کچێکی ١٩ساڵ تەمەن سزای ٥ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا
چوارشەممە ۰۷-۱۰-۱۴۰۱   |  28-12-2022
دادگای تاوانەکانی ئیلام، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەر نیگار داوودی، لە دەستبەسەرکراوانی ئاخێزی جەماوەریی ئەو شارە، سەپاند.
ئەو سزایە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی گشتی” و “پڕوپاگەندە دژی نیزام” لەلایەن دەزگای دادی ڕژیمی ئیسلامیەوە بەسەر ناوبراودا سەپاوە. سەپاندنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە، کە نیگار داوودی حەوتووی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد بوو.
نیگار داوودی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی ئیلام، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندی ئیلام گواستراوبووەوە.