانی سیاسی و نیزامی بۆ چوارەمین جار باسی هێرشە مووشەکییەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی کرد. خامنەیی پێشەکیی باسەکەی خۆی بە هەڕەشەکردن لە ژنان بۆ ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەکی و ئەوەیکەی ناوی نا “بەهاشکێنی” دەستپێکرد و بۆ جارێکی دیکە فەرمانی ئاتەش بە ئیختیاری لەدژیان دەرکرد. پاشان سەبارەت بە بابەتی سەرەکی واتە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوولخانە و کوژرانی ئەو حەوت کەسە قسە و باسەکانی دەستپێکرد. خامنەیی بەبێ ناوبردنی ئەوان وتی: ”ئێمە داغداری شەهیدانمان بووین بەڵام ئەوان کامڕەوا بوون و بە ئامانجیان (شەهادەت) گەیشتن”. پاشان بەشێوەیەکی نامەعلووم و بە بێ دیاریکردنی کات و شوێن و جۆری کاردانەوە، بۆ جارێکی تر هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل کرد و وتی: ”سەهیۆنیستەکان هێرشیان کردە سەر کۆنسوولخانەی ئێمە، واتە هێرشیان کردە سەر خاکی ئێمە. ئەم ڕژیمە نگریسە هەڵەی کرد و دەبێ تەنبێ بکرێ و تەنبێش دەکرێ”. وتەکانی خامنەیی بە دروشمی “مەرگ بۆ ئیسرائیل” لەلایەن بەشداربووانەوە وڵامی پێدرایەوە. خامنەیی لە هەمان کۆبوونەوەدا بە حاڵەتێکی تووڕە و بێهیوایانە هێرشی کردە سەر هەندێک لە دەوڵەتانی ئیسلامی کە یارمەتیی ئیسرائیلیان داوە و ئەوانی بە خەیانەت بە “ئۆمەتی ئیسلامی” تۆمەتبار کرد.
هەڵبەت ئەمە یەکەم جار نییە کە ئیسرائیل چ لە ناوەوەی ئێران و چ بەتایبەت لە سووریە، هێز و دامەزراوە و بنکە و ئەنبارە تەسلیحاتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج. کوشتنی زانایانی ئەتۆمی لەناو خاکی ئێران، کوشتنی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و باقیی مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە لۆبنان، سووریە، عێراق، دزین و بردنەدەری ٥٥ هەزار لاپەڕە لە بەڵگەی زانیاری و سەدان دۆسیەی چالاکیی ئەتۆمیی ڕژیم لە ساڵی ٢٠١٨، بەشێک لەو چالاکییانە بووە کە دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی کۆماری ئیسلامی ئەنجامی داوە. بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر کۆماری ئیسلامی. هێرشی مووشەکیی ئەم جارەی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوولخانەی حکوومەتی ئیسلامی لە کاتێکدا کە لەوێ کۆبوونەوەی فەرماندە نیزامییەکانی سپای پاسداران لەگەڵ بەرپرسانی نیزامیی حەماس و حیزبوڵڵا و هتد، لەئارادابوو، بۆ ڕێبەرانی ڕژیمی ئیسلامی چاوەڕوان نەکراو بوو. بەڕێوەچوونی وەها کۆبوونەوەیەک یەکەم، ڕۆڵ و دەخاڵەتی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لەڕێگەی گرووپە ئیسلامییەکانی نزیک لە خۆی سەلماند و دووهەم، ئیدیعای درۆینەی ڕژیمی ئیسلامی ئاشکرا کرد کە دەڵێ لە سووریە حزووری نیزامیی نییە و تەنها بۆ ڕاوێژکاری و حمایەت لە حەرەمی زەینەب لەوێیە.
دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل و کابینە جەنگییەکەشی سەرەڕای هەموو جەنایات و جینۆسایدێک کە لەماوەی شەش مانگی ڕابردوو لە غەززە لەدژی خەڵکی بێدیفاع ئەنجامیان داوە، نەیانتوانیوە بە ئامانجی خۆیان بگەن و سەرەڕای کۆمەک و پشتیوانیی ماڵی و تەسلیحاتیی بەرینی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ، حکوومەتی ئیسرائیل لەم شەڕەدا گەیشتووەتە بنبەست. دەوڵەتی نەتانیاهۆ بەهۆی جەنایاتی جەنگیی بێ ئەژمار کە دژبە خەڵکی ستەملێکراوی غەززە ئەنجامی داوە کەوتووەتە بەر ڕق و بێزاریی بیروڕای گشتیی جیهانەوە و لە ناوەوەی ئیسرائیلیش لەژێر گوشاری خەڵکی ناڕازیدایە بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕەی کە هەزینەی قورسی گیانی و ماڵی و مەترسیی ئەمنییەتیی بەسەردا سەپاندوون. لە وەها بارودۆخێکدا نەتانیاهۆ و کابینە ڕاستە توندئاژۆ و ڕەگەزپەرستەکەی بەدوای دەرفەتێکەوەن بۆ ئەوەی بەرینایی ئەم شەڕە پەرە پێبدەن و کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا بکێشنە ناو شەڕی ڕاستەوخۆوە و لەم ڕێگەوە ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاواش بۆ بەشداری نیزامی و پشتیوانیکردن، بەرەوڕووی کاری ئەنجامدراو بکەنەوە. لە وەها کەشوهەوایەکدا بەگوێرەی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی مانگی خاکەلێوە دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ جارێکی تر لە باکووری شاری “دەرعا” ئەنبارەکانی کەرەستەی نیزامیی سووریە و گرووپە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆردومان کرد.
واقعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیش لەبواری سیاسی و ئابووری و ناوخۆییەوە لە بنبەست و قەیرانی قووڵدا گرفتارە. کرێکاران و بەش مەینەتان و جەماوەری وەگیانهاتوو لە بارودۆخی ئێستا لە ناوخۆی ئێران دەمێکە شەڕێکی چارەنووسسازیان لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەستپێکردووە. ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی مەیدانەکانی ئەم شەڕە بوون کە پایەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییان خستووەتە لەرزە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پشتی جەبهەیەکی ئەمنی نییە و ئەگەر بچێتە ناو شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیلەوە، بێگومان بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە نەتەنیا بە شەڕخوازیی ڕژیمی ئیسلامی چاوترسێن نابن، بەڵکوو ئاراستەی هێرشبەرانەتر دەگرنە بەر و شەڕی کۆنەپەرستانە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەنە شەڕی ناوخۆیی بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و نیزامی ئیسلامی لەژێر داروپەردووی شەڕی کۆنەپەرستانە لەگەڵ ئیسرائیل دەنێژن.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وڵام بە هەڕەشەکانی خامنەیی ڕایگەیاند کە هەرجۆرە هێرشێکی نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئیسرائیل، لە ناو خاکی ئێراندا وڵام دەدەنەوە. لەم پەیوەندەدا شەوی چوارشەممە ٢٢ی مانگی خاکەلێوە جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکاش لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ جارێکی دیکە لەسەر پشتیوانیی ئەمریکا لە ئیسرائیل جەختی کردەوە و وتی: ”بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلم وتووە کە بەڵێنی ئێمە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بەرامبەر بە هێرشی کۆماری ئیسلامی پۆڵایینە”. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ ئەمریکا ناوەرۆکی ئەم هۆشدارەی لەڕێگەی دەوڵەتانی عێراق، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات بە کۆماری ئیسلامی گەیاندووە.
ئەگەرچی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کۆنسوولخانەی ڕژیم، بۆ کۆماری ئیسلامی و بەرەی موقاومەتەکەی مایەی سووکایەتی و سەرشۆڕییە، بەڵام خامنەیی و ڕێبەریی سپای پاسداران هەتا ئێستا بێجگەلە هەڕەشە و جەنجاڵی تەبلیغاتی، نەیانتوانیوە هەوڵێکی کرداری و جیددی دژبە ئیسرائیل ئەنجام بدەن. بەڵام لە هەوڵی ئەوەدان تا بەڵکوو بتوانن لەڕێگەی دیپلۆماتیکەوە بە ئامانجی ناوخۆیی و بۆ ڕازیکردنی لایەنگران و پشتیوانانیان، ڕێگایەک بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نیزامیی تەنانەت سووری و درۆینە لە جۆری ئەوەیکە لە “عەینولئەسەد” ئەنجامیان دا دژبە ئیسرائیل بدۆزنەوە. وە یان شایەد بیانهەوێ بە قەولی خۆیان بە “سەبری ستراتێژیک” تەحەمولی ئەو تەحقیر و داماوییە بەرامبەر بە ئیسرائیلیش بە تێپەڕینی کات بسپێرن. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانن کە سەردەمی شەڕی نیابەتی دژبە ئیسرائیل بەسەرچووە. ڕژیمی ئیسلامی ئەگەر شەڕی نیابەتی لەگەڵ ئیسرائیل درێژە بدات، دەبێ ڕیسکی کەوتنە ناو شەڕی ڕاستەوخۆش قەبووڵ بکات. دەوڵەتی ئیسرائیل بەهۆی ئەو بنبەست و قەیرانانەی بەرەوڕووی بووەتەوە دەیهەوێ شەڕی نیابەتیی ڕژیمی ئیسلامی بکاتە شەڕی ڕاستەوخۆ بۆ لێدان لە سەری مارەکە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran