فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوشتنی ژنان ریشەی لە توندوتیژیی دەسەڵاتی دژەژن دایە
یەکشەممە ۰۲-۰۸-۱۴۰۰   |  24-10-2021
کوشتنی ژنان ریشەی لە توندوتیژیی دەسەڵاتی دژەژن دایە

ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٣ی مانگی رەزبەر ژنێکی لاوی ٣٩ ساڵ تەمەنی خەڵکی شاری سنە بەناوی لەیلا شەکیبا بەدەستی هاوسەرەکەی کوژرا. ناوبراو خاوەنی دوو منداڵە و بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە دەدرێتە بەر چەقۆ و گیانی لەدەست دەدا. لە رێکەوتی ١١ی رەزبەردا هەواڵێک لە ئێکانتی ئینستاگرامی یەکێک پزیشکانی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە بەناوی “ئیمان نەوابی”، سەرەنجی زۆر کەسی بەرەو قەتڵی ژنێکی دیکە بەناوی فائیزە مەلێکی نیا راکێشا و ئەم پۆستە پاش ماوەیەک بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆسەر ئەم پزیشکە، سڕدرایەوە. فائیزە مەلێکی نیا، ٢٢ ساڵان و خەڵکی ئاوایی کۆرکۆرە (یان دەوڵەت ئاباد)ی هەڵکەوتوو لە دەورووبەری شارستانی سنە بوو. ئەنجومەنی ژنانی ژیوانو لە دیفاع لە مافی ژنان لە راپۆرتێکیدا نووسیی: “لە ماوەی رۆژانی رابردوودا بنەماڵەی مەلەکی نیا لە ئاوایی دەوڵەت ئاباد رایانگەیاندووە کە فائیزە تووشی خەمۆکی بووە و خوی کوشتووە. ئەمە سێناریۆیەکی تازە نییە. چالاکانی مافی ژن و مافی مرۆڤ، گەلێک جار شایەدی ئەم گۆڕینی رووداوانە بوون و زۆرێک لە ژنکوژییەکان بەناو خوکوژییەوە پاساو دەکرێن.” لە درێژەدا هەر ئەم ئەنجومەنە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی بەیانیەیەکەوە رایگەیاند کە “توندوتیژی دژبە ژنان سیستماتیکە و ژنکوژی، بانتر لە هۆکارە تاکەکەسییەکانە. بە بێ گۆڕانکاریی سیستماتیک، ژنکوژی هەروا درێژەی دەبێت.”

بە وتەی هێندێک لە کەسانی نزیک لەم بنەماڵەیە دایک و باوکی فائیزە چەندین ساڵ لەمەوبەر لە یەکتر جیا بوونەتەوە و فائزە بە زۆری باوکی لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەنتر لە خۆی هاوسەرگیری دەکات. بە پێی راپۆرتی چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، سەرەڕای حاشالێکردن لە کوشتنی فائیزە و پەیگیری نەکردنی کاربەدەستانی قەزایی، سووتانی ناوبراو بەدەستی باوکی بۆ زۆریان ئاشکرایە. چەند رۆژ پاش مەرگی فائیزە لە رێکەوتی ١٤ و ١٥ی مانگی رەزبەر ژومارەیەک لە چالاکانی داکۆکیکاری مافی ژن لە شاری سنە و مەریوان لەڕێگەی بەدەستەوەگرتنی پلاکارد بە ناوەرۆکی: “ئێمە هەموویان فائیزەین”، “نا بۆ کۆنەپەرستی، نا بۆ دژەژن بوون”، “پێویستە کۆمیتەی ژنانی گەڕەکان پێک بێنین”، “مافی ئینسانیی من باس هەڵنەگرە”، دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.

بۆ کۆمەڵگا ئاشکرایە کە رژیمی ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنێوە، هێرش بۆ سەر شۆڕشی ئێرانی لەڕێگەی سەرکوتی ناڕەزایەتیی ژنانەوە دەستپێکرد. یاساکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی توندوتیژی دژبە ژنان لە کۆمەڵگادا جێدەخات و پەرەی پێدەدات و بەزەبری هێزی سەرکوتگەر بەکردەوەی دەردێنێت. ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان لە ئێران پەسەندکردنی یاسا دژبە ژن، بە ئەنجامدانی ئەحکامی ئیلاهی لەقەڵەم دەدەن و جێبەجێ کردنی ئەم یاسایانە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگەی ئیسلامی بە زەرووری دەزانن. بە پێی ماددەی ١١٠٥ی یاسای مەدەنی حکوومەتی ئێران، لە پەیوەندیی نێوان دوو هاوسەردا، پیاو سەرۆکی بنەماڵەیە و تەنانەت شۆرای نیگەهبان بڕیاری داوە کە ژن بە بێ ئیزنی شووەکەی ناتوانێ لە ماڵ بڕواتە دەر. پەیامێکی دیکەشی ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەی پیاومەزندا، ژنان لە چوارچێوەی بنەماڵەدا دەبێ لەژێر کۆنتڕۆڵی پیاودا بن. هەر لەسەر ئەم بنەمایە کوتەککاریی ژنان بە پێی یاساکانی شەرعی ئیسلامی رێگەپێدراوە. یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران نە تەنیا بەربە کوشتنی ژنان ناگرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە یاسا ئیسلامییەکان بەستێنی دەست بردن بۆ هەموو جۆرە جەنایەتک دژبە ژنان و کچانن. قەتڵی نامووسی، هاوسەرگیریی پێشوەخت، منداڵ هاوسەری و بووژاندنەوەی یاسای سزادانی ئیسلامی لەسەر بنەمای هەڵاواردنی رەگەزی و نیوەی پیاو بەحیساب هێنانی ژن، لە توندوتیژیی بەدامودەزگا دەرهاتووەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم یاسایانە دەستی پیاویان بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ئاواڵە هێشتووەتەوە. لەم یاسایانەدا بۆ کەسانک کە قەتڵی نامووسی ئەنجام دەدەن، رێگای دەرباز بوون لە سزای قورس لەبەرچاوگیراوە.

لە راستیدا بەدامودەزگا دەرهاتنی توندوتیژیی دەوڵەتی دژبە ژنان بەستێنێکی گونجاوی بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی لەدژی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و قەتڵی نامووسی خوڵقاندووە. هەر بەم ئیعتبارە توندوتیژی دژبە ژنان بە هەموو نەهامەتییەکانییەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی دیکە پێویستە بەسێنی دووبارە بەرهەمهاتنەوەی بناسرێت و بە پێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوە رێکخراو لەئاست کۆمەڵایەتیدا، ژنان و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤی ئازادە و بەرابەریخواز بێنە مەیدان. نابێ رێگە بدرێت قەتڵی لەیلا شەکیبا بەدەستی هاوسەرەکەی و قەتڵ فائیزە مەلێکی نیا بەدەستی باوکی بە بابەتێکی شەخسی، بنەماڵەیی، قەومی و فەرهەنگی و مەزهەبی لەقەڵەم بدرێت و قاتڵان لە بەدواداچوون و سزادان لە ئەماندا بن. بەڵام بێگومان ئەگەر دەست بۆ ریشە بەرین کۆماری ئیسلامی و ئەو نیزامە چینایەتییەی کە پارێزەری ئەم باروودۆخەن هۆکاری سەرەکیی ئەم جەنایەتەن. هەربۆیە خەبات دژبە قەتڵی نامووسی و خەبات بۆ لەناوبردنی توندوتیژی دژبە ژنان و هەڵوەشاندنەوەی ئاپارتایدی جنسییەتی بەشێکی جیانەکراوە لە خەباتی دژبە سەرمایەداری و خەبات لەدژی دەوڵەتی مەزهەبییە. لەم روانگەوەیە کە لەناوبردنی بەستێنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی توندوتیژی دژبە ژنان و قەتڵی نامووسی لە مەسیری ناڕەزایەتیی لێبراوانە دژبە دەسەڵاتی سەرمایەداری مەزهەبیی لە ئێران و لە مەسیری رووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئسیلامییەوە تێپەڕدەبێت.