فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێگاچارەی کۆمەڵە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستان
پێنجشەممە ۱۳-۰۸-۱۴۰۰   |  04-11-2021

 هەروەک هەمیشە تەئکیمان لەسەر کردووە، کۆمەڵە خوازیاری مافی دیاریکردنی چارەنووس بە مانای مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ خەڵکی کوردستانە. بەڵام باروودۆخێک کە خەڵکی کوردستان بتوانن بە بێ نیگەرانی لە هەڕەشە و گوشاری نیزامی، پۆلیسی، سیاسی و ئابووری، ئازادانە لەم مافەی خۆیان کەڵک وەرگرن، لە ڕێگەی خەبات بۆ سەرهەڵدانی قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دابینکردنی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی دێتە دی. لەسەر ئەم بنەمایە تەنیا ڕێگای واقعبینانەی هەڵوەشاندنەوەی ستەمی نەتەوەیی بەشداریی چالاکانەی خەڵکی کوردستانە لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری بەئامانجی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکوومەتێک کە بەهرەمەندبوونی کردەوەیی هەموو ماف و ئازادییە دیموکراتیکەکانی خەڵک دابین بکات. کۆمەڵە هاوڕێ لەگەڵ هەموو کرێکاران و زەحمەکێشانی کوردستان بۆ وەدی هاتنی ئەم ئاسۆیە خەبات دەکات و هەموو خەڵکی کوردستان بانگهێشتی هەنگاو هەڵگرتن لەم ڕێگایەدا دەکات. لەم ڕوانگەوەیە کە کۆمەڵە بەردەوام لەسەر زەروورەتی پەیوەند و هاوپشتیی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکانیتر لە ئاستی سەراسەریدا تەئکیدی کردووە.

 دیارە بە پێکهێنانی باروودۆخی ئازاد و دیموکراتیک لە سەراسەری ئێران، ئەوە خەڵکی کوردستانن کە بڕیار دەدەن کە چۆن لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان کەڵک وەرگرن. بەڵام بە سەرەنجدان بە باروودۆخی جیهانی کۆمەڵێک هۆکاری مەحەلی و ناوچەیی و باروودۆخی بەشەکانی دیکەی کوردستان، کۆمەڵە، مانەوە لە چوارچێوەی ئێران و بەشداریی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان لە حکوومەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان پێشنیار دەکات.

 لە گەڵاڵەی کرێکاراندا بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی لە کوردستان کە لە یەکەم ڕۆژی سەرکەوتندا لەگەڵ بەرنامەی لانیکەم بۆ هەموو ئێران، بەڕەسمی ڕادەگەیەندرێت و بەکردەوە دەردێت، هەموو ناوەند و ئۆرگانە نیزامی و ئەمنییەکان و دەزگای پان و بەرینی بوروکراسیی دەوڵەتی و هتد کە پارێزەری ستەم و هەڵاواردنن، هەڵدەوەشێنەوە. لە گەڵاڵەی کرێکاراندا بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوەیی، گشت ئەو یاسا و بەربەستانەی کە لەسەر بنەمای هەڵاواردن داڕێژراون، هەڵدەوەشێنەوە. بەڕێوەبەریی کاروباری کوردستان بە شۆراکانی هەڵبژێردراوی خەڵک لە ئاستە جۆراوجۆرەکان و بە شۆرای نوێنەرانی سەرتاسەریی کوردستان دەسپێرێت. ئەم شۆرایانە هەم داڕیژەر و هەم بەڕێوەبەری یاسا دەبن. بەرنامەی دیاریکراو بۆ گەشەی ئابووری و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی و قەرەبووکردنەوەی دواکەوتیی ئابووری بەهۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی، بە هەزینەی بودجەی دەوڵەتی ناوەندی بەکردەوە دەردێت. لەڕێگەی بردنەسەرەوەی ئاستی خوێندن و فێرکاریی تێکنێکی، برنەسەرەوەی ئاست و کوالیتیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هتد، بەستێنی واقعی بۆ بەهرەمەندبوون لە مافی بەرابەر بۆ خەڵکی کوردستان دابین دەکرێت. نوێنەرانی شۆراکانی سەراسەریی کوردستان بە بێ هیچ شەرت و مەرج و جیاوازییەک لە ئۆرگانە سەراسەرییەکانی ئێراندا بەشداری دەکەن.

 بە وەدیهێنانی وەها باروودۆخێک و بە گرتنەبەری سیاسەتی وشیارانەی فێرکاری و کلتووری، هەرجۆرە ناهاوئاهەنگییەکی ئیحتمالی لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا لاواز دەبێت و پێناسەی ئنسانیی نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ڕێگای یەکگرتەوە و تێکەڵبوونیان خۆشتر دەبێت. وەها کۆمەڵگایەک لەگەڵ ستەمی نەتەوەیی نامۆ دەبێت. لەم قۆناغەدا کێشانی هەرجۆرە حەسارێک بە دەوری کوردستان لەژێرناوی گەڵاڵەی خودموختاری یان فیدرالیسم بە مانای سپاردنی ئیدارە و بەڕێوەەریی ئەم کۆمەڵگایە بە پێی هاوسەنگیی دەسەڵاتی سیاسی و چینایەتییە، واتە بێبەریکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان لە دەستکەوت و پشتیوانیی هاوچینەکانی خۆیانە لەئاست سەراسەریدا. بینینی وەها ئاسۆیەک، هاوڕێیەتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەند و هاڕێیەتی لەگەڵ خەباتی شۆڕشگێڕانە و بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران لەئاستی سەراسەریدا ئاسانترین و کەم دەردی سەرترین ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی ستەمی نەتەوەیی و وەدیهاتنی ئامانج و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە. بەپێچەوانەی هێزە بورژوازییەکانی ئێران کە بەردەوام لەژێرناوی یەکپارچەیی خاکی ئێران خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسیان بە ناڕەوا دەزانن، کۆمۆنیستەکانی ئێران لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان لێبڕاوانە دیفاعیان کردووە.

بێگومان تا کاتێک ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دەسەڵاتدارە و لەگەڵ ئازادی و مافی سەرەتایی ئینسانەکان دوژمنایەتی دەکات و ئامرازی سەرەکیی سەروەتی لەدەستدایە، لەژێر ناوی هیچ گەڵاڵە و پلاتفۆرمێکدا باسکردن لە مەسەلەی نەتەوایەتی مومکین نییە. بەڵام لە خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ستەمی نەتەوەیی دژبە خەڵکی کوردستان، وەک هەموو بوارەکانی دیکەی خەباتی شۆڕشگێڕانە و مافخوازانە و دیموکراتیک دژبە ڕژیم، هەر رادەیەک لە دەست ڕاگەیشتن بە خواست و مافەکانی خەڵکی کوردستان و پاشەکشەپێکردن بە ڕژیم تەنیا دەتوانێ بەرهەم و ئاکامی خەباتی یەکگرتووانەی خەڵکی کوردستان بێت.

لە بواری  خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ستەمی نەتەوەییش هەروەک بواری بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی  ژنان لەدژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، ئیمکانی پەیدابوونی کرانەوە و بەدەستهێنانی دەستکەوتی دیاریکراو بوونی هەیە. کۆمەڵە لە هەموو ساتەکانی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی چالاکانە بەشداری دەکات و بۆ سەقامگیر و بەهێزکردنی هەر دەستکەوتێک لەم بوارەدا هەوڵ دەدات. کۆمەڵە لە مەسیری ئەم خەباتەدا لە هەموو جۆرە دەستکەوتێکی خەباتی خەڵکی کوردستان لە بواری ئابووری، فەرهەنگی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی  و هتد لێبڕاوانە دیفاع دەکات و لەم دەستکەتانە وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردن و بەهێزکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانە کە تاکە ڕێگاچارەی پەیگیری مەسەلەی نەتەوەییە، کەڵک وەردەگرێت. 

لە  ڕەوتی خەباتی مافخوازانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بۆ وەدیهێنانی مافەکانی خۆیان و لە هاوسەنگییەکی هێزی دیاریکراودا، تەنانەت ئەگەری شێوازگەلێک لە دامەزراندنی ناوەندەکانی سەرچاوەگرتوو لە خەباتی جەماوەری بۆ سنووردارکردنی زاڵبوونی ڕژیمی سەرکوتگەر، بوونی هەیە. کۆمەڵە لە هەرجۆرە داهێنانێکی کردەوەی جەماوەری لە پێناو وەدیهاتنی ئامانجی درێژماوەی خەباتی خەڵکی کوردستان پشتیوانی دەکات. 

لە باروودۆخی ئێستادا کە ڕێگاچارەی بورژوازیی کورد بە حوکمی مێژوو و ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ئێران و جیهان، ئیعتباری خۆی لەدەست داوە و گەڵاڵەی ئێستایان بۆ کوردستان لەگەڵ بەربەستی وشیاری و گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بەرەوڕوو بووەتەوە، لە باروودۆخێکدا کە ناوەرۆکی سیاسیی واقعیی گەڵاڵەی خەیاڵیی فیدرالیسم  لەسەر بنەمای چاوی هیوا بڕین لە نەخشەی ڕێفۆرمی ڕژیم لەڕێگەی سات و سەودا لە سەرەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەل لەگەڵ ستراتێژی سۆسیالیستی و کرێکاریی ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان داڕێژراوە. لە باروودۆخێکدا کە بانگەشەکارانی درووشمی فیدرالیسم وای دەنوێنن کە گۆیا بوونی ستەمی نەتەوەیی لە کورستان نەک سەرچاوەگرتوو لە ماهییەتی چینایەتی و سەرکوتگەرانەی دەوڵەتی ناوەندی، بەڵکوو سەرچاوەگرتوو لە ئارایشی دەوڵەتی ناوەندییە و گۆیا بە خەبات بۆ گۆڕینی ماهییەتی ئەم دەوڵەتە و تەنیا لە ئەگەری فیدرالی بوونی کوردستاندا مەسەلەی نەتەوەیی چارەسەر دەبێت. لە باروودۆخێکدا کە لە ستراتێژی کردەوەیی حیزب و هێزە ناسیۆنالسیتەکان خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی جێگە و پێگەیەکی نییە. لە حاڵێکدا کە داکۆکیکارانی فیدرالیسم لە هەلومەرجی ئێستادا ستراتێژی ناشۆڕشگێڕانە و سازشکارانەی زاتیی خۆیان لە پێوەند لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەشارنەوە. لە بەرامبەر ئەم ستراتێژییە ناشۆڕشگێڕانە و سازشکارانەیەدا، گەڵاڵەی کۆمەڵە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانەوەیە و لە هەمان حاڵدا بەپێی ڕێگاچارەی کردەوەیی و واقعبینانەی مەسەلەی نەتەوەییە. ئاشکرایە کە ستراتێژی کۆمەڵە، چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەییە لە کورسستانی ئێران. بەڵام مەسەلەی کورد وەک یەکێک لە تەوەرە گرینگە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەنگداوەی جیهانیی هەیە. مەسەلە و ئاوگۆڕی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەسەر یەکتر کاریگەرییان هەیە بەکردەوە و ئەم جەماوەرە لە سەرکەوتن، شکست، ئاوارەیی، شەڕی ناوخۆیی و هتد، لە یەکتر کاریگەری وەردەگرن. کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیست و ئەنترناسیۆنالیست کە هەوڵ دەدات بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی ئێران ڕێبەری بکات و بە سەرکەوتنی بگەیەنێت، چالاکی لەم بوارەشدا وەک یەکێک بەشە گرینگەکانی کار و چالاکیی خۆی بەحیساب دێنێت و تێیدا دەورونەخش دەنوێنێت. و لەم پێوەندەدا بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەو سیاسەت و پیلانگێڕیە هاوبەشانەی کە لە لایەن بورژوازیی مەحەلی، ناوچەیی و جیهانییەوە بۆ بە شکست کێشانی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کورد ئامادەکارییان بۆ کراوە، تێدەکۆشێ. کۆمەڵە لە خەباتی مافخوازانەی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پشتیوانی دەکات.