فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕەمزی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە
چوارشەممە ۲۶-۱۱-۱۴۰۱   |  15-02-2023
ڕەمزی ڕێزگرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان کە کۆمەڵەیان لە دامانی خۆیاندا پەروەردە کردووە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەنداندا بۆ جارێکی تر بیر لەو ئاوات و ئامانجانە دەکەنەوە کە لەماوەی ساڵیانی ڕابردوودا و بە ڕێبەریی کۆمەڵە بەخاتریان خەباتیان کردووە. باشترین ڕۆڵەکانیان لەڕێگای گەیشتن بەم ئامانجانە لەدەست داوە و بیر لە دواڕۆژێک دەکەنەوە کە کۆمەڵە بە بەرنامە و ستراتێژی سیاسیی خۆی، بە کردەوە و عەزمی پۆڵایینی شۆڕشگێڕانەی خستوویەتە بەرچاویان. بیر لەو پەیوەندە قووڵ و پتەوە دەکەنەوە کە لەگەڵ کۆمەڵە بەرقەراریان کردووە. ئەو بیرەوەرییانە هەڵدەدەنەوە کە لە ماوەی ساڵەها خەبات خستوویانەتە دڵیانەوە. ئەو بیرەوەرییانەی کە بۆیان ئازیز و بەڕێزە و نەتەنیا ژیانی ئەوڕۆیان بەڵکوو ژیانی سبەینێشیان ڕەنگ و بۆیانی گرتووە. بیر لە بەڵێن و پەیمانێک دەکەنەوە کە هەموو ساڵێ لە ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمەڵە تازەی دەکەنەوە. بەڵێن و پەیمانێک کە تا گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری تا بەرپاکردنی حکوومەتی کاریگەری و هەڵکردنی ئاڵای سۆسیالیزم هەموو جارێ و هەموو ڕۆژێ لەسەری پێداگری دەکەن. کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی سیاسی بە ئامانج، بەرنامە، ستراتێژی و ئارمانە کۆمۆنیستی و کرێکارییەکانی، کە ئەمڕۆ ئاوێتەی خەبات و هەستی ملیۆنان ئینسانی زەحمەتکێش بووە، ساڵیانی پڕ لە خەبات و خۆڕاگری و سەرسەختیی کەم وێنەی پشت سەر ناوە.

کۆمەڵە لە پاییزی ساڵی ١٣٤٨ لە جەرگەی بارودۆخێکی تایبەتی کۆمەڵایەتیدا پێکهات. بارودۆخێک کە بە زاڵبوونی موناسباتی سەرمایەداری و ڕووخانی نیزامی فیۆدالی، ڕۆیشتنی زەحمەتکێشانی گوندەکان بەرەو شارەکانی ئێران و بە گەشەی چینی کرێکار لە ڕووی چەندایەتییەوە کە بێجگەلە فرۆشی هێزی کار هیچ ئامرازێکی تریان بۆ دابینکردنی ژیانیان نەبوو، پێناسە دەکرێت. گەشەی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە لە ڕووی چەندایەتییەوە و چڕبوونەوەی لە شارەکان، سیمای سیاسیی کۆمەڵەگەی گۆڕی. کاریگەریی خستە سەر هەموو بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و کێشمەکێشی تازەی لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا پێکهێنا. کێشمەکێشی کرێکاران و سەرمایەداران لەسەر سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان، لەسەر چۆنیەتیی بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی ژیانی شیاوی ئینسان، بوو بەشێک لەم واقعییەتە. ئەم کێشمەکێشە بەرین و کۆمەڵایەتییانە کە لە شار و گوندەکان لەئارادابوو، پێویستی بە وڵامی شۆڕشگێڕانە و خەباێتکی نوێ بوو. هەستەکانی سەرەتایی کۆمەڵە و ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕی ئەو سەردەم، کە لەئاست مەسائیلی کرێکاران و زەحمەتکێشان هەستیان بە هاودڵی و بەرپرسایەتی دەکرد، هەوڵیان دا تا وڵام بە بابەت و پێداویستیییەکانی ئەو سەردەمە بدەنەوە. کەم نەبوون ئەو چالاکە کۆمۆنیستانەی کۆمەڵە کە کاروانی کرێکارانی کوردستانیان تا مەعدەنەکانی سمنان و دامغان، تا بارەندازەکانی بەندەرعەباس، تا ئەهواز و ئابادان، تا کرمان و ڕەفسەنجان، تا تاران و ئیسفەهان هەمڕاهی دەکرد و شان بەشانیان کاریان دەکرد و لەناویاندا تۆوی وشیارییان دەچاند، ئەوانیان لەگەڵ دەرد و ڕەنج و نەهامەتییەکانی دنیای سەرمایەداری، و ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوە ئاشنا دەکرد، مانگرتن و خەباتیان سازمان دەدان و ڕێبەرییان دەکردن!

لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ٥٧ کادر و هەڵسووڕاوانی ڕیزەکانی کۆمەڵە لە ناو زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازدا، بوون بە کەسایەتیی ناسراو و پێشڕەو و جێگای متمانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و بوون بە ڕێبەری خەباتی جەماوەری لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان. کۆمەڵە لە وڵام بەو پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە لەسەرەتای شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ەوە هاتبوونە ئاراوە، یەکەمین کۆنگرەی ڕێکخراوەیی خۆی لە پاییزی ساڵی ١٣٥٧دا بەڕێوەبرد. ئەگەرچی دیکتاتۆریی ڕژیمی شا دەرفەتی تەداروکی سیاسیی و تەشیکلاتیی پێویستی بۆ وڵامدانەوە بە پرسەکانی ئەم قۆناغەی بە کۆمەڵە نەدابوو، بەڵام کۆمەڵە بە هەموو کەموکۆڕی و خاڵە لاوازەکانییەوە لە کۆنگرەی یەکدا بڕیاری دا کە بە هەموو توانایەوە خەباتی جەماوەری لە کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرانسەری ئێران بەرەوپێش بەرێت. هەر لەو کاتەوە هەتا ئێستا کۆمەڵە ئەو ڕێکخراوەیە کە لەئاست پرس و کێشەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش، پێشێلکرانی ماف و ئازادییەکانیان، بێ مافیی ژنان و تەحقیری هەموو ڕۆژێیان، هەستیارە و بۆ بەهێزکردن و هیدایەتی خەباتیان بە هەستی بەرپرسایەتییەوە ڕەفتار دەکات. کۆمەڵە بە پێی توانای خۆی و ئامادەیی هێزی کۆمەڵایەتیی حازر لە مەیدان، بێدەریغ لە ڕاستای پێشڕەویی خەباتی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە و لەپێناو پاراستنی هەموو دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانیان خەباتی کردووە و بەمجۆرە پەیوەندی نێوان خۆی و جەماوەری زەحمەتکێشی قووڵتر و مەحکەمتر کردووە.

کۆمەڵە دوای ٩ ساڵ و چەند مانگ چالاکیی نهێنی، بەدوای گیان بەختکردنی هاوڕێ “حەمە حسێن کەریمی” لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە کە لە گەرمەی ڕاپەڕین و خرۆشی خەڵکی ئێران دژبە ڕژیمی شا، لە پێشەوەی ڕیزەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێڕی شاری سەقز، لە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەنداندا لە هێرش بۆسەر شارەوانیی ئەم شارە کرایە ئامانجی بەکرێگیراوانی ڕژیمی شا و لە ٢٦ی ڕێبەنداندا دڵی پڕ لە خۆشەویستیی بۆ ڕزگاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە لێدان کەوت، بەڕەسمی چالاکیی ئاشکرای خۆی دەستپێکرد. ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کەسایەتیی نەناسراو نەبوون. هەمان یارانی دێرینی ئەوان، خەباتکارانی خۆڕاگری زیندانەکانی ڕژیمی شا، چالاکان و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و جووتیاری، داکۆکیکارانی ڕاستەقینەی مافی ژنان، ڕێبەرانی بەنفووزی جەماوەری بەرینی خەڵک و ڕێبەرانی خەباتی سەردەمی شۆڕش و ڕاپەڕینی ئەوان بوون!

کۆمەڵە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ بە سازماندانی خەباتی گشتی و جەماوەری و بە ڕێبەریی بزووتنەوەی خۆڕاگری بەرانبەر بە هێرشی دژەشۆڕشی کۆماری ئیسلامی و هەروەها موقاومەتی سەرسەختانە لە بەرامبەر کۆنەپەرستانی مەحەلی، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەمدیدەی کۆمەڵگەی کردە سەرلەوحەی چالاکییەکانی خۆی. ئەوەیکە لەدوای ڕاپەڕین چارەنووسی ئەم ڕێکخراوەی لەگەڵ چارەنووسی ملیۆنان ئینسانی ستەملێکراو و تینووی ئازادی گرێ دا، موقاومەتی کۆمەڵە لە بەرامبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگ و دۆستانی ڕیاکار و درۆیینی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا بوو. دیفاع لە جووتیاران لە بەرامبەر مالکان، دیفاع لە زەحمەتکێشانی گوندەکان لە سەردەمی زەوتکرانی زەمینەکان، دیفاع لە ژنان لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی زاڵ و کلتوور و سوننەتی پرتووکاوی پیاوسالاری، دیفاع لە کرێکاران بەرانبەر بە سەرمایەداران، دیفاع لە چەکدارمانەوەی خەڵک و هەوڵ بۆ چەکدارکردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی ئەنواعی ڕێکخراو و جەمعیەت و یەکیەتیی جووتیاران، شۆرای ژنان و خوێندکاران، و لە هەمان حاڵدا هەوڵ بۆ هێنانە مەیدانی بەرینی جەماوەری خەڵک بەرانبەر بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کە سەرەنجام لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا لەشکرکێشیی کردە سەر کوردستان. سازماندانی حەرەکەتی حەماوەریی گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و سازماندانی باقیی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان کە هێمای دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆی خەڵک لە بواری خەباتی سیاسی بوون، بوو بەهۆی ئەوەیکە کۆمەڵە بتوانێ پاش هێرشی نیزامی ڕژیمی ئیسلامیش ئاڵاهەڵگری موقاومەتی جەماوەری و چەکداریی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە هێرشی هێزی داگیرکەر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی بێت.

دوای ئازادکردانی شارەکان لەلایەن خەڵک و هێزی پێشمەرگەوە کە ڕژیمی ناچارکرد ڕیاکارانە دەست بکا بە موزاکرە، لەحاڵێکدا کە حیزبی بورژوایی بە ئامانجی خامۆشکردنی خەبات، حازر بوو هەموو جۆرە موعامەلە و سازانێک بکات، لێبڕاوبوون و لێزانیی کۆمەڵە لە موزاکرەی لەگەڵ ڕژیم لەپێناو پاراستنی بزووتنەوە و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پەرەپێدانی ئازادییە دیموکراتیکەکان، سازماندانی هەرچی بەرینتری چالاکیی وشیاریدەرانە لە ماوەی دوو لەشکرکێشیی ڕژیم بۆسەر کوردستان، بۆ جارێکی تر توانایی کۆمەڵەی لەبواری ڕێبەریکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان و هێنانەمەیدانی چینی کرێکار بە باشی نیشان دا. لەماوەی ساڵانی دوای ڕاپەڕین، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگای کوردستان، گەلێک پرسی کۆمەڵایەتی و خەباتی هێناوەتە گۆڕێ و پەرەی پێداوە. کۆمەڵەش بەردەوام تێکۆشاوە کە لەئاستیاندا وڵامدەرەوە بێت. بەڕێوەبردنی ئەم خەباتە و پێشڕەوی لەم بوارانەدا بە قیمەتی فیداکاری و گیان بەختکردنی هەزاران کەس لە پێشڕەوترین و دڵسۆزترین شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست مەیسەر بووە.

کۆمەڵە بە بەشداریی چالاکانە لە پڕۆسەی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە زەمینە فکری و سیاسی و بەرنامەییەکانی لە کۆنگرەی دووی کۆمەڵە لە بەهاری ١٣٦٠ و کۆنگرەی یەکەمی سازمانی ئیتحادی موبارزانی کۆمۆنیستەوە فەراهەم ببوو، بۆ وڵامدانەوە بە زەروورەتێکی سیاسیی گرینگ لە یەکێک لە هەستیارترین ساتەکانی ژیانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران ڕۆڵی بەرچاوی خۆی بینی. کۆمەڵە لە بارودۆخێکدا کە شۆڕشی ئێران لەژێر زەربەی حکوومەتی دژەشۆڕشی ئیسلامیدا دوایین هەناسەکانی دەدا، دەست لەناو دەستی بەشی ڕادیکاڵی کۆمۆنیستەکانی ئێران لە مانگی خەرمانانی ١٣٦٢ ئاڵای دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی بەرزکردەوە.

بەڵام حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک بەشێکی جیانەکراوە لێی، لە هێندێک قۆناغدا بەرەوڕووی کێشمەکێشی توندی ناوخۆیی بووەتەوە کە هەموو جارێ جیابوونەوە و ئینشعابی لێ کەوتووەتەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو زیان و زەرەرانەی کە ئینشعابەکان لە پاش خۆیان بەجێیان هێشتووە، کۆمەڵە بە خۆڕاگری و پایەدارییەوە بۆ دیفاع لە باوەڕە کۆمۆنیستییەکانی لەژێر باری ئاکامەکانی ئینشعابدا پشتی ڕاست کردووەتەوە و بە دیفاعی پەیگیر لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بە پێداگری لەسەر بنەماکانی ستراتێژی سۆسیالیستی و دەورونەخشی ڕێبەری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان نەیهێشتووە کە پایەی کۆمەڵایەتیی لەناو کۆمەڵگەدا زەربەی جیددی وێکەوێ.

ئەمڕۆ بەرهەمی زیاتر لە چوار دەیە چالاکیی ئاشکرای کۆمەڵە، بەرهەمی هەڵسووڕانی هاوبەشی کۆمەڵە و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەتوانین لە ئاستی وشیاری و توانایی، کارایی و نفووزی کۆمەڵایەتی ئەم جەریانەدا ببینین. حاسڵی ئەو هەمووە ساڵە کار و هەوڵ لە دەسەڵاتی ڕیزەکانی شۆڕشی سۆسیالیستی، لە گەشە و نفووز و ئیعتباری کۆمەڵایەتیی کۆمۆنیسم، لە نفووزی بیر و سوننەتی کۆمۆنیستی لەناو کرێکارانی کوردستان، لە ئاشنایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی خەباتکار بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان و بە ئارمانی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کاریگەری خۆی نیشان داوە.

کۆمەڵە وەک ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە هەموو ماوەی خەباتیدا بەردەوام لەسەر گرینگیی یەکگرتن و هاوپشتیی سیاسی و چینایەتیی کرێکاران لە سەراسەری ئێران تەئکیدی کردووە. کرێکاران لە کوردستان بەهۆی هەر ئەم هەڵوێستە ستراتێژیکە سۆسیالیستییەیە کە ئەمڕۆ لە خەبات بۆ وەدیهاتنی ماف و داخوازییە پێشێلکراوەکانیان لە خەبات دژی ستەم و دیکتاتۆریی ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایە لە ئێران، خۆیان هاوڕێ و هاوسەنگەری کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، فوولادی ئەهواز، ئێران خودرەو، کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمییەکان، هێپکۆ و ئازەرابی ئەراک، موعەلیمان و باقیی بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران دەبینن. لە جەرەیانی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستاشدا خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان لەئاستی کۆمەڵایەتیدا نیشانیان دا کە بۆ ڕزگاری لە چنگ کۆماری ئیسلامی ڕێگایەکیان بێجگەلە هاوپشتی لەگەڵ بێبەشانی شار لە شوێنەکانی تری ئێران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێش نییە. ئەم گۆڕانکارییانە نیشانی دەدات کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان کە بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوە، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لەئاستی سەراسەریدا خاوەنی چ پێگەیەکە. ئەم پەیوەندە خەباتکارانەیە یەکێک لە ڕەمزەکانی پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە.

ئەم دۆخە ئەو ئیمکانە بە کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی دەدات کە زیاتر لە جاران پشت بە بنکە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی ببەستێت. واتە پەیوەندەکانی خۆی لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان قووڵتر بکاتەوە. تۆڕەکانی ڕێکخراوی خۆی لە ناویاندا پەرەپێبدات. بەپێی نفووز و ئێعتباری کۆمەڵایەتییەک کە هەیەتی تەشکیلاتی حیزبیی خۆی گەشە پێبدات. هەموو زەرفییەتەکانی خۆی بۆ هێنانە مەیدان و سازماندانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە وەکار بخات بەجۆرێک کە لە هەر هاوسەنگییەکی هێزدا بتوانێ وەحدەت و یەکپارچەیی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە بپارێزێ. کۆمەڵە بە هەر ڕادەیەک کە بتوانێ چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی ستەمدیدەی کوردستان بێنێتە مەیدانی خەباتی سیاسییەوە، بزووتنەوەی سۆسیالیستی دەخاتە پێگەیەکی باشترەوە بۆ بەکردەوەدەرهێنانی ڕێگاچارەی سۆسیالیستی لەپێناو نەمانی ستەمی نەتەوەیی.

کۆمەڵە بە پشت بەستنی بە پێگەی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان دەتوانێ ڕۆڵێکی چارەنووسسازی بێت لە وەڕێخستنی بزووتنەوەی شۆرایی لە کوردستان. پێویستە ئیدەی ڕێکخراو و دەسەڵاتی شۆرایی ببردرێتە ناو هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکەوە. لەبارودۆخێکدا کە پێنج مانگ لەو بزووتنەوەیەی کە بەناوی ڕەمزی ژیناوە دەستیپێکرد تێپەڕیوە، پێویستە بۆ بەرپاکردنی شۆراکان لە هەر کارخانە و ناوەندێکی بەرهەمهێنان، لە هەر گەڕەک، شار و شارۆچکە و گوندێک لە کوردستان تێبکۆشین. ئەگەر لەو باوەڕەداین کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان بە بەرینایی کۆمەڵگا بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو و موتەحەزیبە، ئەم زەرفییەت و ڕێکخراوبوونە پێویستە لە هەنگاوی قورس و قایم بۆ وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی لە کوردستان خۆی نیشان بدات. وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی یەکێکی تر لە ڕەمزەکانی سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە. بەبێ وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی بەهێز، ئەو نیگەرانییە لەئارادایە کە جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا بۆ جارێکی تر بخرێنە پەراوێزەوە و دوای چەند دەیە خەبات ئیمکانی ئەوە پەیدا نەکەن کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵات و ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەورونەخشیان بێت. وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی شۆرایی و دەسەڵاتی شۆرایی لە کوردستان لە پەیوەند و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری دەتوانێ لەئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتیوانیی ڕەوتە سۆسیالیستەکان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ڕووی ستراتێژییەوە قووڵتر بکاتەوە.

ڕەمزی خۆشەویستی و بەرزڕاگرتنی ٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمەڵە لەلایەن کرێکارن و جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان لەوەدایە کە کۆمەڵە لە پێشیانەوە، لە سەنگەری ئازادییاندا، لە دیفاعی بێ ئەمان لە بەرژوەندیان و بە بێ موماشات لەگەڵ دوژمنانی چینایەتییان ئەم ڕێگایە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە دواڕۆژی سەرکەوتن بە سەربەرزییەوە درێژە پێدەدات. ڕۆژی کۆمەڵە ڕۆژی نوێکردنەوەی عەهد و پەیمانە بۆ درێژەدانی ئەم ڕێگایە.

تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co