فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕژیم لە جوانڕۆ پێش بە دانی خوێن لە خەڵک دەگرێ
چوارشەممە ۱۴-۱۰-۱۴۰۱   |  04-01-2023

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە سایتی کۆمەڵە، بەشێک لە هاووڵاتییان لە ناوچەی کامیاران بۆ پێدانی خوێن بە بریندارانی خۆپیشاندانی چلەی گیانبەختکردووانی شاری جوانڕۆ سەردانی نەخۆشخانەی ئەو شارەیان کردووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەوە خوێنیان لێ وەرنەگیراوە.

بەپێی زانیارییەکان بەرپرسان و پێرسۆنێلی نەخۆشخانە لەژێر گوشاری ناوەندەکانی سەر بە سپای پاسدارنی ڕژیم، بەو کەسانەیان وتووە کە کەرەستەی پێویستیان بۆ وەرگرتنی خۆین نییە و ئەگەر دەیانهەوێ خوێن بدەن دەبێ بچنە شاری کرمانشا.

دوای ڕێگریکردنی هێزەکانی ڕژیم لە بەڕێوەچوونی چلەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە شاری جوانڕۆ شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ڕژیم هاتە ئاراوە، کە لە ئاکامدا لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵان بە ناوی بورهان ئەلیاسی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد و دەیان کەسیش بریندار بوون.

وەرنەگرتنی خوێن لە خەڵک لەحاڵێکدایە کە نەخۆشخانەکانی شاری جوانڕۆ لەگەڵ کەمیی خوێن بەرەوڕوون و گیانی نەخۆشەکان لە مەترسی جیدی دایە .

پێویستە بوترێ کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم بۆ گوشار خستنە سەر خەڵک بە مەبەستی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە خۆیان نابوێرن.