ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژ، ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم لە زیندانی ئێڤینی تاران، ڕێگرییان لە چاوپێکەوتنی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە لەگەڵ هەر دوو پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی و ئەمیر ڕەئیسیان کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەزیزی، دادوەری چاودێری زیندانی ئێڤین پێیانی ڕاگەیاندووە کە “بە فەرمانی دادوەر ئیمان ئەفشاری، دادوەری لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران پەخشان عەزیزی لە مافی چاوپێکەوتن بێبەشە.” جێگای ئاماژەیە، پەخشان عەزیزی لەم دواییانەدا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای “ئەندامێتی لەو گرووپانەی کە دژ بە حکوومەتی ئیسلامی شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرییەکەیان باغییە” حوکمی سێدارە و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە “پژاک” سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لە حاڵێکدا بووە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرەکانی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوە چووە.