کوژران و برینداربوونی چوار ئەندامی سپای پاسداڕان لە شاری بۆکان
شەممە ۰۱-۱۱-۱۴۰۱   |  21-01-2023
بەپێی هەواڵەکان لە شاری بۆکان، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە گوندی ناچیت، چوار ئەندامی سپای پاسداڕان کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١ی ڕێبەندان، شەڕ و تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نزیک گوندی ناچیت سەر بە شاری بۆکان، لەنێوان هێزەکانی سپای پاسداڕان و گرووپێکی چەکداری نەناسراو ڕوویدا. شایانی باسە، لەم تێکهەڵچوونەدا لانیکەم ئەندامێکی سپای پاسداران کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون و بۆ نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان گواستراونەتەوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ حیزب و لایەنێک بەرپرسایەتی ئەم هێرشانەی بە ئەستۆ نەگرتووە و هیچ کام لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕژیمیش هیچ هەواڵێکیان لەوبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە.