رۆژی شەممە ١ی گوڵان، ڕژیم بڵاوەی بە هێز و کەلوپەلە نیزامییەکانی لە کرماشان کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕژیم لە ترسی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر هەوانیرووی کرماشان و پادگانی مووشەکی لە کنێشک، بڵاوەی بە هێز و هێلیکۆپتەر و کەرەستە نیزامییەکانی کردووە.
ئیسرائیل بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٣١ی خاکەلێوە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەرتەشی ڕژیمی لە ئیسفەهان کردە ئامانج.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆڕتێکدا و بە پێی وێنە ئاسمانییەکان لە شوێنی هێرشەکە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە هێرشکەیدا بەشێکی گرینگ لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بنکەکەی کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆری پێ گەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە وێڕای لێدوانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی سەبارەت بە هێرشەکە، ئەرتەش و دەوڵەتی ئیسرائیل بە شێوەی فەرمی هێرشەکەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.
بڵاوەپێکردنی هێز لەلایەن ڕژیمەوە لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕژیم هەوڵی کەمبایەخ نیشاندانی هێرشەکەی ئیسرائیلیان دەدا.