فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە خەیاڵی بازاڕگەرمیدان بۆ تەنووری ساردی “هەڵبژاردن”
یەکشەممە ۲۰-۰۳-۱۴۰۳   |  09-06-2024

لەگەڵ نزیک بوونەوەی شانۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەی “سەرۆک کۆمار” بەهۆی مەرگی ئیبڕاهیم ڕەئیسیی قاتڵ، بەرەی دۆڕاوی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، بەتەمان بەکەڵک وەرگرتن لە بنبەست و چەقبەستوویی حکوومەتی ئیسلامی لە هەموو بوارەکان، بۆ جارێکی تر شانسی خۆیان بۆ چوونەوە ناو بازنەی دەسەڵاتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی تاقی بکەنەوە. ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، محەممەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووی حکوومەتی ئیسلامی و سەرۆکی بەرەی ئیسلاحات کە هێشتا قەدەغەی دەرکەوتنی لە میدیاکانی دەوڵەت هەڵنەگیراوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ” لەگەڵ ستراتیژی هەڵبژاردنی بەرەی ئیسلاحاتدا هاوڕایە و ئەگەر پێشنیاری ئەم بەرەیە جێبەجێ بکرێت، بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات”. گۆڕانی هەڵوێستی محەممەد خاتەمی بۆ بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیمێک کە خۆی بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە پۆستی بەناو سەرۆک کۆمارییەکەیدا بووە و بە ئیعترافی خۆی تەنها ڕۆڵی “تەداڕوکچی”ی بینیوە، فریوکارانەیە و هەوڵێکە لەپێناوی دەربازکردنی ڕژیمی دەرماندەی کۆماری ئیسلامی لە ڕووخان.

خاتەمی وێڕای وەبیرهێنانەوەی قووڵایی ناڕەزایەتیی خەڵک دژبە کۆماری ئیسلامی و دەرک کردنی، داوا لە بەرەی دەسەڵاتدار دەکات کە زەمینەی هەڵبژاردنێک فەراهەم بکەن کە تێیدا هەموو ڕەوتە سیاسییەکان بتوانن کاندیدی دڵخوازی خۆیان هەبێت. هەڵبەت خاتەمی خۆی لە گێلی دەدات ئەگینا دەزانێ کە حاکمانی کۆماری ئیسلامی لەسەر دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی جەماوەر حکوومەت دەکەن، لە قەیرانی قووڵ و هەمەلایەنەی چارەهەڵنەگردا دەست و پێ لێدەدەن، ڕۆژانە لەگەڵ مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا و داخوازییەکانیان بەرەوڕوون و هەتا ئێستا تەنها بە سەرکوت و کوشتار و ئەشکەنجە دەسەڵاتەکەیان ڕاگرتووە. ڕێبەرانی باڵی دەسەڵاتداریش دەزانن کە کێشەی حکوومەت بە هیچ شێوەیەک لە ڕێگەی ئینتخاباتەوە چارەسەر نابێت و بەپێچەوانەی ڕێفۆرمخوزانی خەیاڵاوی، دەزانن کە نابێ بازنەی دەسەڵات بۆ بەشداریی ئەوان ئاواڵە بکەن. خاتەمی لە کاتێکدا ئامادەیە لە هەڵبژاردندا بەشداری بکات کە یەک مانگ و نیو پێش ئێستا لە کاتی بەڕێوەچوونی خولی دووهەمی هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕژیم لە فایلێکی دەنگدا وتبووی کە لە هەڵبژاردندا بەشداری ناکات. تەنانەت هێدێک لە ڕێفۆرمخوازانیشی سەرزەنشت کردبوو کە: ”بۆ چکۆلەترین گۆڕانکاریی حکوومەت دەپاڕێنەوە و بۆ بەدەستهێنانی چەند کورسی لە مەجلیس سواڵ دەکەن”. بەڵام ئێستا خۆشی بە ڕیزی ئەوان پەیوەست بووە.

بەڵام گەڵاڵەی “ستراتێژی هەڵبژاردنی بەرەی ئیسلاحات” کە خاتەمی لەگەڵی موافقە چییە؟ بەپێی ڕاپۆرتی وێبسایتی “ئینتخاب” کە نزیکە بە ئیسلاح تەڵەبانی حکوومەتی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی مانگی جۆزەردان ئەم بەرەیە وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەر بۆ مەرگی ڕەئیسی ڕایگەیاند: ”بەڕێوەچوونی پێشوەختەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، خەڵک و ناوەندە مەدەنی و ڕەوتە سیاسییەکان بەتایبەت بەرەی ئیسلاحاتی خستووەتە بەردەم بڕیارێکی دەستبەجێ و بەپەلەوە. هەربۆیە بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی جێگەی نیگەرانیی وڵات بڕیار درا کە بەمەرج و مەشرووت لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا بەشداری بکەین”. گەڵاڵەی ستراتێژی ٩ ماددەیی ئیسلاح تەڵەبەکان کە گۆیا ڕێگای دەربازکردنی حکوومەتی ئیسلامی لە بارودۆخی جێی نیگەرانیی وڵات زەمانەت دەکات، یەکجار هەلپەرستانەیە و ئامانجی گەڕانەوە بۆ ناو بازنەی دەسەڵات و بەشخوازییەکی داماوانەیە و هیچی تر. لە ماددەی یەکەمیدا هاتووە: ”بەرەی ئیسلاحات بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی پێشهاتوو و بە ئامانجی باشترکردنی بارودۆخی وڵات، بەمەرج بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەکات”. مەرجی ئەوان بۆ بەشداری کردن لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن لە ماددەیەکی دیکەدا بەمجۆرە نووسراوە: “بەرەی ئیسلاحات ئەو کاتە لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکات کە لانیکەم سەلاحییەتی یەکێک لە کاندیدەکانی پەسند کرابێت”.

سواڵ کردن و پاڕانەوە بۆ قەبووڵکردنی یەک کاندید لەلایەن بەرەی ڕەقیبەوە وەک مەرجی بەشداری لە ئینتخابات، هێندە سەرشۆڕانە و داماوانەیە کە خۆیان ئەگەری ڕەخنەی هێندێک لە ئەندامانیان پێشبینی کردووە و بۆ ڕێگری لە لێکبڵاوبوونی زیاتری ڕیزەکانیان، لە بڕگەیەکی تردا تەزەکوریان داوە کە بەئامانجی پاراستنی یەکڕیزی، هەموو ئەندامانی بەرەی ئیسلاحات دەبێ ئەم بڕیارە ڕەچاو بکەن. ئاشکرایە کە تەنانەت ئەگەر باڵی دەسەڵاتدار بە ئامانجی بازاڕگەرمی بۆ نمایشی ئینتخابات یەکێک لە ئیسلاح تەڵەبەکانیش قەبووڵ بکات، هێستاش بۆ هاتنە دەر لە سندووقی ئینتخاباتی ڕژیم هیچ شانسێکیان نییە.

ڕێفۆرمخوازانی حکوومەت خۆیان دەیان ساڵ لەم ڕژیمە گەندەڵەدا شەریکی دز و یاری قافڵە بوون و لەدژی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا گەلێک جەنایەتیان ئەنجامداوە. لە سەردەمی خاتەمیدا بوو کە پاسدار قالیباف عەمەلیاتی “گازئەنبۆری”ی بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران بەڕێوەبرد. خاتەمی ساڵەها فریوکارانە هاواری دەکرد کە کەم هەزینەترین و کۆرتترین ڕێگا بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ڕژیم بەشداری کردن لە هەڵبژاردن و چوونە سەر سندووقی دەنگدانە. دەربڕینی هەڵوێستی ناتەبا سەبارەت بە شانۆی ئینتخابات و سەفسەتە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بەرەو نمایشی ئینتخاباتی ڕژیم، نیشانەی ئەوەیە کە خاتەمی لەئاست خێراتربوونەوەی پڕۆسەی ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی نیگەرانە.

بەڵام جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ساڵەهایە ڕێگای ڕزگاریی خۆیان نەک هەر لە نەمانی ئیسلاح تەڵەبەکان، بەڵکوو لە نەمان و ڕووخانی گشت ئەم دەسەڵاتەدا دەبینن. بۆ ئەوان ڕوون بووەتەوە کە ئیسلاح تەڵەبەکان خۆیان بەشێک لە مافیای دەسەڵات و پارێزەری حکوومەتی ئیسلامین. ڕێفۆرمخوازان نە لە سەردەمی ڕەفسەنجانی و خاتەمی و نە لە دەورەی ئیعتداڵی ڕووحانیدا هیچیان بۆ کۆمەڵگا نەکردووە بێجگەلە داسەپاندنی هەژاری و برسیەتی بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لەڕێگەی دامودەزگای سەرکوت و کۆنەپەرستییەوە. ڕێفۆرمخوازان خۆیان لە پەرەپێدانی زەبروزەنگ و سەرکوتی ئازادیی سیاسی، سەرکوتی دڕندانەی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و توێژەکانی دیکە کۆمەڵگا دەورونەخشیان بینیوە. هەربۆیە بەشمەینەتانی ئێران شەش ساڵ لەمەوبەر لە جەریانی ئاخێزی جەماوەریدا دروشمی “ئیسلاح تەڵەب ئوسوولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا”یان هاوار کرد و شکستی ستراتێژی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەت واتە گۆڕانکاری لەڕێگەی مێکانیسمی ئینتخاباتیان ڕاگەیاند. لەم ڕووەوە بەشداری کردن یان نەکردنی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە گاڵتەجاڕی ئینتخاباتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر دەنگ و ئیرادەی جەماوەر کە ڕووخاندنی گشت حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدرانە، کاریگەری دانانێت. بێگومان کرێکاران و زۆرینەی جەماوەری خەڵک، کە لەژێر فشاری گرانی و هەژاری و نەهامەتی ئابووریدا وەگیان هاتوون، ئەمجارەیان بەئیرادەتر لە مانگەکانی پێشوو، ڕژیم لە گەیشتن بەم ئامانجەی بەرەوڕووی شکستێکی سەرشۆڕانەتر دەکەنەوە.

لەم نمایشە ئینتخاباتییەشدا دەنگی خەڵک “نا” بۆ حکوومەتی هەژاری و بێکاری و برسیەتی، “نا” بۆ حکوومەتی ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان، “نا” بۆ هەموو باڵە دز و گەندەڵ و مافیاکانی دەسەڵات، “ئەرێ” بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی جەهل و خورافەی سەرمایەداریی ئیسلامی دەبێت. بێگومان کرێکاران و خەڵکی ڕەنجدیدە و ئازادیخوازی ئێران لە ڕۆژی ٨ی مانگی پووشپەڕ بۆ سێهەمین جار لەماوەی کەمتر لە چوار مانگدا، مۆری نامەشرووعبوون لە ناوچاوانی کۆماری ئیسلامی دەدەن.