بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە تەنیا لەماوەی یەک حەفتەدا چوار ژن لە شارەکانی کامیاران، مەریوان، ئەهواز و کرماشان بوونەتە قوربانیی قەتڵی نامووسی. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە نگین ڕۆستەمی خەڵکی گوندی “نەی”ی سەربە شاری مەریوان ٣ی مانگی ڕێبەندان لەلایەن هاوسەری پێشووی سوتێندرا و ٩ی ڕێبەندان لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست دا. زۆهرە لەندی، دانیشتووی ئەهواز ٩ی ڕێبەندان بە تەقەی گولـلە بەدەستی هاوسەرەکەی کوژرا. ڕێزوان نەدیمی ٢٦ ساڵە و خەڵکی کامیاران لەلایەن هاوسەری پێشووی خۆی بە تەقەی گوللـە لە یازدەی مانگی ڕێبەنداندا کوژرا. فیروزە مۆرادی ٢٦ ساڵ تەمەن و خەڵکی کرماشان بە چەقۆ لەلایەن براکەیەوە کوژرا.
بەپێی ئامارەکان هەموو ساڵێ لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ژن لە ئێران دەبنە قوربانیی قەتڵی نامووسی. ئەوان بەشێوەیەکی وەحشیانە بەدەست کەسوکاری خۆیان کە زیاتر باوک، هاوسەر یان برایانن دەکوژرێن. ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو ناوچانەی کە ئەم قەتڵانە لێی ڕوو دەدەن، دەبینین کە زۆربەی ئەم قەتڵانە لەو ناوچانە ڕوویان داوە کە بەشێوەی سیستماتیک چ بەر لە شۆڕش و چ دوای شۆڕش لەلایەن دەەسەڵاتەکانەوە کەوتوونەتە بەر ستەم و هەڵاواردن و بێمافیی سیاسی، ئابووری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی. کۆماری ئیسلامی کە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی نگریسی خۆی، لەڕێگەی یاسا و ناوەندە ڕەسمییەکانی خۆی، هەموو جۆرە هەڵاواردن و بێمافییەکی بەسەر ژناندا سەپاندووە، لە ناوچەکانی وەک کوردستان، کرماشان، سیستان و بەلوچستان و یان ئیلام، لە پاڵ ئەم بێ مافییە یاساییانە، هەژاری، بێکاری، ئەنواعی مەحرومیەتی کۆمەڵایەتی، دەستڕانەگەیشتنی ئاسان بە پەروەردە، تەبلیغی ئەنواعی ئەفکار و سیاسەت و بەرنامەی کۆنەپەرستانە و دژەژن، داسەپاندنی وابەستەبوونی ئابووریی ژن بە پیاو و گەلێک کێشەی و گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووریی بەشێوەیەکی بەرینتر بەسەر خەڵکی ئەم ناوچانەدا سەپاندووە.
لە کۆمەڵگای ئێراندا پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ حوکمڕانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری مەزهەبی کە یاساکانی بەپێی بنەما فێرکارییەکانی ئیسلام داڕێژراون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ڕەسمی و یاساییەوە دژی ژنە و بە جێبەجێکردنی یاسا ئیسلامییەکان لە ڕووی دامەزراوەییەوە مافە مەدەنی و ئینسانییەکانی ژنان پێشێل دەکات و بە زەوتکردنی هەموو ئازادییە شەخسی و کۆمەڵایەتییەکانیان، داسەپاندنی توندوتیژیی هەمەلایەنەی دژبە ژنان لە کۆمەڵگە و بنەماڵەدا مەشرووعییەت بەخشیوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی لە کولتووری پرتووکاوی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا کەڵک وەردەگرێت. لە یاساکانی ئیسلامدا ژن بەشێک لە دارایی و مڵک و ماڵی پیاوان بە حیساب دێت. بەپێی ماددەی ١١٠٥ی یاسای مەدەنیی حکوومەتی ئیسلامی سەبارەت بە پەیوەندی ژن و شوو، پیاو سەرۆکی موتڵەقی بنەماڵەیە. لە ئەگەری سەرپێچیی ژن لە فەرمانی شووەکەی، کە زۆر جار بەهۆیەوە ژنان بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە ناوەندە قەزاییەکاندا بەپێی ئەم یاسایە ژنان مەحکووم دەکەن. بەپێی ماددەی ٦٣١ی یاسای سزادانی ئیسلامی، ئەگەر پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی لەگەڵ پیاوێکی تر لە جێدا ببینێت و بیکوژێت، قەتڵی نەکردووە و هیچ گوناهێکی نییە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ژن ئەم مافەی نییە. ماددەی ٣٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت: دیەی قەتڵی ژنێکی مسوڵمان ، بە مەبەستەوە بووبێت یان بەبێ مەبەست، نیوەی دیەی پیاوی مسوڵمانە.
فاکتۆرێکی دیکە لە کە لێکدانەوە هۆکارەکانی پەرەسەندنی قەتڵە نامووسییەکان پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، دیاردەی منداڵ هاوسەرییە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر ژنانیدا سەپاندووە. ڕێزوان نەدیمی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا هاوسەرگیریی پێ کرا. تەمەنێک کە له شوێنەکانی تری دنیا بە تەمەنی منداڵی بەحیساب دێت. هاوسهرگیریی منداڵان دیاردهیهكی دێرینه لهناو كۆمهڵگای ئێراندا كه لهژێر كاریگهریی كلتووری كۆنهپهرستانه و ئایینیدا، بهردهوام بهرههم دێتهوه و ڕژیمی ئیسلامیش پۆششی یاسایی و مهدهنیی بهم بیر و باوهڕانه داداوه. هاوسهرگیریی پێشوهخت، بهتایبهت بۆ كچان، كه فهراغهتی سهردهمی منداڵی و دهرفهتی كهم وێنهی پهروهرده و پشكوتنی توانایی و گهشهی فكر و جهسته و شكڵ گرتنی كهسایهتییان لێ زهوت دەکات، سهرهڕای تووش بوون به ئاسهوار و ئاكامی نهخوازراوی ڕووحی و جهستهیی، كاریگهریی ناخۆش و دواهاتی نهرێنی لهسهر بنهماڵه و كۆمهڵگا دادهنێ. بووكی كهم تهمهن بههۆی گوشاری كاری ناوماڵ و سنوورداربوونی دهرفهتی منداڵییهتی، توانای بڕیاردان لهدهست دهدات. ئهم كچانه بههۆی دووگیان بوونی پێشوهخت و ئاشنا نهبوونیان لهگهڵ تهوهره جنسییهكان، بهردهوام ههڕهشهی مهرگیان لهسهره، بهجۆرێك كه ڕێژهی قوربانی بوونییان پێنج بهرابهری كچانی تەمهنی ٢٠ ساڵه. هاوسهرگیریی منداڵان، یهكێك له دیمهنه مهترسیدارهكانی توندوتیژی دژبه منداڵان و نموونهی منداڵ ئازاری و كۆیله كردنی ئهم نهونهمامانه بهئهژمار دێت.
نگین ڕۆستەمی، زۆهرە لەندی، ڕێزوان نەدیمی و فیروزە مۆرادی لە حاڵێکدا بوونەتە قوربانیی قەتڵی نامووسی کە ئێران مەیدانی درێژەی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی شکۆمەندە و ژنان لەم بزووتنەوەیەدا پێشەنگن. ژنان دوای زیاتر لە چوار دەیە خەبات و خۆڕاگریی لێبڕاوانە، ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بەرەنگاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هەموو یاسا دژەژنەکانی بوونەتەوە و لە شەقامەکان، ڕووسەری، هێمای کۆیلەتیی ژن لە حکوومەتی ئیسلامی ئاگر تێبەردەدەن و بڕیاریان داوە کە حاکمیەتی ئیسلامیی سەرمایە بڕووخێنن.
لەحاڵێکدا کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا گشت نیزامی سەرکوتگەری ئیسلامیی خستە لەرزە، ژنان دیسان ڕێگای خۆیان دۆزیەوە و لە هێزی یەکگرتوویی خۆیان لەگەڵ توێژەکانی تری کۆمەڵ گەیشتن و هیوای گەیشتن بە دنیایەتی ئازاد و بەرابەری تێدا زندوو کردنەوە و دەنگی ڕزگاریخوازییان هەموو سنوورەکانی جیهانی تێپەڕاند. ئەوان بە دەسەڵات و بە گشت کۆمەڵگە و جیهانیان نیشان دا کە ڕەگەزی دووهەم نین، بەڵکوو خۆیان ڕەهبەرن، پیاوانی ئازادەش لەگەڵ خۆیان هاوڕێ دەکەن و خەیابانەکان دەکەنە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزی سەرکوتگەر.
بێگومان ژنان بۆ ڕیشەکێش کردنی قەتڵی نامووسی و سوننەت، بیروباوەڕی کۆنەپەرستانە و دواکەوتوو و دژی ژن کە لەماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و نیزامە سەرکوتگەرەکانی پێشوو بەسەر ژنانی کۆمەڵگەدا سەپاوە، ڕێگایەکیان نییە بێجگەلە ئەوەیکە هاوکات لەگەڵ خەبات دژبە کۆماری ئیسلامی، یەکگرتوو لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی خۆیاندا و هاوڕێ لەگەڵ باقیی بزووتنەوە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگە بەرەنگاری سوننەت و یاسای دژی ئیسان و کۆنەپەرستانە ببنەوە و هەر هێزێک کە بۆ پاراستنی ئیسلام و ناوەندە سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی و بەلاڕێدابردنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران هەوڵ دەدات، لەقاوی بدەن و بیخەنە پەراوێزەوە. هاوکات پێویستە ئاگادار بین کە بە سیاسەتی سەرمایەدارانەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست ناکرێ بەرەنگاری هەژاری و بێبەشی و ئاکامەکانی ببینەوە. پێویستە چ لە بواری سیاسی، چ کۆمەڵایەتی و چ ئابووری، کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشٶ چ ژن و چ پیاو، خۆیان کۆنتڕۆڵی کاروباری کۆمەڵگە بگرنە دەست و بۆ هەمیشە کۆتایی بە یاسا و بەها و سوننەتە دەست و پێگرەکانی سەر ڕێی دەسەڵاتداریی خۆیان بێنن.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە