فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕۆژی یەکی مەی، ڕۆژی ڕەزم و هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران!
چوارشەممە ۰۷-۰۲-۱۴۰۱   |  27-04-2022

ئەوەڵی مانگی مەی، ١١ی گوڵان ڕۆژی جیهانیی ڕەزمی کرێکاران، ئەمساڵ لە باروودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە نەتەنیا پەتای کۆرۆنا هێستاش بەردەوام مرۆڤەکان دەکاتە قوربانی، بەڵکوو هاوکات شەڕ لە ئۆکراین جیهانی لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە. هەر دووی ئەم قەیرانانە ئاکامی دەسەڵاتی ئەو نیزامەیە کە بۆ قازانجی سەرمایە لە هەموو بوارەکاندا مرۆڤی کردووەتە ئامانجی هێرشی خۆی. هەموو ئەم قەیرانانە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیان و گوزەرانی ملیاردها ئینسانی سەر گۆی زەوی دادەنێن. ئەگەر لە جەرەیانی قەیرانی کۆرۆنادا ملیۆنان ئینسان دەستبەجێ پیشەکانی خۆیان لەدەست دا و ئاوارەی شەقامەکان بوون، ملیۆنان مرۆڤ گیانیان لەدەست دا، ملیۆنان مرۆڤ لە دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسێن بێبەری بوون، لەئێستادا هەر ئەم ملیۆنان مرۆڤە دەبێ بەرەوڕووی دواهاتی شەڕی سەرمایەداران لە ئۆکراین ببنەوە. ملیۆنان مرۆڤ کە تەنانەت لە باروودۆخی ئاساییشدا لەگەڵ برسییەتی دەبێت بەشەر بێن و لە زۆر وڵات لەگەڵ تەوەرۆم و گرانیی بەردەوام بەرەوڕوون. لە بەرامبەر هەموو ئەم نەهامەتییانەی کە نیزامی سەرمایەداری بەسەر ملیاردها مرۆڤی داسەپاندووە تەنها یەک چین دەتوانێ بە هاتنە مەیدانی ملیۆنی و ئاگاهانەی لە بوار سیاسیەوە، بەدیلی ڕزگاری لەم نیزامە چەسێنەرە بخاتە بەردەم مرۆڤایەتی. لەئێستادا ئەم چینە لە سەروبەندی ڕۆژێک دایە کە پێویستە مەیدان و شەقامەکان بگرێتەوە. بەڵام نابێ فەرامۆش بکرێت کە ئەوەڵی مانگی مەی تەنیا ڕۆژی ڕەزمی جیهانیی کرێکاران دژبە سەرمایەداری نییە بەڵکوو لە هەمان حاڵدا ڕۆژی دەرکەوتنی چینی سەرەکی بەرامبەر بە نەزمی بەربەریەتی سەرمایەداری، ڕۆژی ڕاگەیاندنی بەدیلی ئەم چینە و ڕۆژێکە کە چینی کرێکار وەک ڕێبەری کۆمەڵگە دەبێت وڵام بە هەموو داخوازییەکانی کۆمەڵ لەڕوانگەی خۆیەوە بداتەوە.

ئەگەرچی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان چینی کرێکار توانیویەتی بە خەباتی خۆی تەعتیلبوونی ئەم ڕۆژە بەسەر دەوڵەتانی سەرمایەداریدا بسەپێنێت و ئەگەرچی لە زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداری ڕێکخراوەی بوروکراتیک و ڕێفۆرمیستی کرێکاری ئەم ڕۆژەی لە ناوەرۆکی چینایەتی و خەباتکارانە بەتاڵ کردووە، بەڵام لە هەندێک وڵاتی دیکتاتۆرلێدراو، کرێکاران ناچارن ڕێوڕەسمەکانی ئەم ڕۆژە بە شەڕ و تێکهەڵچوونی ئاشکرا و نهێنی بەڕێوەبەرن. چینی کرێکار لە ئێرانیش هەموو ساڵێ سەرەڕای سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم بە داهێنانی جۆراوجۆر، جێژنی جیهانی و چینایەتیی خۆی بەرپا کردووە. سەردەمانێک بەو گوڵگەشتانەی کە بەم بۆنەوە بەڕێوەدەچوون و سەردەمانێکیش بە شێواندنی ڕێوڕەسمی فەرمایشیی ڕێکخراوە دەستسازەکانی حکوومەت دەهاتە مەیدان. بەڵام لەئێستادا چینی کرکاری ئێران بەهۆی ناڕەزایەتی و خەباتی بەرینی خۆی، هەروەها بەهۆی پێشڕەوی لەبواری ڕێکخستنەوە، بەرامبەر بە ڕژیم کەوتووەتە هاوسەنگییەکی هێزی باشترەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە هاوسەنگیی هێزدا دەبێت بتوانێت لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵدا بەشێوەی مارشی بەرینی سەر شەقامەکان و هاوپشتیی جەماوەریی کرێکاران خۆی نیشان بدات. ئەم مارشە و ئەم هاوپشتییە جەماوەری و چینایەتییە نابێ ڕێگە بدات کە ڕێکخراوە زەرد و دەستسازەکانی حکوومەت مەیدانداری ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی و لە خزمەت بێنارۆک کردنی خەباتی ئەم چینەدا بن. کرێکاران بە گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی چینایەتییەک کە پێکیان هێناوە پێویستە نەتەنیا لە ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵدا داخوازیی خۆیان گەڵاڵە بکەن، بەڵکوو پێویستە بە متمانە بەخۆییەوە، خواستی بەڕێوەبردنی ئەوڵی مانگی مەی و تەعتیلیی ئەم ڕۆژە بەسەر ڕژیمدا بسەپێنن. خودی ئەم بابەتە، خەباتێکی چینایەتیی ڕوونە و دەتوانێ ئەو ڕۆژە بێت کە کرێکاران دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە خۆیان لە قامەتی چینێک کە بۆ ڕێبەریی کۆمەڵگە خەبات دەکات، نیشان بدەن. 

چینی کرێکاری ئێران هیچ کات لە بواری ژیان و گوزەراندا تا بەم ئاستە نەکەوتووەتە بەر پەلاماری دەوڵەتی سەرمایەداری، و هەژاری و فەلاکەتی داسەپاو هێندە بەرینە کە تەنانەت کاربەدەستانی ڕژیم و نوێنەرانی بەناو کرێکاریی شۆرای باڵای کار ناچارن دانی پێدا بنێن. هەڵبەت ئەمە بەرێکی واقعییەتی کۆمەڵگەی ئێران و سەرچاوەگرتوو لەو قەیرانانەیە کە دەسەڵاتی سەرمایەداریی مەزهەبی بەسەر هەموو ئێرانیدا سەپاندووە. بەڵام بەرێکی دیکەی ئەم واقعییەتە، ئەو ناڕەزایەتی و خەباتەیە کە بەردەوام لە ئارا دایە. بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە خەباتی کرێکاران لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە. ساڵی ڕابردوو چینی کرێکار لە هەموو بەشە جۆراوجۆرەکاندا لەگەڵ ڕژیم لە کێشمەکێشێکی دایمیدا بوو. کرێکارانی هێپکۆ، فوولادی ئەهواز، حەوت تەپە، کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی، کرێکارانی شارەدارییەکان، مامۆستایان، پەرستاران و سەرەنجام خانەنشینکراوان بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی خۆیان سیمای سەرەکیی کۆمەڵگەیان دەرخست. لەماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا ئەم ناڕەزایەتییانە هەروا درێژەیان بووە. لە یەکی مانگی گوڵاندا کۆبوونەوەی سەرتاسەریی مامۆستایان بەڕێوەچوو. ئەوان لە بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوەکانی خۆیاندا ڕایانگەیاند کە “ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تا دەنگ هەڵبڕین و بڵێین کە هەتا کاتێک خواستی مامۆستایان وەدی نەیەت شەقامەکان چۆڵ ناکەین. شەقام هی ئێمەیە و تا بە هەموو خواستەکانمان نەگەیەن، سەرکوت و زیندان و پەروەندەسازی ناتوانێت بزووتنەوەی مامۆستیان یەک هەنگاو بەرەو دواوە بەرێت”. هاوکات “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت” بە بڵاوکردنەوەی بانگهێشتێک دەستپێکی قۆناغی نوێی مانگرتنی خۆی ڕاگەیاند. شۆرا وێڕای ئاماژە بە ناڕەزایەتییەک کە لە زۆربەی شیرکەتە پەیمانکارییەکاندا لەئارادایە ڕایگەیاند کە “داوا لە هاوکاران دەکات کە یەکگرتووانە ڕاوەستان و بە مانگرتنی بەهێزی خۆیان و کۆبوونەوە لەبەرامبەر کارگەکانیان بەرامبەر بە ملهوڕیی پەیمانکارانی تاڵانکەر بوێستن و ئەم ڕۆژە بکەنە ڕۆژی نیشاندانی یەکگرتوویی و هاوپشتیی خۆیان”. شۆرا لە درێژەی بانگهێشتەکەدا دەڵێت “ئێمە وێڕای تەئکید لەسەر ئەم داخوازییانە داوا لە هەموو هاوکاران دەکەین کە لە ڕۆژی ١١ی گوڵان، ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە بەرامبەر کارگە و دەرفەتەکانی ناوچە تایبەتە ئابوورییەکان کۆببینەوە و مافەکانمان داوا بکەین و هاودەنگ لەگەڵ هەموو کرێکاران و هەموو خەڵک و هەموو هاوچینەکانمان لە سەرتاسەری جیهان، ڕۆژی جیهانیی کرێکار، ئەوەڵی مانگی مەی بەرز ڕاگرین”.

لەڕاستیدا چینی کرێکاری ئێران چ لە هەوڵدانی بۆ  ژیان و گوزەران، چ لەبواری ڕێکخستن و تێکۆشانی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوەی پێویستی خۆی، چ لەو شوێنە کە هاوپشتیی خۆی لەگەڵ خەباتی هاوچینەکانی لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان ڕادەگەیەنێت، چ لەو شوێنە کە لە قامەتی چینێکدا دەرکەوێت و بەئاشکرا ڕووبە شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم ڕایدەگەنەنێت کە ئەم هەڵبژاردنە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و چ لەو جێگەیە کە سنوورەکانی جوگرافیای ئێران تێدەپەڕێنێت و دەڵێت شەڕی نێوان سەرمایەداران لە ئۆکراین شەڕی ئێمە نییە، لە هەموو ئەمانەدا نیشانی دەدات کە ئەم چینە چ هەنگاوگەلێکی مەزنی بەرەوپێش هەڵگرتووە. بێگومان چینی کرێکار بەم هەنگاوانەی کە هەڵیگرتووە، پێویستە لە ڕۆژی یەکی مەیدا بەشێوەیەکی بەهێزتر و لە هاوئاهەنگییەکی سەرتاسەری و بە خواستی هاوبەشەوە، شەقامەکان بگرێتەوە.