فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە ١١ پارێزگای ئێران بەڕێوە چوو
چوارشەممە ۱۵-۰۶-۱۴۰۲   |  06-09-2023

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە ١١ پارێزگا لە ئێران، بەڕەواڵی هەموو ڕۆژانی سێشەممە بەڕێوە چوو. ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانان، کۆمەڵێک لە ماموستایانی خانەنشینکراو و خانەنشینکراوانی دیکە لە سەرتاسەری ئێران، بۆ جارێکیتر و بەپێی ناڕەزایەتیی ڕۆژانی سێشەممە و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە خراپیی بارودۆخی ژیان و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، لە بەردەم بینای سندوقی خانەنشینیی کشوەری لە ناوەندی پارێزگاکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. گردبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینکراوان و بەتایبەت مامۆستایان لە شارەکانی “سنە، کرماشان، ساری، تاران، کەرەج، ڕەشت، قەزوین، تەورێز، هەمەدان، یەزد و ئەهواز” بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوانەدا خانەنشینکراوانی ناڕازی دروشمەکانی وەک: “خانەنشین هەستەوە، دژی زوڵم و هەڵاواردن”، “وێکچوویی حەقدەست مافی ئێمەیە” و “خانەنشین وشیارە لە هەڵاواردن بێزارە”یان وتەوە. هەرەها لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینکراواندا دروشمی “مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت”، وترا و خانەنشینکراوان خوازیاری ئازادکردنی خێرای مامۆستایانی دەسبەسەرکراو لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە بوون. شایانی باسە کە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی شۆڕشی “ژینا”دا، خانەنشینکراوان بە دروشمی ” دەردی ئێمە دەردی ئێوەیە، خەڵکینە لەگەڵمان بن”، خوازیاری پەیوەست بوونی خەڵک بەو کۆبوونەوانە بوون. خانەنشینکراوان جارێکی دیکە جەختیان کردەوە کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و چارەسەرکردنی بارودۆخی خراپی ژیانیان بەردەوام دەبن.