فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژرانی ژنێکی لاو بەدەستی هاوژینەکەی لە کەنگاوەر
یەکشەممە ۰۳-۱۰-۱۴۰۲   |  24-12-2023

ژنێکی لاوی خەڵکی شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا. ناوی ئەو ژنە قوربانییەی توندوتیژی خێزانی هەتا ئێستا نەزانراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پیاوێکی خەڵکی کەنگاوەر هاوژینەکەی خۆی لەو شارەدا کوشتووە و چەند ڕۆژ دوای هەڵاتن و خۆشاردنەوە لە لایەن هێزەکانی ئینتزامییەوە دەستبەسەرکراوە. ڕۆژنامەی ئافتاب، بە بێ خستنەڕووی هیچ چەشنە زانیارییەکی ورد، وەکوو زۆر یەک لە پێگە هەواڵییەکانی دیکەی ناوخۆی ئێران، چەمکی “کێشەی خێزانی” بۆ ئاماژەکردن بە هۆکارەکانی کوژرانی ئەو ژنەی بەکار بردووە. ئەو چەمکە دەتوانێت بریتی بێت لە حاڵەتگەلێکی وەکوو کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس. پێویستە بوترێ کە سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری توندوتیژی خێزانی و ژنکوژی، پاڵپشتی کردن لە نیزامی پیاوسالارییە. ئەو سیاسەتە بە بێ سزاناساندنی توندوتیژی خێزانی و هاوڕیز نەبوونی سزادانی تاوانکاران لەو بوارەدا، و هەروەها پاڵپشتی نەکردن لە ژنان لە بەرابەر توندوتیژیدا، بووەتە هۆی زۆرتربوون و ئاسایی بوونەوەی ئەو تاوانە کە دژ بە ژنان ئەنجام دەدرێت.