کچێکی لاو بە ناوی “ڕۆژین عەزیمی”، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە بەپاساوی پاراستنی نامووس لەلایەن براکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ١٣ی جۆزەردان، ڕۆژین عەزیمی، لە ماڵی خۆیان لە گوندی “ئاخکەند”ی شاری دیواندەرە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن براکەیەوە بە لێدانی چەکوش و تەور کوژراوە. دایک و باوکی ڕۆژین عەزیمی لەگەڵ براکەی بە ناوی ئاراش، دوای کوشتنی کچەکەیان دەستبەسەر کراون و هەنووکەش دایکی ئەم کچە قوربانییە لاوە ئازاد کراوە، بەڵام باوک و براکەی تاکوو ئێستاش هەر لە دەستبەسەرگەدان. هەر لەو پەیوەندییە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژنێکی لاو لە شاری ئیلام و لەلایەن باوکە تەمەن ٦٨ ساڵەکەیەوە بە لێدانی چەندین خشتی کوورەیی کوژرا و پاشان دوای ئەوەی کە بکوژەکە دەستبەسەر کراوە، پاساوی ئەو کوشتنەی بۆ “کێشەی خێزانی” گەڕاندووەتەوە.