ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە لەسێدارەدرانی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ و هەروەها خۆپیشاندەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی و داوای لە ڕژیم کرد کە بە زووترین کات سزای لەسێدارەدان بوەستێنێ. ئێلیزابێت تراسێل، وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاماژە بە لەسیدارەدرانی مێرمنداڵێک لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی دەبێ پابەندی کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی پێشگرتن لە حوکمی لەسێدارەدران بۆ کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بێت. تراسێل لەمبارەوە وتوویەتی ئێران لەو وڵاتانەیە کە زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدرانی تێدا جێبەجێ دەکرێ و ئەم سزایە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان جێبەجێ دەکرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سزای لەسێدارەدان لە نێوان کەمینەکاندا بە شێوەی بەرچاو جێبەجێ دەکرێت. هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، تەنیا لە زیندانی ناوەندیی ئیلامدا، سێ کەس لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە لە سێدارە دراون.