ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، خانەنشین کراوانی تەئمین ئیجتماعی شووش، کەرخە، حەوت تەپە، ئەهواز، مەشهەد، دزفوول و کرماشان، لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان، بۆ جارێکی دیکە دەستیاندایە کۆبوونەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، خانەنشین کراوانی تەئمین ئیجتماعی شارەکانی، شووش، کەرخه، حەوت تەپە، لە ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی نالەباری ژیانیان و پێڕانەگەیشتن بە خواستەکانیان، بە رێپێوان لە ئاستی شاری شووش و وتنەوەی درووشمی “تەنیا لە شەقامەکان وەدی دێت مافەکانمان” سەر لەنوێ لە بەرامبەر بینای تەئمین ئیجتماعی ئەمشارە، دەستیاندایە کۆبوونەوە و خوازیاری وەڵامدانەوەی بەرپرسان بە کێشە و گرفتەکانیان بوون. هەروەها خانەنشین کراوانی تەئمین ئیجتماعی کرماشان، بە وتنەوەی چەندین درووشمی وەک “خانەنشین هاوار کە مافەکانت وەرگرە”، “خانەنشین کراو دەمرێت، زەبوونی قەبووڵ ناکات”، “دەوڵەتی ئیفلاس هێناوە، تاکە دوژمنی ئێمە”، “وڵاتی پڕ داهات، چیت بەسەر هات”، “دانی نیوە حەقدەست، دەستکەوتی بێدەنگی ئێمه” و “دەوڵەت خیانەت دەکات، مەجلیس حیمایەت دەکات”،بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای تەئمین ئیجتماعی ئەمشارە، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان بوون. لە لایەکی دیکەوە خانەنشین کراوانی دزفوول و مەشهەد بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر بینای تەئمین ئیجتماعی ئەمشارانە و وتنەوەی چەندین درووشمی وەک “نە دەوڵەت نە مەجلیس، نین لەبیری ئێمە”، ” داخوازی ئێمە لە ئێستادا، دابین کردنی ژیانە و دەرمان” و “ژیانی ئینسانی مافی سەرەکی ئێمەیە”، لەئاست وەڵام نەدانەوەی بەرپرسان بە کێشەکانیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە.