لەسەروبەندی ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ژناندا، کۆمەڵێک لەژنانی سیاسی لەوانە نەرگیس موحمەدی، ئاتێنا دایمی، عەسەل موحەمەدی، عاتیفە رەنگڕیز، لەیلا حسەین زادەو عالیه مەتلەبزادە ویدیۆیەکیان لەژێر ناوی “چیرۆکی زیندان و هاوسەرگیری منداڵان” بڵاوکردەوە. ئەم ژنە تێکۆشەرانە هەر لەنزیکەوە بەچاوی خۆیان بارودۆخی نالەباری زیندانەکان و بەتایبەتی بەندی عمومی لەئێران بوون. ئەمەش بووەتە هەوینی خەباتەکەیان بۆ ئەوەی سەرنجی بیروڕای گشتی کۆمەڵگا بەرەو لای ئەو زیندانانە رابکێشن کە ژنان تێیدا زیندانین، بۆ ئەوەی بەمشێوەیە خەبات و خۆڕاگرییەکی گشتگیرتر دژ بەم بارودۆخە رێکبخەن. ئەم کلیپانە لەچەند بوارەوە گرینگییەکی تایبەتیان هەیە: یەکەم ئەوەیکە چەندین هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی ژنان لەدژی بارودۆخێکی نالەبار کە کۆماری ئیسلامی بۆ ژنانی پێکهێناوە قۆڵیان هەڵماڵیوەوە. خاڵێکی گرینگ ئەوەیە کە هەر کام لەم هەڵسووڕاوە سیاسییانە لەروانگەی فیکری و سیاسی خۆیانەوە بەکورتی باسی زیندان و ژنان لەئێران دەکەن. ئەو بابەتانەی لەکلیپەکەدا باس دەکرێن، برتین لە:
یەکەم: ئێمە لەلایەن ئەو ژنانەوە قسە دەکەین کە لەمنداڵیدا بەشوو دراون. هەڵبەت ئێمە لەلایەن خۆمانەوە لەسەر ئەو بابەتانە قسە دەکەین کە بۆ خۆمان شاهیدی بووین. ئێمە بە چاوی خۆمان ئەو کارەساتانەمان دیوە کە لەزیندانەکاندا بەسەر ژناندا دێت.
دووهەم: پێویستە روون بکرێتەوە کە حکومەتی ئێسلامی بۆ خۆی دەروێکی بەرچاو دەگێڕپت لەپەرەپێدان بەهاوسەرگیری منداڵاندا.
سێهەم: لەبەهاری ساڵی ١٤٠٠دا ژوومارەی زەواجی منداڵانی ١٠ تا ١٤ ساڵ لەسەدا ٣٢ زیادی کردووە لەچاو بەهاری ساڵی پێشووی. هاوسەرگیری ٩٧٥٣ منداڵ لەساڵی ١٤٠٠دا تۆمار کراوە.
چوارەم: سیاسەتەکانی دەوڵەت لەسەر پەرەپێدان بەهاوسەرگیری لەوانە دانی وامی هاوسەرگیری بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاکامە نێگاتیڤەکانی کێشەی هاوسەرگیری منداڵانی خراپتر کردووە.
لەسەرەتای ویدیۆکەدا نەرگسی موحەمەدی ئاماژە بە کێشەی “هاوسەرگیری منداڵان” بەپێی یاسای نایەکسان و دژە ژنی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو مەسەلەیە دەکات. ناوبراو ئاماژە بەپەیوەندی دوو کچ و کوڕی ١٢ ساڵەی دراوسێ دەکات. لەدوای ئەوەی بنەماڵەی کچەکە سکاڵایان لەسەر ئەو دوو منداڵە تۆمار دەکەن، هەر دووکیان زیندانی دەکرێن. لەکۆتاییدا دادوەرەکە رایدەگەیەنێت کە تەنیا رێگاچارە ئەوەیە کە هەر دووکیان هاوسەرگیری بکەن و حوکمەکەی لەسەر ئەو مەلەسەیە دەردەکات.
ئاتێنا دیمیش لەسەر ئەو منداڵانە قسە دەکات کە بەزۆر بەشوو دراون. ناوبراو دەڵێت: “ئەو ژنانەی بەتۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکانیان لەزیندانن لەهیچ ئیمکاناتێک بەهرەمەند نین. ئەم ژنانە کە بۆ خۆیان ساڵانی ساڵ قوربانی تووندوتیژی بنەماڵەیی بوون، هەم بنەماڵەکانیان و هەم کۆمەڵگا پەراوێزیان خستوون. ئێستاش لەزیندانەکاندا دەچەوسێندرێنەوە. تەنانەت ژوومارەیەکی زۆر لەژنانەی کە رەزایەتی دایک و باوکی شووەکانیان بەدەست دێنێن، هیچیان پێ ناکرێت و لەنێو قووڕاوی دەرد و ئازارەکانیاندا دەمێننەوە. هەڵبەت منداڵانی ئەم ژنانەش لەبارودۆخێکی نالەباردا دەمێننەوە.” ئاتێنا دایمی دەست لەسەر فاکتەری هەژاری وەکوو هۆکاری سەرەکی هاوسەرگیری منداڵان دادەنێت. ناوبراو لەدرێژەدا دەڵێت: “حوکمی نامرۆیی وەکو قەساس و بەردباران لەدژی ژنانی قوربانی نە تەنیا کێشەی هاوسەرکوژی چارەسەر ناکات، بەڵکوو هۆکاری پەرەسەندنیەتی. ئەم کردەوانە دوایین کردەوەی کۆمەڵگای پیاوسالا لەدژی ژنانە.”
عەسەلی موحەمەدی ئاماژەی بەوە دەکات کە ژنان لەزیندانەکاندا ناچارن لەئاودەسەکان کاسەو کەوچکەکانیان بشۆرن. زۆربەی ئەو ژنانە بەهۆی فرۆشتنی مادەی هۆشبەر یان کوشتن و بەتایبەتی (هاوسەر کوشتن) لەزیندانی سپیداری شاری ئەهوازدان. ناوبراو هاوسەرگیری زۆرەملی و تووندتیژی بنەماڵەیی و بەتایبەتی لەسەر خۆشەویستی بەهۆکاری سەرەکی ئەو مرۆڤ کوشتنانە دەزانێت. عەسەل دەڵێت “درێژەی کێشەی دەروونی و تووندوتیژی و کێشەی ئابووری بوار بۆ ئەوە خۆش دەکەن کە ژنان دەست بەکوشتنی شووەکانیان بدەن. عەسەل موحەمەدی تووندوتیژی سیستماتیکی دەوڵەتی بەگرینگترین هۆکاری ئەم بارودۆخە نالەبارە دەزانێت.
عاتفە رەگریز ئاماژە بەیەکێک لەو ژنانە دەکات کە جیابووەتەوە. ئەو کچە لەتەمەنی ١٦ساڵیدا بەسیغە بەپاوێک دراوە. ئەو پیاوەش هەوڵ دەدات لەشفرۆشی پێ بکات و دواتر بەفرت و فێڵ ژنانی تر بخاتە ناو ئەو قووڕاوە. لەکۆتاییدا ژنەکە پیاوەکەی دەکووژێت.”عاتفە پێداگری دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیایی ئیسلامی لەسەر هێنانە خوارەوەی تەمەنی هاوسەرگیری بەهۆکارێکی سەرەکی ئەو بارودۆخەو بەتایبەتی کوشتن بەبیانووی نامووسەوە دەزانێت.
لەیلا حسەین زادە ئاماژەی بەوە دەکات کە ژوومارەیەکی زۆر ژنان لەزیندانی عادڵ ئابادی شیرازدا بەتۆمەتی کوشتنی شووەکانیان لەزینداندان. تووندوتیژی لەناو بنەماڵە، هەژاری و ئیعتیاد بوار بۆ ئەو جۆرە تاوانانە خۆش دەکەن. بایەخە دژە ژنەکان کچێکی ١٢ ساڵ ناچار بەهەڵاتن لەماڵی خۆیان دەکات و تووشی ئازارە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە ئیعتیاد، دزی و لەشفرۆشی دەبێت. لەیلا حسەین زادە ئاماژەی بەوەداوە کە تووندوتیژی یان کوشتنی ژنانی لێ دەکەوێتەوە یان کوشتن لەژێر ناوی نامووسی لێ دەکەوێتەوە.
عالیە مەتلەب زادە ئاماژە بەلەخوارەوە بوونی تەمەنی هاوسەرگیری و کێشەی وەکوو هەژاری، کەمبوونی ئیمکاناتی فێربوون و بارهێنان و بەکردەوە دەرهێنانی یاساو ریسای دژە ژنی ئیسلامی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەکات کە هیچ بژاردەیەکی تر بێجگە شووکوژی بۆ ژنان ناهێڵێتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم کلیپە وەکوو کارێکی بەکۆمەڵ لەلایەن ئەو هەڵسووڕاوانەی بزووتنەوەی ژنانەوە کە خۆیان لەنزیکەوە شاهیدی بارودۆخی نالەباری ژنان بوون و نەیانتوانیوە دەنگی خۆیان بەهیچ شوێنێکی تر بگەیەنن، کارێکی باش و بەنرخە. ئەمە کەش و هەوایەک دەخولقێنێت کە تێیدا لەسەر وردەکاری ئەو بابەتانە قسە دەکرێت پەیوەندی بەژنانەوە هەیە. لەوەها کەش و هەوایەکدا روانگەو لێکدانەوەی جۆراوجۆر دەبیستین و بانگەشە بۆ دەخالەتی کۆمەڵگا لەسەر ئەو کێشانە دەکات. هەروەها مەجالێک دەخولقێنێت کە هەم لەسەر بابەتی رزگاری ژنان قسەوباس بکرێ و هەم لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ژنان. لەم رێگەیەوە دەکرێ لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی ماتریالیستی ئاڵتێرناتیوێکی رادیکاڵ پشکەش بەکۆمەڵگا بکرێت.
چەوسانەوەی ژنان بەهەموو کێشەو گرفتارییەکانیەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییەو پێویستە وەکوو هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تر فاکتەرەکانی دەخیل لەپێکهاتنیدا بناسین. هەروەها دەبێت بەپێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوەی رێکخراو و لەئاستی کۆمەڵایەتیدا هێزی جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانی خوازەکان بۆ وەدیهاتنی خەبات بکرێت. ئەگەر باسی ریشەکانی چەوسانەوەی ژنان بکەین، پێویستە پەیوەندییەکانی سەرمایەداری و پێکهاتەی سیاسی زاڵ، واتە ئایدیۆلۆژیای دژە ژنی ئیسلامی وەکوو هۆکاری سەرەکی ناوببەین. هەر بەم بۆنەشەوەڵ، خەبات بۆ ریشەکێشکردنی چەوساننەوەی ژنان بەشێکی جیانەکراوە لەخەباتی دژە سەرمایەداری و خەبات لەدژی دەوڵەتی ئایینی-ئیسلامییە.