فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کاردانەوەکان بەرامبەر ژەهراویکردنی قوتابیان؛ سێ میدیا بە تاوانبار ناسێنران
چوارشەممە ۱۷-۱۲-۱۴۰۱   |  08-03-2023

لە کاتێکدا هێرشە کیمیاییەکان لە قوتابخانەکانی کچانەوە بۆ بەشی خابگای زانکۆکان و قوتابخانەکانی کوڕان پەرەی سەندووە، داواکاریی گشتی تاران ڕۆژی سێشەمە ۱٦ی ڕەشەمە ڕایگەیاند “لە یەک حەوتووی ڕابردوودا  بەڕێوەبەرانی بەرپرسی میدیاکانی هەم‌ میهن، رویداد ۲٤ و شەرق و هەروەها چەن کەسایەتیەک وەکوو ئازەر مەنسووری، سادق زیباکلام و ڕەزا کیانیان بە تاوانبار ناسێنراون و هەر لەم پێوەندییەدا دۆسیەی دادگاییان بۆ تۆمار کراوە.”

هەروەها پێشتر عەلی پوورتەباتەبایی یەکێک لە کارمەندانی ماڵپەڕی “قوم‌ نیوز” دەستگیر کرا. ناوبراو یەکەمین هەواڵنێر بوو کە لە درێژەی سێ مانگی ڕابردوودا بەدواداچوونی بۆ هەواڵەکانی پێوەندیدار بە ژەهراویکردنی قوتابیان له قوتابخانەکان بە تایبەت قوتابخانەکانی قۆم کردبوو و لەسەریان زانیاری بڵاو کربووەوە. 

لە کاتێکدا هیچکام لە بەرپرسانی ڕژیم تا ئێستا ڕوونکردنەوەیەکی باوەر پێکراویان دەربارەی سەرچاوەی ئەم هێرشانە و ئەنجامدەرانی بۆ ئەو بنەماڵانەی کە نیگەرانی خوێندکارانن نەخستووەتە ڕوو، بەڵام کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بەرامبەر بەم هێرشانە لە زیادبووندایە. بەپێی  زانیاریەکان تا ئێستا ژەهراوی کردنەکان لە ٢٥ ئۆستانی ئێران ئەنجام دراوە و ٢٤٠٠ هێرشی گازی کراوەتە سەر قوتابخانەکان و بەشی خابگای زانکۆکان بەتایبەت لە بەشی کچان.

هەروەها ئاماری ئەو کەسانەی ژەهراوی بوون لانیکەم گەیشتووەتە ٥ هەزار کەس.