فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوشتاری ساڵی ٦٧ لاپەڕەیەکی ڕەش لە کارنامەی پڕ لە جینایەتی جمهوری ئیسلامی
پێنجشەممە ۲۰-۰۵-۱۴۰۱   |  11-08-2022

مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانان وەبیر هێنەرەوەی یەکێک لە جینایەتە دڕندانەکانی دەورانی دەسەڵاتداری جمهوری ئیسلامیە. ٣٤ سال لەمەوبەر لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ رژیمی ئسلامی دەستی دایە جینایەتێک کە هەتا ئێستاش ئاسەوار و سەنەدەکانی شاهیدی زیندوون بۆ بێڕەحمی و دڕندەیی مەقاماتی رژیمی ئیسلامی. خومەینی و دەستیارە کانی ئەسڵی، رەفسەنجانی، خامەنەیی، وڕٶحانی کە نیگەرانی بەرین بوونەوەی ئیعترازاتی کرێکاری و کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانن، بە دوای شکستە سەڕشٶڕانە و کۆنە پەرستانەکەیان لە شەڕی ئێران و عێراقدا بوون بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی وەگیان هاتوو لە چنگ شەڕ و فەلاکەتی ئابووری بەرنامەیان بۆ کوشتاری زیندانیان داڕشت. بە پێی وتەی عەلی ڕازینی رەئیسی سازمانی قەزایی هێزە چەکدارەکان لەو ساڵانەدا، فەرمانی کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیان لە ساڵی ٦٧ یەکێک لە چەند کاری گرینگی خومەینی لە دوایین ڕۆژەکانی تەمەنیدا بووکە بە وتەی ئەم کەسە “ڕێگای داهاتووی حەرەکەتی حکومەتی” دیاری کرد. پرۆژەی قەتڵ وعام و کوشتاری زیندانیانی سیاسی  لە زیندانەکانی ئێران لە ڕۆژی جومعە ٢٨ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٧، تەنیا ڕۆژێک دوای خواردنەوەی جامی ژەهری خومەینی و قبووڵی ئاگربەس لە شەڕی کۆنە پەرستانەی ئێران و عێراق  بە پێی بڕیاری خومەینی ڕابەری ڕژیمی ئیسلامی دەستی پێکرد. لەو ڕۆژەدا پەیوەندی زیندانەکانی ئەسڵی ئێران لە گەڵ دونیای دەرەوە بە تەواوی قەتع بوو و لە ماوەی ٢ مانگدا ئەو جینایەتە بەڕێوە چوو کە کۆمەڵگای ئێرانی بۆ چەندین سال لە ماتەمێکی مەرگ هێنەردا ڕاگرت.

بە پێی فەرمانی خومەینی هەیئەتێکی تایبەت کە دواتر بە هەیئەتی مەرگ ناوی دەرکرد، بریتی لە مورتەزا ئەشراقی(دادستانی ئەو کات)، ئیبراهیمی ڕەئیسی( جێگری ئەو کاتی دادستان) حسەینعەلی نەیری ( حاکمی شەرعی ئەو کات) و موستەفا بور محەمەدی( نوێنەری ئەو کاتی وەزاڕەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئەوین) پێکهات وبوون بە بەرپرسی بەڕێوەبردنی پرۆژەی کوشاری زیندانیانی سیاسی. لەو ڕۆژانەدا دەزگای کوشتار و جینایەتی ڕژیمی ئیسلامی هەزاران زیندانیی سیاسیان بە گرایشاتی جۆراوجۆری سیاسی نایە بە جوخەی ئیعدام. مونتەزری لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا بە پێی ڕاپۆرتگەلێک کە بە دەستی گەیشتبوو، ژومارەی کوژراوەکان بە ٢٨٠٠ تا ٣٨٠٠ کەس ناودێر کردوە و بەپێی راپۆرتگەلێکی دیکە لە نێوان ٥ تا ٦ هەزار ئینسانی موبارز و تێکۆشەر تەنیا بە خاتری پێداگری لە سەر بیرو وباوەڕیان گیانیان لە دەست دا. رژیم تەنیا داوی رۆژی ٦ی سەرماوەزی هەمان سال بنەماڵەکانی لە کوشاری ئازیزانیان ئاگادار کرد و دوای ئەو ماوەیە بوو کە خەڵکی ئێران لە وەڕێکەوتنی ئەو جینایەتە دژی بەشەریە لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئاگادار بوون. بە شوێن ئەم جینایەتەدا رژیم هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسی ئیعدام کراوی لە گٶرە بە کۆمەڵەکانی خاوەران دا دفن کرد. بەڵام ئەم پرۆژە هاو کات لە باقی شوێنەکانیتری ئێران ، لەوانە کوردستانیش بەڕێوە چوو بە چەشنێک کە ئەمڕۆ نەتەنیا قسە لە گۆلزاری خاوەران دەکرێ بەڵکو دەبێ باس لە گوڵزارەکانی خاوەران لە سەرتاسەری ئێران بکەین.

ئەمڕۆ لە ٣٤مین ساڵرۆژی کوشتاری زیندانیانی سیاسیدا بە هیمەتی خەباتکارانی سیاسی و دەربازبووانی قەتڵگاکانی ئەوین، ڕەجایی شهر، عادڵ ئاباد، دیزڵ ئاباد، و زیندانی سنە و جێگاکانی دیکە،  بە هیمەتی بزووتنەوەی دادخوازی دایکانی خاوەران و کۆمەڵانی ئازادیخوازی ئێران پەروەندەی جینایەتەکانی جمهوری ئیسلامی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە کەوتۆتە بەر بێرو ڕای گشتی خەڵک لە دونیادا. لە ژێر زەختی بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا حەمیدی نووری، دادیاری پێشووی زیندانی گەوهەر دەشت و یەکێک لە بەکرێگیراوانی جینایەتکاری ڕژیمی جمهوری ئیسلامی بە تاوانی بەشداری لە کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ دا لە دادگای ستوکهوڵم بە حەبسی ئەبەد مەحکوم کرا.  ئەمڕۆ لە ژێر فشاری بزووتنەوەی دادخوازی خەڵکی ئێران تەنانەت کارناسانی مافی مرۆڤیش ناتوانن زیاتر لەوە سەرپۆش بە سەر ئەو جینایەتە دڕندانەی رژیمی ئیسلامیدا بدەن. گروپێک لە کارناسانی مافی مرۆڤ لە سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان هوشداریان بە ڕژیمی جمهوری ئیسلامی داوە سەبارەت بە پەروەندەی کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ و وەک جینایەت لە دژی بەشەریەت بە حیسابیان هێناوە. بی هیچ شک و گومانێک تۆمار کردنی کوشتاری زیندانیانی سیاسی وەکو جینایەتی جمهوری ئیسلامی لە دژی بەشەریەت، دوو پات بوونەوەی لە دونیادا دژوارتر دەکات.

بزووتنەوەی دادخوازی لە دژی جینایەتی جمهوری ئیسلامی پێداویستیەکی حەیاتی موبارزە لە گەڵ ئەو رژیمە  جینایەتکارەیە و پێویستە درێژە پەیدا بکات. بزووتنەوەی دایکانی خاوەران سەرەڕای فشاری بێ ئەمانی سەرکوت، بەڕێوەجوونی ڕێ و ڕەسمی هەموو ساڵەی ڕێزگرتن لە قوربانیەکانی ئەم کارەساتە، کار و هەڵسووڕانی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوون بوونەوەی بەرینایی نەناسراوی ئەو کارەساتە ، وەڕێ خستنی دادگاکانی نومادین، ئاکسیونەکان و کەمپەینی تەبلیغی لە ساڵڕۆژی ئەم جینایەتەدا  و … هەموو ئەوانە پێویستیەکی دائیمی تا ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی جمهوری ئیسلامیە. تا ئەو کاتەی کە جمهوری ئیسلامی بە هێزی کۆمەڵانی خەڵک لە دەسەڵات دەکێشرێتە خوارەوە و سەرانی جینایەتکاری ئەم ڕژیمە لە دادگا خەڵکیەکاندا موحاکمە نەکراون، پێویستە بزووتنەوەی دادخوازی لە گەڵ بزووتنەوەی مانگرتنی کرێکاران و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئیعترازیەکانی بێ بەشانی شاری لێک هەڵپێکرێن.

 کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەڕێوەبەرانی ڕاستەو خۆ و ناڕاستەوخۆ و بڕیاردەەرانی ئەم جینایەتە نە لەبیر دەکەن و نە دەبەخشن. یادی گیانبەختکردوانی قەتڵ و عامەکانی ساڵی ٦٧ بۆ هەمیشە پیرۆز و زیندوو رادەگرین.