فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کرێکار، خوێندکار، مامۆستا، یەکگرتن، مانگرتن!
پێنجشەممە ۲۸-۰۷-۱۴۰۱   |  20-10-2022
کرێکار، خوێندکار، مامۆستا، یەکگرتن، مانگرتن!

تەنیا سێ ڕۆژ لە چوار شار و تەنیا مانگرتنی بەشێک لە کرێکارانی نەوت، گاز و پێترۆشیمی بەس بوو تا زەینییەتی مێژوویی کۆمەڵگە کاردانەوە نیشان بدات  و درووشمی “کرێکاری نەوتی ئێمە، ڕێبەری سەرسەختی ئێمە” بڵێتەوە. ئەم زەینییەتە مێژووییە وەخەبەر هاتووە و ئاشکرا و ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێت: لەبیرتان نەچێتەوە کە لە ساڵی ٥٧دا هەر ئەم کرێکارانەی نەوت بوون کە بە مانگرتنی سەرانسەری خۆیان دوایین مێخیان لە تابووتی ڕێژیمی ستەمکاری پاشایەتی دا. ئەم زەینییەتە مێژووییە هۆشدار دەدات کە نابێ ڕێگە بدەین بۆ جارێکی تر هەموو گیانفیداییەکانی خەڵک، هەموو گوڕوتین و موقاومەتی قارەمانانە و شکۆمەندی ژنان و پیاوانی لاو بکەوێتە خزمەت ئاسۆیەکەوە کە دیسان تەنیا ئەرکی پاراستنی نیزامی کۆیلەتیی مزبەرییە و هیچی تر. نیزامێک کە بەڕواڵەت باس لە ئازادی و دێموکراسی و سێکۆلاریزم دەکات بەڵام هاوکات خەریکی ئامادەکارییە بۆ نووژەنکردنەوەی هەموو ئۆرگانەکانی پارێزەری سیستەمی سەرمایەداری. ئەرتەش و سپا و پۆلیس و زیندان ئەمجارەیان ڕەنگبێ ناوی تریان بێت بەڵام هەمان ئەرکی پێشوویان دەبێت واتە پاراستنی نەزمی مەوجوود و سەرکوتی داخوازیی خەڵک. پەرلەمانی بورژازی پێک دێت تا نوێنەرانی، بەکرێگیراوانی سەرمایە بن. دەوڵەت پێک دێت تا گوێڕایەڵی سەرمایەداران بێت و ببێتە ئۆرگانی جێبەجێکاری سەرمایەداران. درووست بە سەرنجدان بەم مێژووە خوێناوییە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، پێویستە وشیار بین. ساڵی ٥٧ دروست لە بارودۆخێکدا کە نیزامی پاشایەتیی پەهلەوی بە مەنتقی ڕاپەڕینی جەماوەری لە گۆڕەپانی سیاسیی  کۆمەڵگە ڕادەماڵدرا، بەدیلێکی یەکجار گەندەڵتر و کۆنەپەرستانەتریان هێنایە مەیدان. لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا بە کەڵک وەرگرتن لە “بی بی سی” و باقی میدیا ئیمپریالیستییەکان بۆ ئەم بەدیلە کۆنەپەرستە ئیسلامییە تەبلیغاتیان خستە ڕێ. فەڕشی سووریان بۆ ڕاخست و دەموچاویان لەناو “مانگ”دا بە خەڵک نیشان دا. ناوشیاریی جەماوەر و نەبوونی ڕێکخراو و ڕێزی سەربەخۆی چینی کرێکار کە ڕیشەی لە زەبروزەنگی دیکتاتۆری سەڵتەنەتیدا بوو، یارمەتیی دان تا بتوانن جەماوەرێکی بەرین لە دەوری ئەم بەدیلە کۆنەپەرستانەیە کۆبکەنەوە.

بێگومان هەموو ئەمانە دەتوانێ دیسان ڕوو بداتەوە ئەگەر هەر لە ئێستاوە وشیارانە هەنگاو هەڵنەگرین. لەبیرمان نەچێتەوە کە کۆمەڵگە لە چین و بەرژەوەندی چینایەتیی جۆراوجۆر پێکهاتووە و ئەم بەرژەوەندە ناتەبایانە لە سەردەمێکدا کە کۆمەڵگە بە هەنگاوی بەرزەوە بەرەو یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەڕوات، دەبنە ئەکتەرەکانی مەیدانی نەبەرد. درووست بە سەرنجدان بەم ئەزموونانەیە کە دەڵێین دەوڵەتی نوێ پێویستە لە دڵی شۆراکانی کرێکاران کە سەرچاوەگرتوو لە مەجمەعی عموومین، بێتە دی. ئێمە دەڵێین کە بەرهەمهێنەرانی سەرەکیی سەروەتی کۆمەڵگە، ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش، بێبەشانی شار، هەر ئەم خەباتکارانەی سەر شەقام پێویستە دەسەڵات بگرنە دەست. ئێمە دەڵێین کە ئەرتەش و سپای پاسداران و هەموو ئۆرگانەکانی ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی و نیزامیی حکوومەتی ئیسلامی دەبێ هەڵوەشێنەوە و ڕێکخراوی چەکداری جەماوەر کە لەژێر فەرمانی حکوومەتی شۆرایی دایە، ئەرکی ئەمنییەت و بەرگری کردن لە دەستکەوتەکانی خەڵک وەئەستۆ بگرێت. دەوڵەتی نوێ پێویستە هەموو یاساکانی داسەپێنەری کۆیلەتی و هەڵاواردنی جنسیەتی کە لەناو کۆمەڵگەی سەرمایەداری و پیاوسالاردا داڕێژراون، هەڵوەشێنێتەوە. ئێمە دەڵێین پێویستە ئەم دەوڵەتە نوێیە کۆتایی بە خسووسی کردنی پەروەردە و تەندروستی بهێنێت. دین لە دەوڵەت جیا بکاتەوە و بە مانای ڕاستەقینەی وشە بیکاتە بابەتی خسووسیی تاکەکان و ڕێگە نەدات لەژێرناوی پارێزگاری لە دین، کۆمەڵگە بە بیری ژهراوی و خورافی ئاڵوودە بکەن. ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی دابین و زەمانەت بکرێت. مافی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و “ئێڵ جی بی تی”یەکان بەڕەسمی بناسرێت. سزای ئێعدام هەڵوەشێتەوە. کۆتایی بە سیاسەتی دژی ژینگە بهنێدرێت. بێکاری ڕیشەکێش بکرێت و کەس ناچار نەبێت بۆ پەیداکردنی تیکەیەک نان کۆڵبەری بکات. هەروەها دابینکردنی دەیان داخوازیی تر کە هەموو ڕۆژێ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا هاوار دەکرێن.

نابێ فریوی درووشمی “هەمووان پێکەوە”ی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بورژوازی بخۆین. ژنی کرێکار لەگەڵ ژنی سەرمایەدار، پیاوی کرێکار لەگەڵ پیاوی سەرمایەدار یەک ناگرنەوە. ژنان و پیاوانی کرێکار و ژنان و پیاوانی سەرمایەدار هی دوو چنی جیاواز و دژبە یەکن. ڕێبەران و پێشڕەوانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا نابێ ڕێگە بدەن کە وتەبێژانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی بورژوایی بە کەڵک وەرگرتن لە ئاراستەی یەکگرتوویی خوازیی خەڵک دژبە ڕێژیمی هار و سەرکوتگەر، ڕیزی چینایەتی و بەرژەوەندی چینایەتیی ناتەبا تێکەڵ بە یەک بکەن و سنووری بەرژەوەندە جیاوازە چینایەتییەکان بشێوێنن. بۆ ئەم ئاخێزەی ئێستا هیچ شتێک لەوە مەرگبارتر نییە ئەگەر نەتوانێ ڕیزی خۆی لە ڕیزی ئەوانە جیا بکاتەوە کە لەسەر سەری خەڵکەوە و بە پشتیوانیی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان خۆیان بۆ گرتنی دەسەڵات ئامادە دەکەن.

ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی شەقام سەرەڕای هەموو سەرکوتگەرییەک هەروا درێژەی هەیە. خوێندکاران بەتایبەت لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا قارەمانانە درەوشانەوە. ژمارەیەک لە شارەکان بوونەتە هێمای خۆڕاگری و خەبات. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بە تاکتیکگەلێک کە لە ڕێکخستنی ناڕەەزایەتییەکان و لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی بەکرێگیراوانی سەرکوتگەردا بەکاریان هێنا هێزی دوژمنیان هیلاک و سەرلێشێواو کردووە. هەموو ئەمانە دەستکەوتی بەنرخن و پێویستە بپارێزرین. ئێمە دەتوانین سەنگەر بە سەنگەر پاشەکشە بە ڕێژیم بکەین ئەگەر ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ڕێبەرانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لەسەر شەقام وێنەیەکی ڕوونیان لە ڕەوتی پێشڕەویی ئەم ئاخێزە، لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، لە چونیەتیی تێکشکاندنی ماشێنی نیزامیی ڕێژیم و لە ئاسۆی سەرکەوتن هەبێت.

لە پێنجەمین هەفتەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا درووشمی “کرێکار، مامۆستا، خوێندکار، یەکگرتن، مانگرتن” لە زانکۆکان و لە هێندێک شوێن لەسەر شەقامەکان وترایەوە. لە بەیاننامەی ڕێکخراوە خوێندکاری و کرێکارییەکان و لە ڕاگەیەندراوی لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکان لەسەر ئەم زەروورەتە تەئکید دەکرێت. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بێسەبرانە چاوەڕوانی هاتنەمەیدانی ملیۆنیی کرێکارانە لەقامەتی چینی شۆڕشگێڕ و لە قامەتی گۆڕهەڵکەنی نیزامی سەرمایەداری و کۆیلەتیی مزبەری. نابێ لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک بۆ جەماوەریتر کردنەوەی هەرچی زیاتری ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە دەریغ  بکەین. پێویستە هەوڵ بدرێت کە چینی کرێکار لە ئاستی بەریندا و وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بە چەکی بەهێزی مانگرتنەوە بێتە مەیدان.

وتەی ڕۆژی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co