زیاتر لە سێ مانگ لە دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێران تێپەڕیوە. لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە شەقام و زانکۆ و مەدرەسە و لە مەیدانی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێرشی هێزی سەرکوتگەر وێڕای هێنانەگۆڕی دروشمی شۆڕشگێڕانە و گرتنەبەری تاکتیکی جۆراوجۆر، مانگرتنی پەراکەندەی کرێکاری، مانگرتنی بازاڕیان و بەگشتی ڕەوتی بارودۆخی سیاسی لە ئێران، وشیاربوونی جەماوەری لەئاست تێپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە بەڕوونی نیشان داوە. لەلایەکی دیکەوە بانگەوازی دەیان ڕێکخراوەی خوێندکاری و تۆڕی پێکەوە پەیوەنددراوی لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکان و خوێندکاران بۆ ناڕەزایەتیی سەر شەقام و مانگرتنی سەرانسەری لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ و ٣٠ی سەرماوەز نیشانی داوە کە ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە ئیتر ڕاناوەستێ. ڕەوتی بارودۆخەکە نیشانی دەدات کە کرێکارانیش لەئاستێکی کۆمەڵایەتی و بەرینتردا بەم پەیکارە شۆڕشگێڕانەیە پەیوەست دەبن.
بەدوای چەندین مانگرتنی موعەلیمان، مانگرتن و ڕێپێوانی کرێکارانی “زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان” بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی حەقدەست، مانگرتنی کرێکاران لە هێندێک لە کارخانەکانی ماشێنسازی بۆ حەقدەستی دواخراو، مانگرتنی سەرانسەریی شۆفیر کامیۆنەکان لە زیاتر لە دە شاری ئێران، مانگرتنی کرێکاران لە هێندێک لە پێترۆشیمییەکان لە جنووب و لە سنە، ئێستا کرێکارانی سەنایعی نەوت و گاز بە چەکی مانگرتنەوە هاتوونەتە مەیدان. کرێکارانی ڕەسمیی سەنعەتی نەوت و گاز لەسەر بانگەوازی پێشوو، ڕۆژی ٢٦ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ لە شیرکەتی نەوتی ئەهواز، شیرکەتی نەوت و گازی پارس لە عەسەلویە، شیرکەتی نەوت و هێڵی گازی لە گوناباد، شیرکەتی نەوت گاز لە مەنتەقەی عەمەلیاتیی تنگ بیجاڕ، شیرکەتی نەوت لە ماهشەهر، کرێکارانی ئاگرکووژێنەوە لە ناوچەی نەوتیی دوورگەی خارک، دەستیان دایە مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. کرێکارانی نەوت خوازیاری جێبەجێکردنی ماددەی ١٠ی قانونی ئەرک و ئیختیاراتی وەزارەتی نەوت، لابردنی ماڵیاتی زۆری حقووقەکان، لابردنی سەقفی حقووقی، بردنەسەرەوەی حقوق و حەقدست، پێدانی پاداشی خانەنشینی، باشترکردنی خزمەتگوزاریی ڕەفاهی و وەزعییەتی تەندرووستی و دەرمان، هەڵوەشاندنەوەی ئەساسنامەی سەندووقی نەوت و جێبەجێکردنی باقیی خواستەکانیانن. لەو جێگەوە کە خەباتی ئابووری و خەباتی سیاسیی کرێکاران پەیوەندی ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە، خەباتی ئابووریی کرێکاران لەم قۆناغەدا و لەژێر کاریگەریی فەزای سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە بەخێرایی لەگەڵ خەبات و داخوازیی سیاسی تێکەڵ دەبێت.
ئەگەرچی جەماوەری کرێکار لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا هێستا بەوە نەگەیشتوون کە پێویستە لە مەسیری بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە دژبە نەزمی مەوجود کۆتایی بەو هەمووە هەژاری و بێ مافییە بێنن، بەڵام هەواڵی پێوەندیدار بە ناوەندە کرێکارییەکان و مانگرتنی کرێکاران ئەوەمان پێ دەڵێت کە بزووتنەوەی کرێکاری دەتوانێ بە خێرایی لەم قۆناغە تێپەڕ بێت. بێگومان ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە زەروورەتی سیاسی و چینایەتیی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و هەوڵ بۆ دابینکردنی هێژمۆنیی بزووتنەوەی کرێکاری بەسەر بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان ئاگادارن. هەوڵی ماندوویی نەناسانە و ڕاگەیاند و بانگەوازی شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت، شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی مامۆستیاان و باقیی ڕێکخراوەی کرێکارییەکاین سەربەخۆ لە دەوڵەت سەبارەت بە زەروورەتی هاتنە مەیدانی کرێکاران لەپێناو پاشەکشەکردن بە ماشێنی سەرکوت و ئێعدامی ڕژیم، ئەم حەقیقەتەمان بەڕوونی پێ نیشان دەدات. لە حاڵێکدا کە ڕێژەی هێڵی هەژاری لە سەرووی ١٨ ملیۆن تمەن لە مانگ دایە، سەرکوتی بەرین، هەڕەشەی دەرکردن، هەژاریی بێوێنە و نیگەرانی لە ئاکامەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان، ئەو بەربەستانەن کە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری بۆ ڕێکخستنی مانگرتن و هێنانە مەیدانی کرێکاران لەگەڵی بەرەوڕوون. بەڵام بێگومان بە هەموو ئەمانەشەوە زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە بابەتێکی مومکینە.
لەئێستادا زاڵبوون بەسەر ئەم لاوازی و کەموکوڕییانە و ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ ڕێبەریی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، ئەرکی قورس دەخاتە ئەستۆی چالاکان و ڕێبەرانی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی کرێکاری و حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان. چینی کرێکار بە بێ خۆ سازماندان لەناو ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری و حیزبی سیاسیی کۆمۆنیستیی خۆی، بە بێ پێکهێنانی ڕێکخراو و پەرەپێدانی ناوەندی وەک کۆمیتەی مانگرتن و بە بێ پێکهێنانی شۆرای کرێکاری کە مانگرتن و خەباتی ئێستای کرێکاران هیدایەت و ڕێبەری بکات، ناتوانێ زەرفییەتەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیە بەکار بهێنێت. کۆمۆنیستەکان کە داکۆکیکاری شۆڕشی بەردەوامن نابێ بۆ ساتێکیش لە ئەنجامدانی ئەم ئەرکانەیان غافڵ بن. پێویستە بە کرێکاران نیشان بدرێت کە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی خۆشبژێو و ئینسانی، لە ڕێژیمی سیاسی و نیزامی چینایەتیی زاڵ پێویستە تێپەڕن و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و بێدەسەڵات کردنی سەرمایەداران بخەنە دەستووری کارەوە. لەبەر ئەوەیکە پێشمەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕش گەیشتووەتە قۆناغێک کە مەجالی هیچ باسێکی سەبارەت بە ڕێفۆرمی سیستماتیک و باشترکردنی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەژێر دەسەڵاتی سەرمایەدارانی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامیدا نەهێشتووەتەوە.
تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە