فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژرانی لاوێکی خەلکی لۆرستان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە
پێنجشەممە ۲۴-۱۲-۱۴۰۲   |  14-03-2024

لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری بروجن لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری و دانیشتووی شاری ئیسفەهان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بەسەختی بریندار بووە و دوای چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٩ی ڕەشەمە، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە دووڕێیانی شاری “چەمەنسوڵتان”ی سەر بە ناوچەی ئەلیگودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستان، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و هاووڵاتییەک بە ناوی، نیگار کەریمیان و تەمەن ٢١ ساڵ بەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کەریمیان، ئەم بنەماڵەیە لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی خاڵۆیان لە گوندی “فەرسەش”ی ئەلیگودەرز بۆ ئیسفەهان، لە دووڕێیانی شاری “چەمەنسوڵتان”ی سەر ئەلیگودەرز، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ هیچ هۆکارێک ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمۆبیلی بنەماڵەی کەریمیان کردووە کە پژۆیەکی جۆری ٤٠٥ بووە و گوللە بەر دەرگای لای پاڵ شۆفێرەکە کەوتووە کە بەم هۆکارەشەوە خاڵیگەی نیگار پێکراوە و لە لاکەی تری جەستەیەوە گوللەکە دەرچووە. هەر لەم دەستڕێژەدا باوکی نیگار کەریمیان بریندار بووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە نیگار کەریمیان پاش پێکرانی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “ئیمام سادقی”ی ئەلیگودەرز و دوای سێ کاتژمێر مانەوە لەو نەخۆشخانەیە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە. کەسێکی دیکەی نزیکی ئەو بنەماڵەیە لەم پەیوەندییەدا ڕاگەیاندووە: “ئەندامەکانی هەناوی نیگار بە شێوەیەک لەتمەیان دیوە کە بەتەواوەتی تێک چوون و پزیشکەکان وتوویانە بەکەڵکی ئەوە نایەن ببەخشرێتە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەو ئەندامانەیە”.
دوای کوشتنی نیگار کەریمیان، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بە هەڵە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی ئەوان کردووە.
شایانی باسە، ڕێوڕەسمی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی نیگار کەریمیان ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەشەمە لە گۆڕستانی باخی ڕزڤانی شاری ئیسفەهان بەڕێوە چووە.
پێشتریش، واتە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٩ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لە شاری برووجێردی سەر بە پارێزگای لوڕستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و بەم هۆکارەوە کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی شاری کۆیەشت بە ناوی “ئەناهیتا ئەمیرپوور” کوژراوە.