بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و درێژە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان کۆمەڵگەی بردووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. لە جەرەیانی ئەم ئاخێزەدا، حزووری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ناڕەزایەتییەکانی شەقام، لە زانکۆ و مەدرەسە و شوێنەکانی تر، لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکان و بە دروشم و کردەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان، بەڕوونی نیشانیان دا کە خەباتکاران لە زەروورەتی تێپەڕینی شۆڕشگێڕانە لە دەسەڵاتی ئیسلامی ئاگادارن. کرێکاران بە چەکی بەهێزی مانگرتنەوە بەم خەباتە پەیوەست دەبن. مانگرتن و ڕێپێوانی کرێکارانی “زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان” بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەست یەکێک لە گرنگترین مانگرتنەکانی ڕۆژانی ڕابردوویە. هەروەها مانگرتنی کرێکارانی “خودرەوسازیی مۆرەتەب” بە خواستی وەرگرتنی حەقدەستی دواخراو بە دروشمی “وادە و بەڵێنمان ناوێ، حەقی خۆمان دەوێ” درێژەی هەیە. هاوکات شایەدی مانگرتنی سەرانسەریی شۆفیر کامیۆنەکانین بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە شارەکانی شاپور، ئیسفەهان، قەزوین، بەندەرعەباس، مەرەند، کاشان، شیراز و کرماشان. ئەگەرچی جەماوەری کرێکار لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا هێستا بەوە نەگەیشتوون کە پێویستە لە مەسیری بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە دژبە نەزمی مەوجود کۆتایی بەو هەمووە هەژاری و بێ مافییە بێنن، بەڵام هەواڵی پێوەندیدار بە ناوەندە کرێکارییەکان و مانگرتنی کرێکاران ئەوەمان پێ دەڵێت کە بزووتنەوەی کرێکاری دەتوانێ بە خێرایی لەم قۆناغە تێپەڕ بێت. لەو جێگەوە کە خەباتی ئابووری و خەباتی سیاسیی کرێکاران پەیوەندی و کاریگەریی بەرامبەریان هەیە، خەباتی ئابووریی کرێکاران لەم قۆناغەدا و لەژێر کاریگەریی کەشوهەوای سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە بەخێرایی لەگەڵ خەبات و داخوازیی سیاسی تێکەڵ دەبێت. بێگومان ڕێبەران و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە زەروورەتی سیاسی و چینایەتیی هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و هەوڵ بۆ دابینکردنی هێژمۆنیی بزووتنەوەی کرێکاری بەسەر بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان ئاگادارن. لە حاڵێکدا کە ڕێژەی هێڵی هەژاری لە سەرووی ١٨ ملیۆن تمەن لە مانگ دایە، سەرکوتی بەرین، هەڕەشەی دەرکردن، هەژاریی بێوێنە و نیگەرانی لە ئاکامەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان، ئەو بەربەستانەن کە چالاکان و ڕێبەرانی کرێکاری بۆ ڕێکخستنی مانگرتن و هێنانە مەیدانی کرێکاران لەگەڵی بەرەوڕوون. بەڵام بێگومان بە هەموو ئەمانەشەوە زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە بابەتێکی مومکینە.
لەلایەکی دیکەوە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کارەساتبار و هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەر زۆربەی خەڵکدا سەپاوە، گۆڕانکاریی لە وشیاری و ئاراستەی وردەبورژزوازیشدا پێکهێناوە. بەرەبەرە توێژە بەرینە کۆمەڵایەتییەکان، نەتەنیا بە ڕێژیمی ئیسلامی و چینی سەرمایەدار کە پایەی کۆمەڵایەتیی ئەم دەسەڵاتەیە، متمانەیان نامێنێت، نەتەنیا نایانهەوێ ئەم بارودۆخە بپارێزن، بەڵکوو بەرەبەرە بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆتایی هێنان بە وەزعی مەوجود هیوادار دەبن. مانگرتنی بازاڕییان و کارمەندانی ئیدارات نەتەنیا لە شارەکانی کوردستان، بەڵکوو لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران کە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بوونەتە ناوەندی ناڕەزایەتیی شەقام، ئەم ئاراستەیە نیشان دەدات. بۆ پێشڕەوی ئاخێزی ئێستا، ئەم ئاراستەیە پێویستە. چونکە ئەگەر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و چینی سەرمایەدار کە لە کەمینە دایە درێژەی هەیە، تەنیا بەو دەلیلەیە کە بێجگەلە بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و دامودەزگای فریو، هاوڕێیەتی یان لانیکەم بێ لایەنیی “چینی مامناوەند” و ئەو توێژانەی بەدەست هێناوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەدا نییە. هەڵبەت ئەگەر چینی کرێکار بتوانێ هێزی کۆمەڵایەتیی خۆی بەشێوەی ڕێکخراو بێنێتە مەیدانی خەباتی سیاسی، پشتیوانیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بەرەو خۆی ڕابکێشێت و لە پێگەی ڕێبەریی کۆمەڵگەدا دەرکەوێت، بێگومان بەخێرایی لەسەر ئاراستە و مەیلی ئەم توێژە کۆمەڵایەتییانە کاریگەری دادەنێت.
هەموو ئەوانەی باسیان لێکرا و ڕەوتی بارودۆخی سیاسیی ئێران نیشانی دەدات کە کۆمەڵگە کەوتووەتە پێگەیەکی شۆڕشگێڕانەوە. لەو جێگەوە کە شۆڕش گونجاوترین ڕێگای بەدەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکارە، چوونە ناو قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆمۆنیستەکان یەکجار گرنگە. واتە قۆناغێک کە دەرفەتی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی بورژوازی و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی فەراهەم دەکات. دیارە کەوتنە ناو پێگەیەکی شۆڕشگێڕانە بەتەنیا سەرهەڵدانی شۆڕش و سەرکەوتنی چینی کرێکار زەمانەت ناکات. بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشێک کە نیزامی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی شۆڕشگێڕانە بڕووخێنێ، چینی کرێکار بە دەسەڵاتی سیاسی بگات و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە نیزامی سەرمایەداری بخاتە دەستووری کارەوە، بێجگەلە ئەو ئاڵوگۆڕ و زەمینە بابەتی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە ئیرادەی حیزب و هێزە سیاسییەکان بەدەرە، پێویستە چینی کرێکار واتە لۆکۆمۆتیڤی سەرەکیی شۆڕش بەڕادەی پێویست ڕێکخراو و وشیار و بەهێز بێت تا بتوانێت ئەرکی مێژوویی خۆی بە سەرەنجام بگەیەنێت. ئەوە تەنیا بەس نییە کە چینی دەسەڵاتدار نەتوانێ وەک پێشوو درێژە بە دەسەڵاتی بدات، هەژاریی چینی ژێر دەست گەیشبێتە ئاستێکی لەتاقەت بەدەر و کرێکاران بەرەو مەیدانی کردەوەی ڕاستەوخۆ دژبە بارودۆخی زاڵ هەنگاویان هەڵگرتبێت، بەڵکوو جگە لەم پێشمەرجانە، پێویستە چینی کرێکار توانای ئەنجامدانی ئەرکی مێژوویی خۆی بەدەست هێنابێت. چینی کرێکار بە بێ خۆ سازماندان لەناو ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری و حیزبی سیاسیی کۆمۆنیستیی خۆی، بە بێ پێکهێنانی ڕێکخراو و پەرەپێدانی ناوەندی وەک کۆمیتەی مانگرتن و بە بێ پێکهێنانی شۆرای کرێکاری کە مانگرتن و خەباتی ئێستای کرێکاران هیدایەت و ڕێبەری بکات، ناتوانێ زەرفییەتەکانی خۆی بۆ پێکهێنانی ئەم ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیە بەکار بهێنێت.
لەئێستادا زاڵبوون بەسەر ئەم لاوازی و کەموکوڕییانە و ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ ڕێبەریی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە، ئەرکی قورس دەخاتە ئەستۆی چالاکان و ڕێبەرانی سۆسیالیستیی بزووتنەوەی کرێکاری و حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستەکان. کۆمۆنیستەکان کە داکۆکیکاری شۆڕشی بەردەوامن نابێ بۆ ساتێکیش لە ئەنجامدانی ئەم ئەرکانەیان غافڵ بن. پێویستە بە کرێکاران نیشان بدرێت کە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی خۆشبژێو و ئینسانی، لە ڕێژیمی سیاسی و نیزامی چینایەتیی زاڵ پێویستە تێپەڕن و گرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و بێدەسەڵات کردنی سەرمایەداران بخەنە دەستووری کارەوە. لەبەر ئەوەیکە پێشمەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی شۆڕش گەیشتووەتە قۆناغێک کە مەجالی هیچ باسێکی سەبارەت بە ڕێفۆرمی سیستماتیک و باشترکردنی ژیانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەژێر دەسەڵاتی سەرمایەدارانی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامیدا نەهێشتووەتەوە.
تەلەڤیزیۆنی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران